ژنانی ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژیا؛ ئامادەیی نوێ لە مەیدانەکانی بەرخۆدان...٢

لە نێوان گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەفریقا، ژنان وەک ئەکتەری ناوەندی لە ڕێگاکانی خەبات و گۆڕانکاریدا سەرهەڵدەدەن، لە مەیدانەکانی شۆڕشی ئێریتریا تا کامپەکانی خزمەتگوزاری نیشتمانی، تێپەڕین.

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ - لە جوگرافیایەکی ناجێگیردا کە بە ئاڵۆزییەکانی مێژوو و سیاسەت و ناسنامە بەڕێوەدەچێت، ژنان لە ئەفریقا لە ژێر پەردەی نەریتییەوە هەڵدەستن بۆ ئەوەی بچنە ناو کایەی سەربازییەوە، لە نێوان خەونی ڕزگاری و کابوسێکی پێشێلکاریدا گیریان خواردووە، بوونی ئەوان تەنها پەیوەندی بە ژمارە یان کارەوە نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکە کە بە قووڵی لە هۆشی کیشوەرەکەدا چەسپاوە، دەگێڕێتەوە کە چۆن چەک بوونە بەشێک لە چیرۆکی ژنان، چۆن لە سیمبولی چاودێرییەوە گۆڕاون بۆ بەشداربووانی چالاک لە بەرەکانی شەڕدا، جێگای سەرسوڕمانە، ئەم گۆڕانکارییە زۆرجار بە دروشمی ناڕوون و نەتەوەپەرستیدا ڕوویدا، کە هەندێکیان پێشێلکاریی سیستماتیکییان شاردبووەوە، هەندێکی دیکەشیان هەوڵیان دەدا وێنەیەکی پێشکەوتنخوازانە بەرەوپێش ببەن کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی نەبووبێت.

 

لە بەشی دووەمی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئەزموونی ژنان لە سوپای جیاوازی ئەفریقادا دەکۆڵینەوە، ئێمە شیکاری دەکەین کە چۆن چەکەکان لە سیمبولی پاراستنەوە گۆڕاون بۆ ئامرازێکی خەبات، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو ئاڵەنگاریانە دەکەین کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە گەیشتن بە بەهێزکردن و یەکسانی، هەروەها تیشک دەخەینە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر لە هەرێمێکدا کە هێشتا لە نێوان گۆڕانکارییە خێراکاندا بەدوای ناسنامەکەیدا دەگەڕێت.

 

"ساوا"... سیمبولی گۆڕانکاری لە ئەزموونی ژنانی ئێریتریادا

تەنها چیرۆکێکی قارەمانانە نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی دووانەیە کە ژنانی ئێریتریا بە ڕەنگی خەبات و ئازارەوە نووسیویانە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشەوە لە ساڵی ١٩٦١، ژنان تەنهاا بینەری سەر شانۆی مێژوو نەبوون، بەڵکو دروستکەری ئەو مێژووە بوون، ژنانی ئێریتریا جێگەی خۆیان لە ماڵەوە تا هێڵەکانی پێشەوە وەرگرت و نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕیزەکانی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی ئێریتریایان وەک چەکدار و پەرستار و فەرماندە پێکهێنا، بوونی ئەوان هەمیشە چالاک و نەسڕاوە بووە.

 

بەڵام دوای سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٩١، دیمەنەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، شکۆمەندی شۆڕشگێڕانە گۆڕا بۆ سیاسەتێکی سەربازیی فەرمی، بەو پێیەی حکومەتی ئێریتریا سیستەمێکی "خزمەتگوزاری نیشتمانی ناچاری" بۆ هەردوو ڕەگەز پەسەند کرد، ئەم خزمەتە بەزۆری لەدوای قۆناغی ناوەندی دەست پێدەکات و مەشقی سەختی سەربازی لە کامپی "ساوا"دا دەگرێتەوە، کە بووە سیمبولی گواستنەوە لە منداڵییەوە بۆ جیهانی میلیتاریزم.

