لە نێوان پاراستنی میراس و قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکان ترس لە سنووردارکردنی هونەر لە "سووریای نوێ"دا هەیە
لە نێو ئەو کاردانەوەی لە دەوری بوونی میراس و شوناسی کولتووری لە سووریا، گۆرانی "خۆشەویست دڵت" گفتوگۆ لەسەر میراسی ناوازەی سوەیدا دەکاتەوە، هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی ترسەکان لە بانگەوازەکان بۆ قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکانی هونەری لە دیمەشق.
ڕۆشیل جونیور
سوەیدا ـ دووبارە پێشکەشکردنی گۆرانی میراسی “خۆشەوستی دڵت” لەلایەن ئەسالا، هونەرمەند دەرگای گفتوگۆکردن لەسەر بوونی میراسی ناوخۆیی دەکاتەوە، چۆن گۆرانییەک دەتوانێت ژینگەی ڕەسەنی خۆی تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بگاتە بینەرێکی فراوانتر، لەگەڵ خۆیدا شتێک لە یادەوەری شوێنەکە و ناسنامەکەی و تایبەتمەندی کولتوورییەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بانگەوازەکانی قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکانی هونەری لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و ئەو باسەی کە دەوروژێنێت سەبارەت بە داهاتووی هونەر و ئازادییە گشتیەکان لە "سووریای نوێ"دا، بەتایبەتی بوونی ژنان لە ژیانی کولتووری و هونەریدا.
گۆرانییەک کە لایەنێکی مرۆیی لە میراسی سوەیدا دەردەخات
ئامانی ئەبو عەساف، گۆرانیبێژ و ئەکتەر پێی وایە دووبارە پێشکەشکردنەوەی گۆرانیی "خۆشەویستی دڵت" لەلایەن ئەسالەوە تەنها خۆی لە دووبارە خستنەڕووی گۆرانییەکی میراسیدا نابینێتەوە، بەڵکو نیشاندانی ڕووناکییە لەسەر ناسنامەی جوانیناسیی ناوچەکە، جەختکردنەوەیە لەسەر ئامادەبوونی ڕۆشنبیری و دەروونیی ئەو ناوچەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە سوەیدا بە شێوازێکی گۆرانیوتن ناسراوە کە کەمێک لە ڕەقی و جۆش و خرۆش هەڵدەگرێت، بەڵام بەتایبەت گۆرانیی "خۆشەویستی دڵت" لایەنێکی مرۆیی، نەرم و سۆزداریی ئەم میراسە دەردەخات، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو زیرەکییە زمانەوانییەوە کە لەخۆی دەگرێت و لەسەر بنەمای هاوشێوەیی تەواو (سەروای تەواو) دامەزراوە، کە تێیدا هەمان وشە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لە هەموو جارێکدا واتایەکی جیاوازی هەبێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە زۆر گرنگە گۆرانیی میراسی لە هەر شوێنێکدا بێت بگاتە گەلێکی فراوانتر، بەو پێیەی ئامرازێکە بۆ سەلماندنی ئامادەبوونی خاوەنەکانی و ناسنامە ڕۆشنبیرییەکەیان.
ڕوونیکردەوە، کە جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان پێشکەشکردنی گۆرانییەک لە چوارچێوەی ژینگە ڕەسەنەکەیدا و پێشکەشکردنی بۆ بینەرێکی فراوانتر، کۆمەڵگەی ناوخۆیی بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی وشەسازی یان چوارچێوەی کۆمەڵایەتی وشەکان هەبێت گوێی لێدەگرێت و نمایشەکە لە ژینگە ڕەسەنەکەیدا زیاتر خۆبەخۆ و ئیمپرۆڤیزە.
لەم حاڵەتەدا گۆرانییەکە دەبێتە "چیرۆکێکی هاوبەش و هۆشیارییەکی پێکەوەی و هەستێکی یەکگرتوو" لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگەدا، کاتێک دەگاتە بینەرێکی فراوانتر، وەک ئەوەی ئەسالە، دەگۆڕێت بۆ بەڵگەنامەیەکی هونەری و کولتووری و بیستراوی فراوانتر، بە تایبەت کە ئەزموونی مرۆڤ لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانرێت بگوازرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەگ و ڕیشەی بە ژینگەیەکی دیاریکراوەوە بەسترابێتەوە.
ئامانی ئەبو عەساف إوونیکردەوە، ئەسالە بە دووبارە پێشکەشکردنی گۆرانییەکە و بەشداریکردن لە بڵاوکردنەوەی فراوانتری ئەم میراسە، ئاماژەیەکی جوانی بەرامبەر خەڵکی سوەیدا کرد، بەڵام پێی وایە کە هونەرمەند بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە لە نمایشکردنی ئەو زاراوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو هەستەی کەسێک لە ژینگەی ڕەسەنەوە دەیگەیەنێت، جیاواز دەمێنێتەوە لەگەڵ نمایشی هونەرمەندێک کە لە دەرەوەی ئەوەوە دێت، هەرچەندە توانای هونەرییان هەبێت.
پێی وایە پاراستنی زاراوە، هەست و چوارچێوەی ڕەسەنی کارەکە بەشێکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە لە پرۆسەی گواستنەوەی میراسدا، تەنانەت کاتێک گۆرانییەکە بۆ گەلێکی نوێش دەگوازرێتەوە.
