گورەنام جەلیل لە منداڵییەوە کشتوکاڵ دەکات و بژێوی ژیانی لەسەریەتی
لە گوندەکاندا کشتوکاڵ و بەروبوومەکان بەدەستی ژنان دەکرێت و بژێوی ژیان دابین دەکەن، گورەنام جەلیل کە لە منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵ کردنە هانی ژنان دەدات کار بکەن.

شیا کۆیی
کۆیە-ژنانی گوند ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە بونیادنانی کۆمەڵگەی گوندنشینەکان و پێشخستنی ئابووری کشتوکاڵیدا، ئەوان بە دەستی نەبیندراو دادەنرێن کە زەوی دەچێنن وكشتوكاڵ دەکەن، سەرەڕای بارودۆخی سەخت پشتگیری خێزانەکە یان دەکەن، ئەوان جگە لە گرنگی بە ماڵ و منداڵ، دەست بۆ کێڵگەکان درێژ دەکەن، بە بێدەنگی و بە ئیرادە کار دەکەن، سەرەڕای هەوڵە گەورەکانیان، ژنە جووتیارەکان بەردەوامن لە بەدەست پەراوێزخستن و بەشداریکردنیان لە گەشەپێدانی کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو دادپەروەری.
گورەنام جەلیل، ژنێكی بەتوانا وەك خۆی ئاماژەی پێکرد لەوەتەی هەیە كاری كشتوكاڵ دەكات و لەگەڵ هاوژینەکەی هەموو رۆژ لە شارەوە دەچێتە گوندەكەیان بۆ راپەراندنی كارەكانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی وشكە ساڵییە بۆ ئەمساڵ بەروبوومی كشتوكاڵی بە تایبەت دانەوێڵە زیانی زۆری بەركەوتووە.
ئەو گوندەی گورەنام کشتوکاڵی لێدەکات، گوندی "قولقوڵە"یە سەربەشارەدێی ئاشتیە ٢٥ كیلۆمەتر دوورە لە كۆیە، لەسەردەمی رژێمی بەعس چەند جار تۆپباران كراوە وخەڵكیان شەهید بووە. تا ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفالەكە بەتەوای چۆڵكراو خەڵكەكەی ڕوویان لە شار کرد، بەڵام لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دووبارە گوندەكان ئاوەدان بوونەوە بەشێكی خەڵكەكە چونەوە گوند. ئیستا نزیكەی ٣٠ ماڵی تێدایە، پیشتر زۆربەی كشتوكاڵی دەكرد بەڵام ئیستا بەهۆی كەم ئاوی تەنیا بەشێكی سەرقاڵی كاری كشتوكاڵن وبەشیكی موچەخۆرن، ئەو بەرهەمە كشتوكالیانەی هەیانە "گەنم ، پیاز، فاسۆلیا، بیبەرو لۆبیاو بامێ"ن، هەروەها سەرقاڵی ئاژەڵداری، وبەخێوكردنی ماسیین.
بەهۆی هاوردەکردنەوە بەروبوومی خۆماڵی گرنگی پێنادرێت
گورەناەم دەربارەی کارەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو گرفتەكانیانی خستەڕوو، هەروەها هانی ژنان دەدات كە كاربكەن وتی: من لە منداڵیەوە كاری كشتوكاڵ دەكەم، کە هاوسەرگیریم کرد، بەهۆی ئەوەی ئێمە هیچمان دانەمەزراوین و موچەمان نییە، لەگەڵ هاوژینەکەم هەر بەردەوام بووم لەكارەكەم، هەرچەندە ئێستا ماڵمان لەشارە بەڵام هەموو رۆژ بەیانیان دێین و ئێواران دەڕۆینەوە، وزۆر دڵخۆشم لەئیشەكەم چونكە كشتوكاڵ کارێکی حەڵاڵە وخاوێنە بەحەڵاڵی كاسپی دەكەین، پیش ئەوەی ئەنفالەكە ببێت تا پۆلی دووی سەرەتایی چوومە خوێندنگە، گوندەكەمان وێران بوو هاتینە شار نەچومەوە خوێندن، سەبارەت بە كارەكانی ئێمە پیاز و تەماتەو فاسۆلیا و لەگەڵ دەغڵ ودان، بەڵام گەنمەكەمان ئەمساڵ نەبوو فاسۆلیاكەشمان هەروشك بوو، بەهۆی بێ بارانی ئاو نییە، تەنیا پیازەكەمان باشبوو، یەڵام ئەویش نرخی نییە بەهۆی ئەوەی هاوردەكردن زۆرە و پیازی ئێرانی زۆرە، گەر ئەو سنوورانە دابخرێن كاتی بەروبوومی خۆمانە دەگات، جوتیار ئەوها زیانی بەرناکەوێت، ئێمە ئەو هەموو پیازەمان كردووە هیچ ناكات تا بیفرۆشین، لەناو خاك بەهۆی گەرما دەڕزێت.