 

لەم کامپەدا منداڵی گۆڕدرا بۆ مەشقی سەربازی توند، قارەمانێتییش گۆڕدرا بۆ بارگرانییەکی دامەزراوەیی کە قورسایی زۆری لەسەر ژنە وەرگیراوەکان بوو، سەرەڕای بانگەوازی یەکسانی، لە پشت دیوارەکانەوە باسی شۆککەری پێشێلکارییە قورسەکان و ئازاردان و دەستبەسەرکردنی بێکۆتایی کەوتبوو، لە کاتێکدا وێنەی ژنان لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیدا بڵاودەکرانەوە، ڕاستی ناوەوە زۆر تاریکتر و ئاڵۆزتر بوو، ئەم ڕەوتە کە لە دەرەوە وەک هەنگاوێک بەرەو یەکسانی لە ئەرکی نیشتمانیدا دەرکەوت، بوو بە بابەتی گفتوگۆی نێودەوڵەتی، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ پێشێلکاریی ڕاستیان لە نێوان ژنانی دامەزراودا ئاشکرا کردووە، لەوانە دەستدرێژی سێکسی، ئازاردان و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، هەروەها خزمەتی سەربازی لەبری ئەوەی دەروازەیەک بێت بۆ بەهێزکردن، بوو بە بارگرانییەکی هەڵنەهاتوو بۆ زۆر کەس.

 

سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی ئێریتریا هەوڵیدا وێنەیەکی جیاواز بۆ جیهان پڕۆژە بکات، ژنانی ئێریتریا کە بەشداری لە ئاشتیپارێزیدا دەکەن و نوێنەرایەتی وڵات دەکەن لە نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە میسیۆنەکانی وەک ئەوانەی لە کۆنگۆ و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، ژنانی ئێریتریا نزیکەی ١٥٪ی ژمارەی سەربازەکانیان پێکهێناوە.

 

ئەزموونی ئێریتریا وێنەیەکی دوولایەنە دەخاتە ڕوو: لە لایەکەوە دەستکەوتێکی شۆڕشگێڕانەی بێ وێنە لە تێکەڵکردنی ژنان وەک چەکدار ل، لە لایەکی دیکەوە سیستەمێکی میلیتاریزەکردنی ڕەق کە ژنان دەخاتە دڵی هاوکێشەیەکی توندەوە، لە نێوان ئەرکی نیشتمانی و زۆرەملێی دامەزراوەییدا دەلەرزێت.

 

”ژنان لە سوپادا: لە نێوان نموونەی ڕواندا و وریایی ئەسیوپیا”

لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقادا، ئەزموونەکانی تێکەڵکردنی ژنان لە هێزە چەکدارەکاندا جیاوازن، لەگەڵ سەرهەڵدانی نموونەی شۆڕشگێڕانە، چاکسازیخواز و پراگماتیک، بە سەیرکردنی ئەزموونەکانی ئەسیوپیا و ڕواندا، بۆمان دەردەکەوێت کە هەردووکیان نموونەی هیوابەخشیان خستۆتە ڕوو، بەڵام هیچ کامیان بێ ئاڵەنگاری خۆیان نین.

 

لە ئەسیوپیا، وڵاتەکە هەنگاوی حیسابکراو دەنێت بەرەو بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە هێزە چەکدارەکاندا، بەتایبەتی لە نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان، ناردنی زیاتر لە ٨٠٠ ژن بۆ ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی ڕوونە، بەڵام ڕەنگە وەک جۆرێک لە دامەزراندنی دەرەکی وێنەی ژنە سەربازییەکەش تێبگەین، سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە لە مەشق و بەشداریکردندا بە ژنان دەدرێن، سەرکردایەتی باڵا و بڕیارە ستراتیژییەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وەک پارێزراوی پیاوان دەمێننەوە، ئەم ئەزموونە بە پەتێکی توند لە نێوان خواست و ڕاستیدا دەڕوات، لە نێوان پابەندبوونی نێودەوڵەتی و سنووردارکردنی ناوخۆییدا.