بانگەوازەکان بۆ قەدەغەکردنی ئاهەنگەکان "کارێکی مەترسیدارە"
لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، فەرەح عاقل، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سوەیدا پێی وایە بانگەوازەکان بۆ قەدەغەکردنی ئاهەنگە هونەرییەکان لە دیمەشق بابەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بە کارێکی زۆر مەترسیداری دەزانێت، چونکە بابەتی ڕەخنە و دەربڕینی بۆچوون تێپەڕ دەیکات و دەبێتە هەوڵێک بۆ سەپاندنی ڕێبازێکی دیاریکراو بەسەر شێوازی ژیانی گشتی لە "سووریا نوێ"دا.
ڕوونیکردەوە، کە کێشەکە پەیوەندی بە ئاهەنگێکی دیاریکراو یان هونەرمەندێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو هەستەوە هەیە کە لای هەندێک لایەن دروست بووە کە پێیان وایە مافی ئەوەیان هەیە بە تەواوی دەست بەسەر پانتایی گشتیدا بگرن و دیدگا و ڕێبازی خۆیان بەسەر شێوازی ژیانی گشتیدا بسەپێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە هەوڵانە ڕەنگە لە وردەکاری و چیرۆکە بچووکەکانەوە دەست پێبکەن، پاشان وردە وردە بۆ ناو پانتاییە گشتییەکان درێژببنەوە، ئەمەش وا دەکات بەڕای ئەو ببێتە بابەتێک کە سنووری خودی هونەر تێپەڕێنێت.
فەرەح عاقل سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی کە مەترسیی ئەم بانگەوازانە زیاتر دەکات، بریتییە لە پێدانی ڕەنگدانەوەی ئاینی پێیان، بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوی دەنێت بانگەوازە بڵاوبووەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەستەواژەی لەو شێوەیە لەخۆ دەگرن "قەدەغەکردنەکە دەکرێت بە ویستی خوا".
ڕوونیکردەوە، کە پێدانی ڕەنگی ئاینی بە بابەتێکی کۆمەڵایەتی یان هونەری، دەیگوازێتەوە بۆ ئاراستەیەکی هەستیارتر، بە جۆرێک کە لە بابەتێکی پەیوەندیدار بە ژیانی گشتی و هونەرەوە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی ئاینی، ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی گەورەتر لەسەر گەل دروست بکات، لە کۆمەڵگەکاندا کە تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە باوەڕە ئاینییەکان دەبەستن لە دروستکردنی هەڵوێستەکانیاندا.
لە بانگەوازێکی تێپەڕەوە بۆ گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵگەدا
فەرەح عاقل هۆشداری دەدات لەوەی هەوڵدان بۆ سانسۆر ئەگەر بە جددی چارەسەر نەکرێت و ڕێک نەخرێت، بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت ئاسایی ببێتەوە و لەناو کۆمەڵگەدا قبوڵ بکرێت، هەروەها مەترسییەکە لەوەدایە کە کاریگەرییەکە تەنها لە کایەی هونەریدا قەتیس نابێت، بەڵکو دەتوانێت درێژبێتەوە بۆ پەیکەری کولتووری و کۆمەڵایەتی و دواتر بۆ لایەنەکانی دیکەی ژیانی گشتی.
وەک فەرەح عاقل ئاماژەی پێکرد، پرسەکە تەنها پەیوەندی بە حزبەکانەوە نییە، بەڵکو لەسەر شێوەی کۆمەڵگەیە کە مەبەست لێی پێکهێنانە، ئەو کەشەی کە بۆ کولتوور و هونەر و جیاوازی و فرەچەشنی لەبەردەستدا دەمێنێتەوە، نزیکبوونەوەی توندڕەوی کۆمەڵایەتی و ئایینی، ئەگەر بەردەوام بێت، لە سنوورێکی دیاریکراودا ناوەستێت، هەروەها ژنان لە یەکەم گروپەکان دەبن کە کاریگەرییان لەسەر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆرجار ژنان هێڵی بەرگریی یەکەمین بۆ ئەو پانتاییە گشتییانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هێزەوە بەدەستیان هێناوە، پێی وایە کورتکردنەوەی ئەم پانتاییە کارێکی مەترسیدار دەبێت، ئەمەش نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ کۆمەڵگە بە گشتی کاردانەوەی دەبێت.
وتیشی: گەشەسەندنی ئەم ڕێبازە تا گەیشتن بە تەسککردنەوەی پانتایی لەسەر پەروەردە و بەشداریی گشتی، ڕێڕەوێکە کە دەبێت بە جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت پێش ئەوەی ببێتە ڕاستییەک کە گەڕانەوە بۆ دواوەی تێدا سەخت بێت.
بە گەڕانەوە بۆ گۆرانیی "خۆشەویستی دڵت"، فەرەح عاقل وتی: کارەکە لە ڕووی بینراوەوە سەرکەوتوو نەبووە، هەروەها جلوبەرگی میراسی و ئەو شوێنەوارانەی لە ڤیدیۆکەدا بەکارهاتوون بە شێوازێکی پێویست گوزارشت لە سوەیدا ناکەن.
وتیشی: پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان سوەیدا و حکومەتی سووریای کاتی، لە مێژە سنوورەکانی ناکۆکیی سیاسیی تێپەڕاندووە، بۆ ئەوەی بگاتە ناکۆکی قووڵتر، کە ڕەهەندی هزری، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەکان هەیە.
فەرەح عاقل هۆشداری دەدات لەوەی کە ناوی دەنێت هەوڵێک بۆ دزەکردنە ناو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە، گۆڕینی لە کۆمەڵگەیەکی شارنشین و کراوە بەسەر ڕۆشنبیری و هونەر و ئاهەنگەکاندا بۆ کۆمەڵگەیەکی یەک ڕەنگ و زیاتر توندڕەو لە ڕووی ئاینی و کۆمەڵایەتییەوە.