ڤێستیڤاڵی منداڵان لە کۆبانێ: زمان و کولتوور و ناسنامەی ئێمەیە
منداڵانی بەشداربوو لە نۆهەمین فێستیڤاڵی منداڵان لە کۆبانێ، ڕایانگەیاند کە ئەوان جگە لە زمانی دایک هیچ پەروەردەیەکی تر قەبووڵ ناکەن و وتیان: زمانی ئێمە شکۆی ئێمەیە.
کۆبانێ
تەڤگەری هیلالی زێڕین و تەڤگەری کولتوور و هونەری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە دروشمی پاراستنی کولتوور و زمانی دایک، نۆهەمین فێستیڤاڵی منداڵاندا لە هۆڵی ناوەندی کولتوور و هونەری ”باقی خیدۆ” بەڕێوە برد، ئەم فێستیڤاڵە بۆ منداڵان تەنها بۆ ئەمڕۆ دەبێت، منداڵان لە فێستیڤاڵەکەدا بە ڕاگەیەندراوێک داوای پەروەردەیان بە زمانی کوردی کرد.
فێستیڤاڵەکە کە بە پێشڕەویی تەڤگەری هیلالی زێڕین ڕێک خرابوو، بە بەشداریی سەدان منداڵ و خێزانەکانیان بە جۆش و خرۆشێکی گەورە ئەنجام درا، منداڵان کە بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوەی کوردەواری ئامادە بوون، پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە ڕاگەیەندراوێکیان دایە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن منداڵێک بە ناوی دیالە حەمزە خوێنرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی زمانی دایک کرایەوە و وتی: ئێمە وەکو منداڵانی کۆبانێ خۆشەویستیمان بۆ کولتووری خۆمان هەیە، کولتووری کوردی وەکو ماڵێکی گەرم و گوڕ وایە، لە ناویدا گۆرانی، هەڵپەڕکێ و چیرۆکی داپیران هەن، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو کەسێک ئەوەیە، کە مافی ئێمە لە دەستمان مەستێنن، با هەموو منداڵێک بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و بە کولتووری خۆی سەربرز بێت، زمانی ئێمە شکۆی ئێمەیە، کولتووری ئێمە ناسنامەی ئێمەیە.
”ئێمە داهاتووی خۆمان لە ناو کولتووری خۆماندا گەورە دەکەین”
دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ئازادی، شیرین ئارارات، هونەرمەند قسەی کرد و سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی بنەڕەتی منداڵان لە بونیادنانی داهاتووی ئازاددا، وتی: ئەمڕۆ لەسەر تەختەی شانۆی ناوەندی کولتوور و هونەری ”باقی خیدۆ” ئێمە بەرهەمە کولتوورییەکانی سەدان منداڵی خۆمان دەبینین، ئەمەش بۆ ئێمە شانازییەکی گەورەیە کە دەبینین منداڵانمان لە ناو کولتوور و مێژووی ڕەسەنی خۆیاندا گەورە دەبن.
گروتین و ڕەنگەکانی منداڵی لەسەر تەختەی شانۆ بوون
لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا ١١ کۆمەڵەی مۆسیقا، شانۆ و هەڵپەڕکێ دەرکەوتنە سەر تەختەی شانۆ، منداڵان بە ئامێر، دەنگ و هەستە پاکەکانی خۆیان هونەری خۆیان پێشکەش کرد، منداڵانی بەشداربوو بە گڕوتینێکی بێوێنە هەڵپەڕکێیان کرد، گۆرانییان وت و درووشمیان بەرز کردەوە.
”ئێمە هەمیشە کولتوور و هونەری خۆمان دەپارێزین”

منداڵانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە، هەست و خۆشحاڵیی خۆیان لەگەڵ ئاژانسەکەماندا هاوبەش کرد و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە کولتووری خۆیان خستە ڕوو، لیساڤا حمید وتی: ئەمڕۆ ئێمەی منداڵانی کۆبانێ بە خۆشحاڵییەکی گەورەوە بەشداریی فێستیڤاڵەکە بووین بۆ ئەوەی هونەری خۆمان نیشان بدەین، ئێمە گۆرانی، شانۆ و هەڵپەڕکێی خۆمان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەین، بۆ ئەمەش من بە هەموو منداڵان دەڵێم، با بێ هونەر نەبن و وەرن ئێمە پێکەوە لە دەوری کولتووری خۆمان کۆببینەوە، لە کۆمەڵەی مۆسیقادا جێ دەگریم و ئەمڕۆ گۆڕانی بە زمانی کوردی دەڵێم.

ئارژین محەمەد کە بەشداریی فێستیڤاڵەکەی کردووە، باسی لەوە کرد، کە ئەمڕۆ ئێمە سەدان منداڵی کۆبانێ لە دەوری کولتوور و هونەری خۆمان کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ئەم گروتینە هاوبەش بکەین و وتی: بەم بۆنەیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جگە لە پەروەردە بە زمانی کوردی ئێمە هیچ زمانێکی جیاواز ناخوازین، ئێمە قەبووڵی ناکەین لە دەرەوەی زمانی دایکی خۆمان پەروەردە ببین، زمانی ئێمە بوونی ئێمەیە.