 

ڕواندا کە لە خۆڵەمێشی جینۆساید دەرچووە، یەکێک لە سوپایە گشتگیرەکانی ئەفریقای دروستکردووە، لێرەدا ژنان وەک تایبەتیەک مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی ئاسایش و بەرگریدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ڕەنگە ئەم کراوەییە بەهۆی خواستێکی سیاسییەوە بێت بۆ پێشکەشکردنی ڕواندا وەک نموونەیەکی جیهانی بۆ ئاشتەوایی و یەکسانی، ئەمەش پرسیار لەبارەی بەردەوامیی درێژخایەنی ئەم سیاسەتانە دەوروژێنێت و ئایا لە باوەڕت دامەزراوەییەوە سەرچاوە دەگرن یان لە پێویستی باشترکردنی وێنەی نێودەوڵەتییەوە.

ئۆگاندا: ئازاری مێژوویی و پێشکەوتنی وردە وردە

لە مێژووی ئۆگاندا ئەزموونی ژنان لە سەربازیدا لەگەڵ یادەوەری شەڕ و چاکسازیدا تێکەڵ بووە، بۆ ساڵانێک ژنانی ئۆگاندا لە باکوور دەکرانە ئامانج بەهۆی دامەزراندنی زۆرەملێ لەلایەن "جيش الرب للمقاومة" ”سوپای بەرخۆدانی پەروەردگار”، هەزاران کەس لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ٢٠٠٠ەکاندا ڕفێنران و خۆیان لە دڵی ئەو شەڕانەدا بینیەوە کە هەڵیان نەبژاردبوو و تووشی ترسناکترین شێوەی توندوتیژی و ئازاردان بوون.

 

دواتر ژنان پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆگاندا ”UPDF” و ژنانی ئۆگاندا دەستیان کرد بە دووپاتکردنەوەی بوونی خۆیان بە یەکپۆشی، مەشق و ڕاهێنان و سەرکردایەتیکردن و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە، ئەوان بەشدارییان لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی لە سۆماڵدا کردووە وەک بەشێک لە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەفریقا لە سۆماڵ ”ATMIS”، کە نزیکەی ١٥٪ی هێزی ئۆگاندایان پێکهێناوە.

 

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ژنان لە نێوان ١٠٪ بۆ ١٢٪ی کۆی کارمەندانی هێزە سەربازیەکان پێکدەهێنن، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، بەڵام ڕێژەیەک کە وردە وردە لە زیادبووندایە، لە پێشینەیەکی بەرچاودا، ژەنەڕاڵ بیاتریس ئەنووک فەرماندەیی بەشی لۆژستیکی گرتە ئەستۆ و بووە یەکەم ژن کە ئەم پۆستە گرنگەی لە سوپادا هەبووە.

 

بێگومان ئاڵەنگاریەکان هەر ماون، نوێنەرایەتی ژنان لە پلە باڵاکاندا لە ٥٪ زیاتر نییە و جیاکاری نەوتراو لە تەرخانکردنی ڕۆڵەکاندا بەردەوامە، زۆرجار پۆستە بەڕێوبەری و پزیشکییەکان لە بەرژەوەندی ژنانن، سەرەڕای چاکسازییەکانی وەک دامەزراندنی یەکەکانی پشتیوانی دەروونی و هەموارکردنەوەی یاساکانی دژە هەراسانکردن، هێشتا کولتووری کۆمەڵایەتی نەریتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا بە گومانەوە سەیری خزمەتکردنی سەربازی دەکات، بەم شێوەیە ئەزموونی ئۆگاندا تابلۆیەکی ئاڵۆزی بەرخۆدان و گۆڕانکاری و کۆڵنەدان دەخاتە ڕوو، کە چیرۆکێکی تەواوەتی بەهێزکردن نییە، بەڵکو ڕێگایەکی پێچاوپێچە کە لەلایەن ژنانەوە دروستکراوە و بەردەوامن لە دروستکردنی ڕێگەی خۆیان بەناو خاکێکدا کە سەردەمانێک پڕ بووە لە مەترسی، ئێستا دەرفەتی نوێیان بەدەستهێناوە.

