"لە بواری پیشەسازی نیمچە قورسدا، بوونی ژنان دەردەکەوێت"

میدیا نیعمەتی، پسپۆڕی دیجیتاڵ مارکێتینگ بەشداری پێشانگای "ئارد، نان، شیرینی و شوکولاتە"ی کرد کە لە شاری کرماشان کرایەوە و ڕایگەیاند، بەراورد بە ڕابردوو، بوونی ژنان لەو پیشەسازییەدا زیادی کردووە.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- پێشانگای "ئارد، نان و شیرینی و شوکولاتە" کە لە ٢ی تەمووز لە پارکی شەهید لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە، تا ئەمڕۆ ٦ی تەمووز بەردەوام دەبێت و لە نێوان کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ٢١:٠٠ کراوە دەبێت بۆ سەردانکەران، لە پێشانگاکەدا ١٠ کۆمپانیا لە بواری کەرەستە و ئامێری بەرهەمهێنانی نان و مەعکەرۆنی و ٧٠ کۆمپانیای بواری ئارد و نان و شیرینی و شوکولاتە بەشداریان کرد، ئەم کۆمپانیایانە نوێنەرایەتی پارێزگاکانی کرماشان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوراسان ڕەزەوی و هەمەدان دەکەن.

 

لە بەشی سەرەکی پێشانگاکەدا کە تایبەتە بە دابینکردنی کەرەستە و ئامێر و کەرەستەی بەرهەمهێنانی نان و شیرینی لەوانەش کەرتی نانەواخانە، ئامادەبوونی ژنان بە ئەرکی جۆراوجۆر لە ستاندەکان زۆر سەرنجڕاکێشە، ژنان لە بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکانی وەک بەڕێوەبردن، فرۆشتن، بازاڕکردن، ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەکان کاردەکەن.

 

"زۆر دڵخۆشین کە لەم دواییانەدا بوونی ژنان بەهێزتر بووە"

میدیا نیعمەتی، یاریدەدەری بەڕێوبەری دیجیتاڵ فرۆشتن و بەبازاڕکردنی کۆمپانیای پاکاندیشان وتی: ئێمە لە کەرتی دروستکردنی ئامێری فڕن کاردەکەین، ئەم کەرتە یەکێکە لە پیشەسازییە نیمچە قورسەکان, لە ساڵانی ڕابردوودا بوونی ژنان لەم کەرتەدا زۆر کەم بووە, بەڵام خۆشحاڵین کە لەم دواییانەدا بوونی ژنان بەهێزتر بووە, بۆ نموونە لە کۆمپانیاکەماندا ژنان لە یەکەکانی فرۆشتن و بازاڕکردن و دارایی و کۆنترۆڵی کوالیتی و پلاندانانی بەرهەمهێناندا هەن.

 

"ناوچەی نوێی دامەزراندن دروست دەبێت"

 میدیا نیعمەتی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بەشداری ژنان لەم کەرتەدا بەرەو زیادبوون و ڕەخساندنی هەلی کارە و وتی: بەهۆی ئەوەی ئامێرەکان بەتەواوی ئۆتۆماتیکین و یەک ئۆپەراتۆریان هەیە، ژنان دەتوانن هەموویان بەکاربهێنن، شاهیدی ئەوە دەبین کە ژنان دەچنە ناو پیشەسازییەوە، دەست دەکەن بە خواردن ئامادە دەکەن و تەنانەت هەلی کاریش دروست دەکەن، لەم ساڵانەی دواییدا بوونی ژنان لەم کەرتەدا زۆر زیادی کردووە و لەو پێشانگانەی کە بەرهەمهێنانی ئامێری نانەواخانە و ئامێر و بەرهەمهێنانی مۆبیلیات دەبینیت، بوونی ژنان زۆر بەرچاوە.