ژنانی ڕەققە بە کارکردن لە کەرتی پیشەسازیدا بژێوی خۆیان دابین دەکەن

ژنانی ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەو ڕێگرییانەیان شکاند کە هەندێک پیشە دیاری دەکات بۆ پیاوان، کە پێیان وایە تەنها پیاوان لە کارگەی پیشەسازی و خۆراکدا دەتوانن کار بکەن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا ئێستا دەتوانن بەربەستی کۆمەڵایەتی بشکێنن و لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن، کردنەوەی زۆرێک لە کارگەی پیشەسازی و خۆراک لە ڕەققە بەشداریان کرد لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، یەکێک لەو کارگانە کارگەی “ملاح" کە ساڵێک لەمەوبەر دامەزراوە.

 

فاتمە قاسم، کرێکارێکە کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە عێراق ئاوارە بووە، وتی: بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵ و خێزانەکەم دەستم بە کار کردووە هاوژینەکەم لە بازاڕێکی سەوزەواتدا کاردەکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەو کرێیەی کە وەریدەگرێت پێداویستی ماڵ دابین ناکات بۆیە بڕیارمدا دەست بکەم بە کار.

 

سەبارەت بە هۆکاری ئاوارەبوونی لە عێراق ڕوونیکردەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق بەهۆی داعشەوە ئاوارە بووە، وتی: لەو ماوەیەدا ترسناکترین پێشێلکاری ئەنجامدرا لە ئەنجامی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایش، ناوچەکەمان پارێزراو نەبوو بۆیە ناچار بووین بەرەو سووریا هەڵبێین و چووینەڕەققە بەدوای سەقامگیریدا گەڕاین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شوێنی کارەکەیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە بەو پێیەی پێویستی بە وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێوە هەیە، ئەمەش وایکردووە تووشی ئازار و گرژبوون لە مل، پشت و دەستەکانیدا ببێت، هەروەها کاتژمێرەکانی کارکردن زۆرەو کرێی کەم وەردەگرن.

 

"ژنان بەربەستەکانی کۆمەڵگەیان شکاند و خۆیان بەرەوپێش برد"

تەسنیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ خوشکەکەی لە کارگەکەدا کاردەکەن، وتی: بەهۆی ئەوەی خوشک و برامان نییە و دایک و باوکم بەساڵاچوون، ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە بژێوی ژیانی خێزانەکە دابین بکەین بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانمان، لە کارگەکەدا لەسەر تەرازووەکە دەوەستم بۆ کێشانی کیسەکان.

 

وتیشی: ژنان بۆ ماوەی چەندین ساڵ تووشی پەراوێزخستن و چەوساندنەوە بوون بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتییە هەڵەکانەوە کە بێبەشیان کردبوون و ڕێگریان لێدەکردن لە بواری کارکردن و خوێندن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین ژنان توانیویانە ئەو بەربەستانە بشکێنن کە کارەکانیان لەناو ماڵدا سنووردار دەکرد، لەڕێگەیەوە بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا زیاد بکەن، دەبێت هەموو ژنان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن.