لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ژنانی کرێکار لەژێر بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەن

بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە شاری سەردەشت، ژنان لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان بۆ دروێنەکردنی نۆک، ڕۆژانە ٢٠٠ کیلۆمەتر بە مینی پاسە کۆنەکان دەڕۆن و لە ژێر بارودۆخێکی مەترسیدار و سەختدا کار دەکەن.

نەسیم محەمەد خا

 

بۆکان-کرێکارانی وەرزی لە ناوچەی سەردەشتی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان کردووە بە دروێنەکردنی نۆک، زۆربەی ئەو ژنانە بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، ڕۆژانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کرێکار زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر بە مینی پاسە کۆنەکان دەڕۆن، ژنانی کرێکار دەچنە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی شارەکانی مەهاباد و بۆکان و دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر خۆری گەرمدا دەچنەوە ماڵەکانیان.

 

ئەمەش لە بارودۆخی سەختدا، بەبێ پارەی بیمە و دەرفەتی گونجاو، لە ژێر بارودۆخی کارکردنی سەخت و کەمی مووچەدا ئەنجام دەدرێت، کرێکارانی کشتوکاڵی کە هەموو شەوێک کاتژمێر ٠٣:٠٠ بەهۆی دووری مەودا لە خەو هەڵدەستن، پێش ئەوەی بگەنە ئەو کێڵگەیەی کە کاریان تێدا دەکەن، لەناو مینی پاسەکاندا ماندوو دەبن، هەروەها ئەو ڕووداوانەی لەسەر ڕێگا سەختەکان ڕوودەدەن، ژیانی کرێکارانی کشتوکاڵیش دەخاتە مەترسییەوە.

 

بەبێ تۆمارکردن کاردەکەن

 یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکان بۆ ئەو کرێکارانەی کە لە نێوان کاتژمێر ٠٥:٠٠ بۆ ١٦:٠٠ کار دەکەن، نەبوونی بیمە و مافە، بەو پێیەی بە فەرمی وەک کرێکار تۆمار نەکراون، ناتوانن سوود لە هیچ پشتیوانییەک وەربگرن، ئەم بابەتە بە تایبەتی بۆ ئەو ژنانە گرنگە کە لە ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت لە ئێران بە گشتی مووچەیان کەمترە لە پیاوان، هەرچەندە ژنانی کرێکار هەمان کار یان زیاتر لە پیاوان ئەنجام دەدەن، بەڵام زۆرجار مووچەی کەمتریان پێدەدرێت، هەروەها کرێکارانی وەرزی دەبێت هەموو پێداویستیەکانی کارکردنی خۆیان دابین بکەن، لەوانەش خواردن و جلوبەرگی کار.

 

"نزیکەی سێ کاتژمێر بەپێ دەڕۆین"

بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، هیچ کارێکی گونجاو بۆ ژنان لە ناوچەی سەردەشتدا نییە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە سەردەشت، زۆرێک لە ژنان ناچارن بۆ کار ڕوو لە شارەکانی دیکە بکەن، سەدان ژن لە کاتی دروێنەکردنی نۆکدا دەچنە شاری بۆکان بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کرێکار و چالاکوانێکی مەدەنی بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد سەبارەت بە دۆخی ئەو کرێکارە وەرزییانەی کە دەچنە شارەکانی تر بۆ کۆکردنەوەی نۆک.

 

هێرۆ.س، تەمەن ١٧ ساڵ، کە لە شارۆچکەی هەربەت سەردەشت نیشتەجێیە، ئەو سەختییانەی لە کشتوکاڵدا تووشی بووە بەم شێوەیە باسی کرد: ئەمساڵ لەگەڵ دایکم بڕیارمدا نۆک کۆبکەمەوە، ساڵانی ڕابردوو باوکم جووتیار بوو، کشتوکاڵمان نەدەکرد، بەڵام ئەمساڵ باوکم بریندار بوو، ناتوانێت کار بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەمساڵ من و دایکم پێکەوە چووینە کۆکردنەوەی نۆک. هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٠٣:٠٠ لە خەو هەڵدەستین، لەگەڵ کرێکارانی دیکەی گەڕەکەکەدا کۆدەبینەوە و سواری مینی پاسەکان دەبین، بەزۆری نزیکەی سێ کاتژمێر لە گوندی مەهاباد و بۆکانەوە گەشت دەکەین تا دەگەینە ناوچەی خەلیفان، خاوەن کێڵگەکان سەهۆڵ و ئاوی ساردمان بۆ دەهێنن، نانی بەیانی و نیوەڕۆمان لە ماڵەوە دەبەین، نزیکەی کاتژمێرێکمان هەیە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ و نیو کاتژمێریشمان هەیە بۆ نانی بەیانی و پشوودان. دوای ڕۆژێکی ماندوو، کاتژمێر ١٦:٠٠ کارەکانمان تەواو دەکەین و دواتر سواری مینی پاس دەبین و دەگەڕێینەوە ماڵەوە.

 

"ئەو کرێیەی کە بەدەستی دەهێنن زۆر کەمە"

سەبارەت بە بارودۆخی گوزەرانی کرێکاران، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی، شیدا ن، وتی: کرێکاران ناچارن بە مینی پاسەکان زیاتر لە ٤ بۆ ٥ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە دەرەوەی کاتەکانی کارکردنی قورس گەشت بکەن, منداڵانیش لەم کارەدا کار دەکەن و وەک منداڵانی کرێکار سەیر دەکرێن، بەڵام مووچەی ئەو کرێکارانە زۆر کەمە و لە دەوروبەری ٦٠٠ هەزار تمەنە، کرێکارەکان خواردنەکانیان لە ماڵەوە دەهێنن و تەنانەت ئەو دەستکێشانەش دەکڕن کە بۆ کار بەکاریدەهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی کارکردنی کرێکاران پێویستی بە گرنگیدان و پاڵپشتی زیاترە و وتی: دابینکردنی دامەزراوەی فریاگوزاری کۆمەڵایەتی و بیمە و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کارکردنی ئەو کەسانە، هەروەها زیادکردنی وەبەرهێنانەکان لە ناوچەی سەردەشت دەتوانێت هەلی کاری زیاتر بۆ ژنان دابین بکات و ڕێگری لە کۆچی زۆرەملێ بۆ شارەکانی دیکە بکات.