ڕووبارەکانی عێراق چۆن بوون بە ناوچەیەکی قەیرانی هەرێمی؟

خاکی میزۆپۆتامیا ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو دەبێتەوە و بەهۆی بەنداوەکانی تورکیا و گۆڕانی کەشوهەواوە، بەهۆی کەمی ئاو هەڕەشە لەسەر ژینگە و ئاسایشی خۆراک هەیە.

نور مەرسومی

 

عێراق- ڕووباری دیجلە لە دەریاچەی ھەزارەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەکەوێتە چیای تۆروس لە باکووری کوردستان "ڕۆژھەڵاتی تورکیا"، ڕووباری فورات لە لێکنزیکبوونەوەی ڕووباری موراد و قەرەسو لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دروست دەبێت، هەردوو ڕووبارەکە بەرەو باشوور دەڕژێن و بە سووریا و پاشان عێراقدا تێدەپەڕن، دروستکردنی چەند بەنداوێک لەلایەن تورکیاوە لەسەر کەناری ئەو دوو ڕووبارە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی ئاوی کەمکردوەتەوە، ئەمەش ئاڵەنگاریە ژینگەیەکانی لەڕۆشنایی قەیرانی کەشوهەوای جیهانیدا گەورەتر کردوە.

 

"هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئاوی وڵات"

ئەزهار وارد مالیکی، ئەندازیاری باڵای کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە گرنگترین ڕووبارەکانی عێراقن، کە لە تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە، یەکێکن لە ڕووبارە گرنگەکانی ئاوی شیرین، دوو ڕووبارەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەسرە لە قورنە یەکدەگرنەوە و دواتر لە قورنە عەلی ١٩٣ کم دەبڕن و شەت عەرەب پێکدەهێنن کە دەڕژێتە ناو کەنداوی عەرەبی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقن، لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی لە باشووری وڵاتەکە، هەروەها باران و بەفربارین لە ناوچەکانی باکوور سەرچاوەیەکی سروشتی زیادەیە، ئەگەر ئەم سەرچاوانە کەم ببنەوە، بە تایبەت ئاستی ئاوی دوو ڕووبارەکە دادەبەزێت، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕی ئاوی ژێر زەویش دەبێت، کە ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی وڵاتەکە دروست دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دروستکردنی بەنداوەکان لە تورکیا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بڕی ئاوی گەیشتن بە عێراق هەیە، بەو پێیەی دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتدا بەدی کراوە، ئەم دابەزینە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتە گرنگەکانی وڵاتەکە هەیە، وەک کشتوکاڵ، ئاوی خواردنەوە، تەندروستی گشتی و ژینگە.

 

ڕوونیشیکردەوە، دیارترین هۆکارەکانی کەمی ئاو بەتایبەتی لە ڕووباری فورات، دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری لە چوارچێوەی خاکی تورکیایە، جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی، کە قەیرانەکە زیاتر دەکەن. نموونەیەکی بەرچاوی ئەمەش بەنداوی ئیلیسویە کە لەسەر سەرچاوەی ڕووباری دیجلە دروستکراوە بۆ پاڵپشتیکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبای ئاو لە ناوخۆی تورکیادا.

 

"گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و گفتوگۆی بونیادنەر لە نێوان هەردوو وڵات"

ئەزهار مالکی جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری سیاسەتێکی توند و هاوسەنگ لە مامەڵەکانی لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو کردەوە، جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی هاوکاری و گفتوگۆی بونیادنەر لە نێوان هەردوو وڵات کردەوە، مافی عێراقی دوپاتکردەوە کە پەنا بۆ ڕێگەی یاسایی نێودەوڵەتی ببات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئاوییەکانی ئەگەر هەوڵەکانی دانوستاندن لەرزین یان نەتوانن ئەنجامی بەرجەستە بەدەستبهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دوو کێشەی نزیک بەیەکەوە گرێدراون، بەو پێیەی گۆڕانی کەشوهەوا بەشدارە لە توندبوونەوەی قەیرانی ئاو بە کەمکردنەوەی بڕی و تێکچوونی کوالیتی ئاوەکە، ڕونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵمبوون لە ڕووبار و دەریاچە و کۆگاکانەوە، لە ئەنجامدا بڕی ئاوی شیرینی بەردەست دابەزیوە.