 

”سوپای ژن نا، بەڵکو ژن لە سوپادا:

لە ناوچەی دەریاچە گەورەکان لە نێوان وێرانەکانی شەڕێکی سەخت و سەختی ناوخۆدا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆتایی هات، بۆروندی دەستی کرد بە گەشتێک بۆ بونیادنانی نەتەوەیەکی نوێ، ژنان لە پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییەدا بوون، نەک وەک بینەر، بەڵکو وەک سەرباز و خەونبین و بریکاری گۆڕانکاری، لە سەردەمی توندوتیژی و خوێنڕشتندا، ژنانی بوروندی تەنها زیانبەرکەوتوو نەبوون کە لە سێبەردا دەژیان، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاو بوون لە دیمەنەکە، لەگەڵ گروپەکانی وەک هێزەکانی بەرگری لە دیموکراتی ”FDD” شەڕیان دەکرد.

 

لە ساڵی ٢٠١١ وەزارەتی بەرگری بە پاڵپشتی یەکێتی ئەفریقا دەرگاکانی بەڕووی ژناندا کردەوە، کە پەیوەندی بە سوپاوە بکەن، هەنگاوێک بە ئامانجی دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە چوارچێوەی هاوکێشەی ئاسایشی نیشتمانیدا، لەو کاتەدا ڕێژەکە کەمتر بوو لە ٣٪ و ژنان لە ئەکادیمیای سەربازی لە بوجومبورا لە یەکەکانی ڕەگەزی تێکەڵاودا مەشقیان پێدەکرا، بەبێ ئەوەی سوپایەکی سەربەخۆی ژنان پێکبهێنرێت.

 

هەنگاوەکان بەردەوام بوون و بەشداری ژنان لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی، وەک نوێنەرایەتی یەکێتی ئەفریقا لە سۆماڵ ”ATMIS” گەیشتە ٧٪، سەرەڕای ئاڵەنگاری بەرچاو لەوانە هەڵاواردنی نەوتراو، بۆچوونە کۆمەڵایەتییە نەریتیەکان، سەختییەکان لە ناوچە گوندنشینەکان کە بەرەنگاری گۆڕانکاری دەبنەوە.

 

تا ساڵی ٢٠٢٣، ژنان ٥٪ی سوپا و ٨٪ی هێزی سەربازیان پێکهێنابوو، ژمارەکان زۆر نزم ماونەتەوە، چیرۆکی خەباتێکی خاو بەڵام جێگیر دەگێڕنەوە، چیرۆکی ژنێکی بوروندی کە بە خواستێکی نەگۆڕ بۆ نەتەوەیەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر بە میراسی سەختی شەڕدا دەڕوات.

 

بەهێزکردن پڕ لە بەربەست

لە سۆماڵ کە نەریتە ڕەگداکوتاوەکان لەگەڵ ئاڵەنگاری هاوچەرخدا تێکەڵ دەبن، ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن، لەنێویاندا هێزە چەکدارەکان، سەرەڕای ئەم گرنگییە، بەشداریکردنیان لە سەربازیدا سنووردارە، بەهۆی بەربەستە کولتووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاستەنگیان لەسەرە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە نەریتە توندەکانی خێڵەکی و لێکدانەوەی ئایینی کۆنەپەرستانەدا نوقم بووە، ژنان لەبەرکردنی جلوبەرگی سەربازی وەک یاخیبوونێک لە نۆرمەکانی دامەزراو سەیر دەکرێن،