"گەر حکومەت هاوکار نەبێت ساڵی داهاتوو گەنم داناچێندرێت"
وتیشی: ئێمە زەوی بە ئیجار دەگرین و پەینی كیمیایی دەكڕین، جگە لەو هەموو خەرجییە ئەمسا\ل نزیكەی ٩ ملیۆن دینامان خەرج كردووە لە داچاندنی گەنم كە هیچی نەبوو، تەنیا دوتەنمان بووە ئەوەش كە بەبیر ئاومان دابوو، گەرحكومەت هاوكارنەبێت و بۆ ساڵی داهاتوو گەنم دابەشنەكات كەس ناتوانێت گەنم داچێنێت، وەك خۆم ناتاونم گەنم بكڕم بەم شێوەش گوندەكان یەكجاری چۆڵ دەبن وكشتوكاڵ نامێنیت، بۆیە داوكارین حكومەت هەندێك لەو فشارەی لەسەرمانە كەم بکاتەوە، چونكە ناتوانین گەنم بکڕینەو.
"ئەمساڵ زۆر زیانمان بەرکەوت"
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی پیازی گوندەكەی ئێوە بەناوبانگە لەوەی باشترین پیازە؟ گورەنام وتی: بەهۆی ئەوەی خاكەكەی باشە و خەڵكەكەشی لێی دەزانێت، لە كۆنەوە خەڵكی ئەو گوندە پیازدەكەن، ئاو هەبوو بەڵام ئەوەش زۆر كەم بووە جاران هەموی پیازمان دەكردم ئێستا ٥ بۆ ٦ ماڵ پیاز دەكەین، ئیمە ئەمساڵ زۆر زیانمان كرد لە پیاز بەهۆی بێ ئاوی و قیمەت ناكات.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنانی گوند ڕەنجدەرن و وتی: بێگومان ژنانی گوندی زۆر ماندوون بەهەمو شێوەك هاوكارەو كاردەكات لەكاری دەری و ماڵیش و ئەوەی مەڕوماڵاتی هەبێت، من ماڵم لە كۆیەیە بەڵام لێرە نیمچە ماڵێکمان هەیە، وەك خۆم هەموو ڕۆژێک لەگەڵ هاوژینەکەم دێمە گوند بەڵام منداڵەكانم ناهێنم، ئێواران كەدەرۆینەوە زۆر خۆشە ماندوو بونت دەحەسێتەوە كە دەبینی بەرهەمێكت هەیە ماندوو بوونت بیردەچیتەوە، جاران ئیشەكان بەهەرەوەزی بوو لەگوندەكان، ئێستا هەركەسەو بۆخۆی ئیش دەكات، كەس حەقی بەسەر كەسەوە نییە، جاران پێكەوە پیازمان دەچاند و بژارمان دەكرد، دروێنەی نۆكمان دەكرد پێكەوە، دەستەواوی بوو ئێمە بۆ ئەوان دەچوین ئەوانیش بۆ ئێمە دەهاتنەوە ئیش، ئەوهاش ئیشەكە خۆشبوو زۆر دەبوین، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، لەم گوندە نزیكەی ٤٠ ماڵ هەیە بەڵام تەنیا چەند ماڵێكی كەم ئیشی كشتوكاڵ و بەخیوكردنی مەڕوماڵات دەكەن، زۆربەی موچە خۆرە كارناكات، گرفتی زۆرمان هەیە یەكێک لەوانە شەقامەکان وێرانە هەموو رۆژ دەڵێم دەبێت كەی بێت بۆمان قیڕ بكەن، چونكە چەند ساڵە كەمێكیان كردو ئەوەی دیكەیان بەجێهێشت بەناتەواوی، زۆر ناخۆشە.