 

بەهەمان شێوە دابەزینی ڕێژەی بارانبارین و گۆڕانی شێوازی بارانبارین بەشداربووە لە کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوی نوێبووەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی دیاردەی کەشوهەوای توند وەک وشکەساڵی و لافاو، کە لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر کوالیتی ئاو هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکانی باشووری عێراق بووەتە هۆی هاتنە ناوەوەی ئاوی سوێر بۆ ناو ئاوی شیرین و وایکردوە ئاوەکە شیاوی خواردنەوە نەبێت، ئەم تێکچونەی کوالیتی ئاو کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی هەیە، کە زۆر پشت بە ئاو دەبەستێت، کە ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە دروست دەکات.

 

"گرتنەبەری ڕەفتاری بەردەوامی بەکارهێنانی ئاو"

ئەزهار مالیکی ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی ئاوی پاک بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گواستراوەکانی ئاو، ئەمەش مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەندروستی دانیشتوان دروست دەکات و ئاڵەنگاریە تەندروستی و ژینگەیەکانی عێراق گەورەتر دەکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە کەمی ئاو سێبەر دەخاتە سەر ئیکۆسیستەمی عێراق بەتایبەتی تاڵاوەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندو و تێکچوونی ژیانی سروشتی لەوێ، هەروەها کەمی ئاو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری نیشتمانی هەیە، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، کە زۆر پشت بە سەرچاوەکانی ئاو دەبەستن، ئەمەش ڕێگری لە گەشەی ئابووری دەکات و ئاڵەنگاریەکانی گەشەپێدان توندتر دەکات.

 

ئاماژەی بەوەکرد، کە کەمی ئاو ژینگەیەکی بەپیت بۆ ململانێ و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروست دەکات، چ لە ئاستی ناوخۆیی نێوان پێکهاتەکان و چ لەسەر ئاستی ناوچەیی لە نێوان وڵاتاندا، کە ئەمەش هەڕەشە لە سەقامگیری دەکات و گرژیە سیاسی و ئابووریەکان زیاتر دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی ئاو لە عێراق کاریگەریەکی قوڵی لەسەر تاڵاوەکان هەبووە، بەو پێیەی دابەزینی ئاستی ئاو بووەتە هۆی وشکبوونەوەی ناوچە فراوانەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە بەتایبەتی جوتیاران و دانیشتوانی ناوچەکانی وەک تاڵاوەکانی جەبایش و حەمار، دانیشتوانیان ئەم ناوچانە پشتیان بەستوە بە ماسیگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵ وەک سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان، بەڵام تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر بژێوی ژیانیان داناوە و مەترسی لەسەر سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتیان دروستکردوە.

 

جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاریە ناوچەیەکان لە نێوان وڵاتانی سەرەوە و خوارەوەی ئاودا کردەوە بۆ بەدەستهێنانی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکانی ئاو، جەختی لەسەر پێویستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتاکانی پەیوەست بە ئاو و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش کردەوە کە بەکارهێنانی بەردەوام و دادپەروەرانەی ئەم سەرچاوانەی مسۆگەر بکات، گرنگە متمانە لە نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار دروست بکرێت و ڕۆڵی  ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان لە پاڵپشتیکردنی ئەم هاوکاریە چالاک بکرێت، ئەمە جگە لەوەی جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆ و دانوستان بکرێتەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی ئاو و دورکەوتنەوە لە پەرەسەندن.

 

ئەزهار مالیکی لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە بڵاوکردنەوەی کلتووری پاراستنی ئاو و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی کەمی ئاو و خستنەڕووی چارەسەرە ئەگەریەکان هەنگاوێکی بنەڕەتیە بەرەو گۆڕانکاری، ئەزهار مالیکی جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕەفتاری بەکارهێنانی ئاوی بەردەوام کردەوە.