ڕۆڵی ژنان لە جیهانی مۆسیقادا؛ لە پەراوێزەوە بۆ پێشەنگی

هەرچەندە ژنان لەڕابردوودا لە جیهانی هونەرو مۆسیقا پەراوێز دەخران، بەڵام لەمڕۆدا ژنان پێشەنگن و مامۆستا بنار محەمەد، سەرۆک بەشی مۆسیقا لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر کۆیە هەیە کە چەندین خوێندکاری لەو بەشە پێگەیاندووە.

شیا کۆیی

 

کۆیە-مۆسیقا وەک زمانێکی ڕۆحی، هەمیشە ئاوێنەی ڕۆحی مرۆڤایەتی بووە، ژنانیش لەم کاروانە هونەرییەدا بەشێکی دانەبڕاو و کاریگەر بوون، هەرچەندە لە ڕابردوودا بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە زۆرجار ناوی ژنە مۆسیقاژەن و ئاوازدانەرەکان لە پەراوێزدا بوون، بەڵام مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە ژنان نەک تەنها وەک دەنگبێژ، بەڵکو وەک داهێنەری ئاواز و ژەنیاری شارەزا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە، لە مۆسیقای کلاسیکەوە تا دەگاتە مۆسیقای مۆدێرن و فۆلکلۆر، ژنان توانیویانە بە هەستە ناسکەکانیان و دیدگا تایبەتەکانیانەوە، ڕەهەندێکی نوێ ببەخشنە ئەم هونەرە.

 

 لەمڕۆدا، ژنان لە هەموو کایەکانی مۆسیقادا لەپێشەنگایەتی کردنی ئۆرکێستراوە تا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دەنگ سەلماندوویانە کە هونەری مۆسیقا بێ ئامادەیی و داهێنانی ئەوان، گەورەترین ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات.

 

لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى شەهید جەعفەر کۆیە، دەبینین مامۆستاو قوتابیانى بەشى مۆسیقا بە روحێکى هونەریەوە تواناکانیان لەناوهونەر بەگەر خستوو.لەو پەیمانگایە بەشى مۆسیقا و شانۆ و شێوەکار هەیە، چەندین خوێندکارى پێگەیاندووە لەو بوارانە.

 

بنار ئیبراهیم، ٢١ ساڵە لەو پەیمانگایە خزمەت دەکات و ئیستا سەرۆک بەشى مۆسیقایە، سەبارەت بەکارەکانیان، بۆ ئاژانسەکەمان وتى: هونەرى مۆسیقا یەکێکە لە هونەرە جوانەکان، بێگومان ژنانیش دەستیان هەیە لە بەرەوپێشبردنى هونەرى کوردى، ژنان رۆڵى گرنگیان هەیە لە کارەکانیان لە بەڕێوەبردنى کارەکانیان لە دامودەزگاکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان، هیوادارم ژنان بەهرەکانیان برەو پێبدەن تا ئەگەر لەماڵەوەش بن خۆیان پێبگەیەنن و لێهاتویەکانیان بەگەڕ بخەن, ولەکۆمەڵگاى کوردى ژنان رۆڵى گرنگیان هەیە دەتوانن ژنان بەرەوپێش ببەن وکارەکانیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدەن، وەک خۆم کە ئەوە دووساڵە سەرۆک بەشى مۆسیقام کارەکانم زۆربەجوانى رایی دەکەم و هەماهەنگیم هەیە لەگەڵ مامۆستاو خوێندکارەکان.

 

وتیشی: پێشتر ئەرکم کەمتر نەبووم بەڵا لەو کاتەی بوومەتە سەرۆک بەش ئەرکم زیاترە بەیانین زوو دەبێت لێرەبم وئاگام لە خوێندکاران بێت، هەر گرفتێک هەبێت بۆیان چارەسەر دەکەم، شان بەشانى مامۆستاکان هاوکارى یەکترین وچەند چالاکیمان هەیە قوتابی و مامۆستا پێکەوە وەک هاوڕێ کاردەکەین.

 

تارا ئامانج، خوێندکارى قۆناغى یەکى بەشى مۆسیقا وتى: من بەشى مۆسیقام هەڵبژارد لە پەیمانگاى هونەرەجوانەکان چونکە ئێمەش وەک کچان دەتوانین مۆسیقا بژەنین و بەشدارى کارە هونەریەکان بکەین، زۆر سوپاسی مامۆستا بنار دەکەم کە زۆر هاوکارمانە، بەتایبەت مامۆستاکان کە زۆر پاڵپشتیمان دەکەن بۆ بەرەوپێشچوونمان ومامۆستاى زۆر بەئەزموونمان هەیە ویارمەتیمان دەدەن.

 

هیلیا محەمەد، خوێندکارێکی دیکەی بەشى مۆسیقا وتی: سەرۆک بەشەکەمان ست بنار زۆرباشە و ئێمە لەوەوە فێردەبین وکەسێکى سەرکەوتووە، سەبارەت بەرۆڵى ژنان دەتوانم بڵێم ژنان ڕۆڵێکى گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگە، دەوترێت نابێت ژنان لە بەشى مۆسیقا بن و هەندێک بە عەیبەى دەزانن لەبەشى مۆسیقا بخوێنى، بەڵام بە بۆچوونی من پێچەوانەیە با ژنانیش ڕوو لە مۆسیقا بکەن، بۆچى تەنیا پیاوان لەبەشى مۆسیقا بن بەڵکو دەبێت ژنان بەشدارى مۆسیقاو هەموو کارەکان بکەن.