ئابووری ژنان لە ڕێگەی چالاکییەکانییەوە هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت

ئاسیا عوسمان، وتەبێژی ئابووری ژنان سەر بە کۆنگرەی ستار لە دێرک باسی لە کارەکانیان کرد و ڕایگەیاند، ئابووری ژنان لە ڕێگەی کارەکانییەوە هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت.

زەینەب عیسا

 

دێرک- لە ناوچەی دێرک لە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت، ئاسیا عوسمان بەڕێوەبەری دەستەکە لە دێرک باسی لە یەکەم پڕۆژەی مۆبیلیاتی ستار بۆ ژنان کرد و وتی: نزیکەی دوو مانگە ئەم فرۆشگایەمان کردووەتەوە، ئامانجمان پێشخستنی کار و چالاکییەکانی ژنانە، لە ساڵی ٢٠١٩وە لایەنی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازیمان پێشخست، بەڵام ویستمان ئەمجارە زیاتر لە لایەنی بازرگانیدا پەرە بە خۆمان بدەین، ئەم شوێنەمان کردەوە بۆ فرۆشتنی مۆبیلیات.

 

"ئێمە کاری خۆمان کرد"

ئاسیا عوسمان باسی لە ئاستەنگییە سەرەتاییەکان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەم شوێنەمان هەبووە، بەڵام کاری دیکەمان ئەنجام دەدا، بینیمان کە پێویستمان بە شوێنێکی لەو شێوەیە بوو بۆیە کردمانەوە، هەندێک سەختی لەلایەن داراییەوە هەبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا تێدەپەڕێت ئێمە ئەم مۆبیلیاتانە خۆمان لە قامیشلۆ دروستی دەکەین، هەموو شتێک بە دەست دروست دەکرێت و لێرە دەیفرۆشین.

 

"پاڵپشتی لە ژنان دەکەین و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنین"

ئاسیا عوسمان باسی بەرنامەکانی ڕۆژانەی کرد و داوای لە ژنان کرد کار بکەن و لە کۆتاییدا وتی: ئێمە ئەم دوکانە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١ی پاشنیوەڕۆ و لە کاتژمێر ٤ی بەیانی تا ٨ی ئێوارە دەکەینەوە، کارەکانمان بە باشی دەڕوات، خەڵکێکی زۆر دێن مۆبیلیات دەکڕن بۆ ماڵەکەیان و باشترین شت بۆ ئەوان ئەوەیە، کە ژنان بازاڕ لەگەڵیان بکەن، هیوای سەرکەوتن بۆ ژنانی کارکەر دەخوازین و بانگەوازی لە ژنان دەکەین بۆ ئەوەی بێنە کار، چونکە ئێمە هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنین تا بتوانن داهاتی خۆیان بەدەست بهێنن.