ژنێک کە چەکی هەڵگرتووە و مەشقی شەڕکردن دەکات، وەک سەرپێچی لەو "سروشتە" سەیر دەکرێت کە مەبەست لێی بووە، ئەم چەشنە کۆنەپەرستانە نەک هەر لە داب و نەریتە بەسەرچووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت بەڵکو لە وتارێکی ئایینی ڕەقەوە کە لەلایەن گروپەکانی وەک ”شەباب”ەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، کە بە توندی بوونی ژنان لە ژیانی گشتیدا ڕەتدەکاتەوە، چ سەربازی، بە بڕوای ئەوان، ژنە وەرگیراوەکان سیمبولی خراپبوونی ڕەوشتین، کە وەک ئامراز لەلایەن "دوژمنی ڕۆژئاوا"ەوە بەکاردەهێنرێن.

 

بەڵام ئاڵەنگاریەکان لە ئایدۆلۆژیا تێدەپەڕن بۆ ڕاستی پراکتیکییەکانی ناو دامەزراوەی سەربازی، سەرەڕای ڕاگەیاندنە فەرمییەکان کە پەرە بە بەهێزکردنی ژنان دەدەن، هەڵاواردنی پێکهاتەیی بەردەوامە، زۆرجار ژنان ئاڕاستە دەکرێن بۆ ئەرکی بەڕێوبەری یان پزیشکی، لەکاتێکدا لە یەکەکانی شەڕ یان هەواڵگری دوور دەخرێنەوە، تەنانەت پۆستی سەرکردایەتیش زۆرجار دەدرێت بە پیاوان، ئەگەر بە یەکسانی لێهاتوویش بن، ئازاردانی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەریان لەناو کامپەکاندا، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی یەکەکانی پشتیوانی دەروونی.

 

لە دەرەوەی دیوارەکانی سوپا، ژنە وەرگیراوەکان ڕووبەڕووی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دەبنەوە، لە هەندێک ناوچە گوندنشینەکاندا، ژنێک کە لە سەربازیدا خزمەت دەکات بە "بێ کەرامەت" دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی لە خێزانەکەی، ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ حاڵەتی دڵتەزێنی ئەو ژنانەیان بەڵگەدار کردووە کە لە ماڵەکانیان دەرکراون یان بە زۆر هاوسەرگیریان کردووە دوای ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی دۆزرایەوە.

 

بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، ئایدۆلۆژیای دژە سەربازی لەگەڵ هەڵکشانی هەڕەشە ئەمنییەکان دەستی بە وردبوونەوە کردووە، سۆماڵ کە لەگەڵ هەڕەشە تیرۆریستییەکان و دابەشکارییە ناوخۆییەکان دەجەنگێت، پێویستی بە هەموو دەستێکی بەتوانایە بۆ بەرگریکردن لێی.

 

لە کۆتاییدا ئەزموونی ژنانی سۆماڵی لە سوپادا بە ململانێیەکی بەردەوام لە نێوان بەهێزکردن و ژێردەستەکردن، لە نێوان ڕاستیە ئەمنییەکان و ئایدۆلۆژیای نەریتی و لە نێوان خواستی تاکەکەسی و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەدەچێت، کە گەشتێکە بە ژمارەی دامەزراوەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای ئەوان بۆ گۆڕینی تێڕوانینەکانیان بۆ ژنان لە یاریزانە ملکەچەکانەوە بۆ یاریزانە سەرەکییەکان لە بونیادنانی نەتەوەیەکدا کە هێشتا لەناو داروپەردوودا بەدوای ناسنامەکەیدا دەگەڕێت.

