"گوڵەزەر" ؛ دووەەمین ژوانی ساڵانەی هۆنراوە و ئەدەبیاتی ژنان لە ڕانیە بەڕێوەدەچێت

دوێنێ دووەمین ژوانی ساڵانەی هۆنراوە و ئەدەبیاتی ژنان، بە ناونیشانی "گوڵەزەر"، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە بوارەکانی هۆنراوە، ئەدەبیات و هونەر، لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری ڕانیە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ڕانیە 

 

دووەمین ژوانی ساڵانەی شیعر و ئەدەبیاتی ژنان بەناوی "گوڵەزەر"،کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەر و ڕۆشنبیری ڕانیە بەڕێوەدەبرێت و کۆمەڵێک بەرنامەی هونەری و ئەدەبی لەخۆدەگرێت دەستیپێکردو دەیان ژنی شاعیر و هونەرمەند لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری ئەم ژوانەن.

 

بەپێی بەرنامەکە، ژوانی "گوڵەزەر" لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و بەشداربووان لە چالاکییە جۆراوجۆرە ئەدەبی و هونەرییەکاندا بەشدار دەبن.


         


        
بەناز محەمەد، وەک یەکێک لە؟ڕێکخەرانی  ژوانەکە، ئاماژەی بە ناو و ناوەڕۆکی ژوانەکە کرد و وتی: "گوڵەزەر" بەیتێکە کە دوو عاشقن، بەیەک نەگەیشتوون و ئێستا گۆرەکانیان لە دۆڵی شاورێ لە گوندی پڵینگانە لە ڕانیە، ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە فراوانکردنی دەرفەتی بەشداری و دەربڕینی ژنانە، و گوتی: زیاتر مەبەستمان ئەوەیە ژنان دەرفەتی زیاتریان هەبێت و کراوەتر بن. ئەم فێستیڤاڵە سەرجەم شارەکانی گرتۆتەوە و ژنان لە ناوچە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن، ئەمساڵ ژوانەکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو فراوانتر کراوەو ئەمە دووەمین فێستیڤاڵە و جیاوازە لە ساڵی ڕابردوو؛ گۆرانی و شێوەکاریشی تێدایە. هەوڵ دەدەین ساڵ بە ساڵ جیاوازتر و بەرەوپێشتر بێت.


         


        

زینوێ خانەقینی، هونەرمەند و یەکێک لە بەشداربووانی ژوانەکە، بە گرنگیدانی بەشداری ژنان لە چالاکییە هونەرییەکان وتی:
ئەگەر چاویەک لەمە بکەین، دەبینین لە چاو ساڵانی تر ئافرەتی زۆر زۆر باشمان هەیە؛ نەک تەنها لە دەڤەری ڕاپەڕین، بەڵکو لە دەڤەری گەرمیان و گەرماسیریش، ئەگەر خزمەت بکەن لە هەموو بوارێک، ئەمە دەنگێکی باشی ئافرەتانە. هیوادارم ئەم هونەرە هەرگیز کاڵ نەبێتەوە و هیچ نەبێتە ڕێگر.


زینوێ خانەقینی کە لە خانەقینەوە بەشداری چالاکییەکەی کردووە، دەربڕینی سەرنجی خۆی بۆ ژینگە و کەشوهەوای هونەری ناوچەکە کرد و وتی: من وەک ئەوەی لە خانەقینەوە هاتم، شاخ و دەشتی ڕاپەڕین سەرنجی ڕاکێشا؛ جۆش و خروشی ژنان و خەڵکی ئێرە و چەند ڕیز لە هونەر دەگرن، هیوادارم زوو زوو ئەم چالاکیانە هەبن و ژنان لە گەیاندنی پەیامەکانیان بێدەنگ نەبن، پێشنیارم ئەوەیە بابەتی هونەری زیاتر بکرێت؛ نەک تەنها لە ڕووی هونەرییەوە، بەڵکو چێشتلێنان و خواردن و هەموو جۆرێک لە تواناکانی ژنان بخرێنە ناو ئەم چالاکییانە.


         


        

شەرمین وەلی، شاعیر، توێژەر و مامۆستای زانکۆ، لە بەشێکی دیکەی ئەم چالاکییەدا، گرنگی ئەم جۆرە بۆنە و چالاکییانەی بە دروستکردنی هەستی متمانەبەخۆبوون لە ژنانەوە بەستەوە و وتی: نەک تەنها هەستی متمانەبەخۆبوون، بەڵکو هەستی ئەوەی کە مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا ئەرزش و بایەخی خۆی هەیە و دەنگی هەیە لە پاڵ دەنگی پیاوان؛ ئەمەش متمانەبەخۆبوون دروست دەکات، ئەم چالاکییانە بە تەنیا بەس نین و پێویستە لە هەموو کوردستاندا هەنگاوی زیاتر بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ بنرێت،  بێگومان ئەم چالاکیانە بەس نین؛ نەک تەنها لە دەڤەری ڕاپەڕین، بەڵکو لە تەواوی کوردستان. ئێمە کێشەی پەروەردەکردنی کچانمان هەیە؛ نەک تەنها بە دیدگایەکی دواکەوتووانە، بەڵکو هەندێک جار گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بەشێک لە کۆمەڵگا پێویستی بە گۆڕانکاری لە دیدگا و هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ژنان هەیە، بە تایبەتی لە بواری دەربڕین و بەشداری کۆمەڵایەتی و کولتووری،  دەبێت ژنان بیسەلمێنن کە هاوشانی پیاوان دەنگ هەڵدەبرن و دەنگیان هەیە؛ بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خۆی ئیسپاتی بوونی خۆی بکات.


 بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی متمانەبەخۆبوون لە کەسایەتیی ژنان، وتی: کاتێک تۆ لەسەر پێی خۆت ڕاوەستیت، کەس ناتوانێت ڕەتت بکاتەوە؛ بەڵام ئەگەر تۆ بە لەرزۆکەوە بیتە پێش و سیقەت بە خۆت دروست نەکردبێت، ئەمە وا دەکات کۆمەڵگا و پیاوانی ئێمە سڵ لە دەنگی ژن بکەنەوە. بەڵام کاتێک تۆ لەسەر پێی خۆت ڕاوەستیت، کەس ناتوانێت بتشکێنێت، ئامانجی کۆتایی دەبێت گەیشتن بە قۆناغێک بێت کە ژنان خۆیان داواکاری و پێشنیاری بەشدارییەکانیان بکەن، نەک ئەوەی تەنها لەلایەن پیاوانەوە بانگهێشت بکرێن.


وتیشی: من چاوەڕوانم تا ئەو شوێنەیە کە ژنان خۆیان داوا بکەن، نەک پیاوان بێن و بڵێن: وەرن ژنان، ئێوە دەنگ و جوانین. ئێمە دەبێت خۆمان ئیسپاتی بوونی خۆمان بکەین، پشتگیری دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بواری زمان و ئەدەب و کولتووردا، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەردەوامکردنی ئەم هەنگاوانە هەیە و دەبێت دەرفەتی زیاتر بۆ دەربڕینی تواناکانی ژنان دروست بکرێت.


شەرمین وەلی لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر پێویستیی درێژکردنەوەی بەرنامە و بەشە ئەدەبییەکانی ژوانەکە و وتی: بەڕاستی پەیامم ئەوەیە؛ سەرنجم ئەوەیە ئەمە ژوانی شیعرە، ناکرێت لە چەند خولەکێکدا تێکستێکی کورت بکەیتەوە. دەبێت دیدارەکان درێژتر بن و دەرفەتی زیاتر بە خانمان بدەین.