سۆسین سەیدۆ: هۆنراوەی من هەڵوێستی منە
سۆسین سەیدۆ، ئەندامی کولتوورو هونەری سیتیا نەخشا هۆنراوەیەکی بە ناوی "بە ڕۆناهیا کەزیان سەبارەت بە بەرخۆدانی بوون و کەرامەتی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان نووسی و وتی: هۆنراوەی من هەڵوێستی منە.
زەهرا شنگالی
شنگال-بەرخۆدانی بوون و کەرامەت لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. هەرچەندە لە ٣٠ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەتە جیهادییەکان کرا، گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، بە گیانی یەکگرتوویی نەتەوەیی، لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی دەوەستێتەوە. لە شنگالیش پشتیوانی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە چالاکی ڕەنگاوڕەنگ بەردەوامە. سۆسین سەیدۆ، ئەندامی کولتوورو هونەری سیتیا نەخشا هۆنراوەیەکی نووسیوە کە گوزارشت لە هەستی ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا و پێشکەشی گەلی بەرخۆدێری ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.
"ویستم لە ڕێگەی هۆنراوەوە هەستەکانم دەرببڕم"
سۆسین سەیدۆ سەبارەت بە مەبەستی نووسینی هۆنراوەکەی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: هەموو جیهان بینی کە چەندە دڕندانە شەڕێک لە دژی گەلی ڕۆژئاوا، دژی دایکان و منداڵەکان بەڕێوەچوو، ئەو دیمەنانەی ئەو شەڕە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر منیش هەبوو، ئەو هێرشە دڕندانەیە جارێکی دیکە فەرمانی ٧٤ی لە هەست و یادەوەرییەکانماندا زیندوو کردەوە، بەو ڕێزبەندییە دایکان کوژران، ژن و منداڵەکانمان ڕفێنران، هیچ جیاوازییەک نابینین لە نێوان ئەو فەرمانە و هێرشەکانی ئێستادا، چونکە ئەوانەی هێرش دەکەن وەک یەک چەتەن.
"بڕینی کەزی ئەو شەڕڤانە کاریگەری زۆری لەسەر نووسینی هۆنراوەکە هەبوو"
سۆسین سەیدۆ لەکۆتایی قسەکانی وتی: هەر لە یەکەم دێڕی هۆنراوەکەدا بە ڕووناکی چاوەکان دەڵێت، چونکە کاتێک کەزی ئەو شەڕڤانەی یەپەژە بڕدرا، زۆر کاریگەر بووم، بەڵام لە دیوەکەی تری ئەو بەردەوە هەزاران بەرد هەڵکەندرابوون. هەروەها کاریگەری ئەو دیمەنە لەسەر نووسینی هۆنراوەکم زۆر گەورە بوو. تا مرۆڤ زیاتر کاریگەری لەسەر بێت، دونیای هەستەکان زیاتر لە مرۆڤدا بەئاگا دێتەوە.
نەک تەنها بۆ هۆنراوەیەک، ئەگەر دەرگای ڕۆژئاوا بکرێتەوە، دەتوانین بچین و لە تەنیشت شەڕڤانان و گەلەکەمانەوە بوەستین، داوا لە هەموو کۆمەڵگەکەمان دەکەم لە پێناو ڕۆژئاوادا بوەستینەوە. بەردەوام بن لە پاڵپشتیتان بۆ گەلی ڕۆژئاوا، چونکە ئازارەکانی ئێمە و ئەوانیش وەک یەکن.