 

لە ئاپارتایدەوە بۆ سوپای فرەڕەنگ

ئەگەر بچینە باشوور، ئەزموونێکی تەواو جیاواز دەدۆزینەوە، دوای کۆتایی هاتنی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا لە ساڵانی نەوەدەکاندا، وڵاتەکە نەک تەنها دەستی کرد بە دووبارە بونیادنانەوەی پێکهاتە بەڕێوبەریەکانی، بەڵکو دەستی بە داڕشتنەوەی هێزە سەربازیەکانیشی کرد، بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی کولتووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەی بێت، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لەم گۆڕانکارییەدا، ژنان لە هێزی بەرگری نیشتمانی ئەفریقای باشوور ”SANDF” وەک بەشێک لە سیاسەتێکی ڕوون ڕێکخران کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی یەکسانی بوو، ئەمەش تەنها لە کردنەوەی دامەزراندن بۆیان تێپەڕی، یاسا سەربازییەکان هەموارکرانەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسانیان لە ڕۆڵی شەڕکردن و پۆستەکانی سەرکردایەتیدا مسۆگەری بکرێت.

 

جێگای سەرنجە کە بەشداری ژنان تەنها سیمبولی نەبووە،بەڵکو هاندراون بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا، لەوانەش ڕۆڵی سەرکردایەتی لە هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی، هەروەها ئەفریقای باشوور وڵاتێکی پێشەنگی ئەفریقایە لە تێکەڵکردنی پرسە ڕەگەزیەکان لە دوکتۆرینی سەربازی خۆیدا، لەگەڵ دابینکردنی یەکەکانی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی لەناو خزمەتگوزارییەکەدا، بەڵام سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، هێزە چەکدارەکان هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە هەراسانکردن و هەڵاواردن لەناو پادگانی سەربازیدا دەبنەوە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای توند، جیاوازی موچە و پلەبەرزکردنەوە لە هەندێک لقدا لە بەرژەوەندی پیاوان بەردەوامە و لە ناوچە گوندنشینەکانیشدا فشاری کۆمەڵایەتی هەیە، کە زۆرجار خزمەتکردنی سەربازی وەک "پیشەی پیاوان" هەست پێدەکرێت.

ژنان لە نەیجیریا: هێزێک بۆ گۆڕانکاری لە بەرامبەر تیرۆردا

لە نەیجیریا، لەگەڵ توندبوونەوەی بڵێسەی تیرۆر لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە دوای داگیرکردنی دەوڵەتانی باکووری ڕۆژهەڵاتی بوکو حەرام لە ساڵی ٢٠١٤، وڵاتەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە ژنان نزیکەی ٢٨٪ی هێزەکانی ئاشتیپارێزی پێکدەهێنن.

 

ژنان وازیان لە ڕۆڵە نەریتییەکان هێناوە و هەنگاویان ناوە بۆ هێڵەکانی پێشەوە، بەڵام لەگەڵ هەر تەقەکردنێک لە بەرەکانی شەڕدا، شەڕێکی دیکە بە بێدەنگی بەڕێوەدەچێت، شەڕێک دژی ئاساییەکانی کۆمەڵایەتی ڕەق، بە تایبەت لە باکووری وڵاتدا، کە هێشتا هەندێک کولتوور وەک پیشەیەکی "زۆرینەی پیاوان" سەیری خزمەتکردنی سەربازی دەکەن، کە خەباتێکی فرە بەرەییە و ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لە نێوان چاکسازی غانا و شۆڕشی ئەنگۆلا

لە غانا کە ڕێگای چاکسازیی لەبری شۆڕش هەڵبژارد، گۆڕانکارییەکە زوو دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٩٥٨، تەنها ساڵێک دوای سەربەخۆیی، یەکەم ژن پەیوەندی بە سوپاوە کرد، ئەمەش سەردەمێکی نوێی بەشداریکردنی ژنان لە بەرگری نیشتمانیدا دەستپێکرد، بەڵام ئێستاش ژنان کەمتر لە ١٥٪ی هێزە سەربازیەکان پێکدەهێنن.

 

ئەنگۆلا کە لە هاوارەکانی شەڕی ڕزگاریخوازی خۆیەوە لەدایک بووە، سەرەڕای ڕۆڵی قارەمانانەی ژنانی لە شۆڕشدا، پێکهاتەیەکی سەربازیی نەریتی پاراستووە، ژنان لە دڵی شەڕەکەدا بوون لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی لە ساڵانی شەستەکاندا، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گەل بۆ ڕزگاری ئەنگۆلا ”MPLA” کرد.

