"کەمبوونەوەی فیلم بە دەرهێنەرایەتی ژنان ئاستەنگەکانی بەردەمیان لە فیلمسازی دەخاتەڕوو"

یاسەمەن شەریفمەنەش، دادوەر لە شەشەمین خولی ڤێستیڤاڵی سلێمانی وتی: پێویستە لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵەکەدا ڕۆڵ بە ژنانی دەرهێنەر بدرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی هونەرمەندو فیلمساز بەشدارییان کرد، هەروەها بەشێک لە ژنان وەک ئەندامی دەستەی دادوەران لە بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵدا ڕۆڵیان گێڕا، لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، فیلمی "ژن، ژیان، ئازادی" خەڵاتی یەکەمی بەشی خۆی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەو بەشدارییە بەرچاوەی ژنان، ڕۆڵی ژنان لە بواری دەرهێنانی فیلمدا بەراورد بە کۆی بەشدارییەکان کەمتر بوو، لە شەشەمین خولەکدا ژمارەی فیلمەکانی بە دەرهێنەرایەتی ژنان بە کەمی دیار بوو، کە ئەمە پرسیاری گرنگی دەربارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەشداریی ژنان لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی فیلم دروست دەکات، ئاستەنگییە کۆمەڵایەتی، پیشەیی و داراییەکان لەوانەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی دەرفەتی ژنان بۆ گەیشتن بە پۆستی دەرهێنەر بن، ئەمەش ئەو پرسیارە دەخاتەڕوو کە چۆن دەتوانرێت دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان لە بواری سینەما و فیلمسازی دروست بکرێت.

 

" ئاستەنگییەکانی ژنان ڕێگربووە لەبەردەم کەمی دەرهێنەری ژن "

یاسەمەن شەریفمەنەش، ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری بەڵگە فیلم، دادوەر لە شەشەمین خولی ڤێستیڤاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای کارکردن لەگەڵ لیژنەی دادوەران بەڵام تا ئێستا کارێکی زۆر ماوە بۆ ئەنجامدانی بەڵگەفیلم، لە ناویاندا ژنان بەشداریکردنیان لە ناو شەشەمین فێستیڤاڵی سلێمانیدا لە ئاستێکی کەمدا دەبیندرێت وتی: لە شەشەمین فێستیڤاڵی فێلم لە سلێمانی، بەشداری ژنان لە ناویدا لە ئاستێکی کەمدا دەبیندرا، پێویستە ژنان لە ڕێگەی هاندان و دەستگرتنیانەوە بەشداری لە بەڵگەفیلمەکان و فێستیڤاڵەکاندا بکەن، وەک چۆن ژیان پێویستی بەژن هەیە، فێلمیش پێویستی بە بەشداریکردنی ژنان و دەرهێنەرانی ژن هەیە، هەروەها یەکەم ساڵم بوو کە وەک دادوەر لە ناو فێستیڤاڵەکەدا بەشداری بکەم، ساڵەکانی دیکە بەدواداچوونم بۆ ڕۆڵ و بەشداریکردنی ژنان دەکرد، زۆر پێویستە ژنان وەک دەرهێنەر لە بەڵگەفیلمەکاندا بەشداری بکەن، تا بتوانین تەواوی ژیانی ژنان و ئاستەنگییەکان و سەرکەوتنەکانیان بگێڕینەوە، لە ناو فێستیڤاڵەکەدا هەوڵی ژنان بە فێلمەکانەوە دیاربوون سەرەڕای ئاستەنگییەکان بەڵام ژنان هەوڵیاندابوو ئەو پەیامەی هەیە تا ئاستێکی مامناوەند بیگەیەنن.

 

هەروەها لە درێژەی قسەکردندا وتیشی: ناتوانین بڵێین ژنانی فلیمسازی کورد لە سەرەتای ڕێگاکەن، بەڵام هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بە فێلمەکانیانەوە دەبیندرێت، پاشان دەتوانن زۆر بەهێزتربن لە ئاستەنگییەکانی لە ئێستادا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ئاسانان نییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژنێک دەرهینەربێت و فیلم دروست بکات، ئێمە باس لە کەمیی ژنی دەرهێنەر دەکەین بەڵام ژنانی کورد بە ئازایەتییان ڕێگایەک بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئەو ئاستەنگییە دەدۆزنەوە، ئێمە باس لە نەبوونی فیلمساز و دەرهێنەر و ئەکتەر دەکەین بەڵام دەبێت بزانین ژنانی کورد لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین ئەو ژنانەیان قبوڵنییە، من خەڵکی ڕۆژهەڵاتم و پاشان چومەتە تاران ژیاوم و دواتر بۆ دەرەوەی وڵات چووم، دەزانم ئاستەنگییەکان بۆ ژنێک کە کاربکات لە فیلمدا چ ئاستەنگییەکی دێتە ڕێگا، لە ئێستادا کەمێک هۆشیاری هەیە، بەڵام نەگەیشتوەتە ئاستێک جێگەی دڵخۆشی بێت، بۆیە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر گەورە دەبنەوە.

 

"لە فێستیڤاڵەکەدا پێویستە شوێنێکی تایبەت بۆ ژنانی فلیمسازو فیلمی ژنان بکرێتەوە"

یاسەمەن شەریفمەنەش لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: فێستیڤاڵەکان تەنها شوێنی نمایشکردنی فیلم نییە، فێستیڤاڵەکان شوێنێکن بۆ گۆرینەوەی بیرو بۆچوونەکان و دروستکردنی کاری جیاوازتر، بۆیە پێویستە شوێنێکی تایبەت بۆ ژنانی فلیمساز یان نمایشکردنی فیلمی ژنان بکرێتەوە، هەروەها خەڵاتی تایبەت بۆ ژنانی دەرهێنەر هەبێت تا وەک پشتیوانی بۆ ژنان بێت، سوپاس بۆ ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەکەم سەرەڕی ئاڵۆززییەکانی بارودۆخی ناوچەکە بەڵام فێستیڤاڵەکە ئەنجام درا، پاشان ژنانی لەناو هۆڵەکاندا کۆکردەوە تا بتوانین بیروبۆچوون بگۆڕینەوە، پێشنیارم ئەوەیە لە ساڵەکانی دیکەدا بەشێکی تایبەت بە ژنانی هەبێت تا دەرفەتی زیاتر بۆ کاری دەرهێنەری و بەشداری کردنی ژنان هەبێت.