 

لەم خەباتەوە ڕێکخراوی ژنانی ئەنگۆلا لە ساڵی ١٩٦٢دا سەریهەڵدا، کە قۆڵێکی فێمینیستی شۆڕشگێڕانەی سەرکردایەتی هێزی سیاسی و سەربازی ژنان و دامەزراندنی وتارێکی دووانەی ئازادی و یەکسانی دەکرد، بەڵام ساتەوەختی سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٧٥دا یەکسەر نەگۆڕدرا بۆ بەهێزکردنی فێمینیست لەناو دامەزراوەی سەربازیدا، پێکهاتەی پیاوسالاری بە باڵادەستی مایەوە و بەشداری ژنان لە یەکەکانی شەڕ و فەرماندەیی باڵادا سنووردار بوو، ئەمەش لەلایەن ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕێژەی ژنان لە سوپای ئەنگۆلا تا ساڵی ٢٠٢٣ لە ١٥٪ زیاتر نەبووە، لەگەڵ نوێنەرایەتی ژنان لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیدا نزیکەی ١٠٪ بووە، بەتایبەتی لە کۆنگۆ و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست.

 

سینگال: گۆڕانی سەربازی لە چاویلکەی ژنانەوە

سینگال وەک سێیەم نموونە دەرکەوتووە کە شایەنی ڕەچاوکردنە، شانبەشانی غانا و ئەنگۆلا، ئەزموونەکەی دیسیپلینی سەربازیی نەریتی لەگەڵ کرانەوەی وردە وردە بەڕووی بەشداریکردنی ژناندا تێکەڵ دەکات، کە بەهۆی مێژوویەکی سیاسی تاڕادەیەک سەقامگیر و خواستی بەرزکردنەوەی وێنەی نێودەوڵەتییەوە پاڵدەنرێت.

 

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا سینگال دەستی کردووە بە تێکەڵکردنی ژنان لە هێزە سەربازیەکانیدا، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی ژنان لە سوپای سینگالدا هێشتا کەمتر بووە لە ١٥٪.

 

دواجار ئەم ئەزموونانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە بوونی ژنان لە بەرەکانی شەڕدا هەرگیز پڕۆژەیەکی بەرگری نەبووە بۆ خودی ژنان، نە هەوڵێک بووە بۆ بونیادنانی سوپایەکی سەربەخۆی ژنان، بەڵکو بەشێک بوو لە هاوکێشەیەکی فراوانتر کە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و پێداویستییە ئەمنییەکان بەڕێوەی دەبرد.

 

ژنان بۆ پاراستنی ڕەگەزی خۆیان نەچوونەتە ناو دامەزراوەی سەربازییەوە، بەڵکو کرابوونە بەشێک لە سیستەمی نەتەوەیی یان شۆڕشگێڕانەی کە لە نێوان بەهێزکردنی سیمبولی و سنووردارکردنی پێکهاتەیی، لە نێوان وێنەیەکی پێشکەوتنخوازانە و ڕاستیەکی پڕ لە ئاستەنگدا دەلەرزن.

 

ئەم یارییە یەکتر لە نێوان ڕۆڵ و ناسنامەدا ئەوە دەردەخات کە بەشداری ژنان لە سوپای ئەفریقادا هێشتا نەگۆڕاوە بۆ یەکسانییەکی تەواو یان سەربەخۆیی ڕاستەقینە، بەڵکو بەهۆی سنووردارکردنی خودی دامەزراوە سەربازییەکەوە سنووردار دەمێنێتەوە، لە بەشی سێیەمی ئەم ڕاپۆرتەدا ڕۆشنایی دەخەینە سەر ئەزموونەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە لە بوونی ژنان لە شوێنکانی بەرخۆدان و گۆڕانکاریدا.