وشکەساڵی کاریگەری خراپی لە سەر گوندەکان دروست کردووە

وشکەساڵی کاری کردووەتە سەر باری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و بە تایبەت گوندنشینان، ئەو ژنانەشی بژێوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵداری و کشتوکاڵ کردنە زیانیان بەردەکەوێت.

دیڤان سیهاد

 

بناری قەندیل و ڕانیە- وشکە ساڵی دیاردەیەکی سروشتی و ئاڵۆزە لە زۆربەی بەشی گۆی زەوی ڕوو دەدات، دەبێتە هۆکاری خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و ژیان و گوزەرانیان، وشکە ساڵی بەهۆی کەمی دابارینی بەفرو باران لە ناوچەیەک ڕوو دەدات بە جۆرێک ئەو ڕێژەیە لە ڕێژەی سروشتی پێویست بە گەشەی کشتوکاڵی ناوچەو ژینگەکەی کە دەبێتە هۆی کەم بوننی یان نەمانی بەرهەمی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاو، لە ڕۆژگاری ئیستاشدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کە بەرۆکی جیهانی گرتووە، کوردستانیش لەم گۆڕانکارییە بێبەش نییەو بۆ ئەمساڵ بێ ئاویی و وشکەساڵی تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە.

 

سەبارەت بەم بابەتە سۆما حاتەم، پزیشکی ڤێتەرنەری و چالاکوان لە ڕانیەو سەروین جەلال، دانیشتوی بناری قەندیل قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"مرۆڤ بە جەنگ و وێرانکاری دەستی هەبووە لە بەرز کردنەوەی پلەی گەرمی"

سۆما حاتەم، پزیشکی ڤێتەرنەری و چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، دیارە لە ڕابردوودا ئەو کارو چالاکیانەی ئەنجامیان داوە سەرباری بابەتی هۆشیاری و پزیشکی ڤێتەنەری و شێوەکاری و هونەری یەکێک لەو سێکتەرانەی کە زۆر گرنگییان پێداوە سێکتەری ژینگە بووە، لە ناویشیاندا گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا وتی: هەروەکو خۆتان دەزانن کە گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا لەم چەند ساڵی دوایدا زۆر زۆر زیاتر بووە بەرز بوونەوەی پلەی گەرما یا با بڵێین بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی زیاتر بووە کە ئەمیش کاری کردتە سەر کۆی جومگەکانی ژیان لە سەر گۆی زەوی و لە سەر مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان بە گشتی، یەکێک لەو سێکتەرانەش کە زۆر بە چڕی کاری تێکراوە لە سەر بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی ئەویش ژینگەیە یان کەم بوونەوەی سەوزایی یە دیاردەکانی بە بیابان بوون و خۆڵ بارین، کەم بوونەوەی ئاوە کە ئێمە ئەمساڵ هەست دەکەین ئەم دیاردانە بە چاوی خۆمان دەبینین، وا دەزانین وشکە ساڵیە بەڵام بە پێی چەندین توێژینەوە ئەوەی توێژەران پێمان دەڵێن ئەمە وشکە ساڵی نییە بەڵکو لێکەوتەکانی یان با بڵێن دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوایە کە لە چەندین ساڵی پێشودا مرۆڤ بە گشتی بەهۆی ڕەچاو نەکردنی پاراستنی ژینگە و بە هۆی جەنگ و وێرانکاریەوە دەستی هەبووە لە بەرز کردنەوەی پلەی گەرمیدا یاخود بە هۆی زیاد بوونی ئامرازەکانی گواستنەوە وەکو ئۆتۆمبێل وە ئامرازی گواستنەوەی گشتی یاخود زیاد بوونی گوێزەرەوەکان، زیاد بوونی ژمارەی دانیشتووان ئەمانە هەمووی کاری کردۆتە سەر بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و زیاد بوونی ڕێژەی گازە ژەهراوییەکان لە گۆی زەویدا، بە تایبەتی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ئەم بەرز بوونەوەی پلەی گەرمیەش بێگومان شێوازێکی بازنەی هەیە دواجار چەندین دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە، لەوانە کەم بوونەوەی ئاو و بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک نەخۆشی بەکتریا و ڤایرۆسی بە تایبەتی لە وەرزە گەرمەکاندا، چالاکی مشە خۆرەکان کە پەیوەستن بە بەرز بونەوەی پلەی گەرمی زەویەوە کە یەکێک لەونەخۆشیانەی دەیگوازنەوە نەخۆشی تایی خوێن بەربوونە، زیاد بوونی گازە ژەهراویەکان لە هەوادا کە ئەگەر سەیری ئاسمان بکەین دەبینین ئاسمان چەندێک دوکەڵی پیس و ژەهراوی تێدا کۆبۆتەوە کە ئەمەش دووبارە کاریگەری تری هەیە یان با بڵێن دەبێتە هۆی مەترسی توش بوون بە نەخۆشی کوشندەی تر وەکو نەخۆشی شێرپەنجە.

 

"بەرهەمی کشتوكاڵی ئاژەڵداری کەمی کردووەو مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافیاش هەیە"

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرو بوومی جوتیاران و با بڵێن ئاژەڵدارانیش کەمی کردووە کە لەم ساڵدا بە تایبەت لە کوردستاندا، لەوانەیە ئێمە لە کۆتایی وەرزی هاویندا هەست بەو کاریگەریە بکەین، بەرو بوومی ئاژەڵدارانیش یان جوتیاران بە هۆی بەرز بونەوەی پلەی گەرما لەوانەیە کەمتر بێتەوە چونکە ئەو بەرز بوونەوەی پلەی گەرمایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراکی ئاژەڵ کە ئاژەڵیش خۆراکی کەم بوو کار دەکاتە سەر بەرو بوومی ئاژەڵیش، جگە لەوەش کاریگەریەکی تری مەترسیداری بەرز بونەوەی پلەی گەرمی زەوی کە ئێمە لەوانەیە ئێستا لە کوردستان هەستی پێنەکەین بەڵام لە چەندین ساڵی ئایندە لە ٣٠ تا ٤٠ ساڵی تر لەوانەیە هەستی پێبکەین ئەویش گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانە چونکە هەر ناوچەیەک کە گەرم بێت لەوانەیە توشی بە بیابان بون بێت و مەرجەکانی ژیانێکی تەندروستی تێدا نەمێنێت وە ئاو تێدا کەمبێتەوە کە ئاویش پێویستە بۆ هەر شوێنێک کە ئاوەدانی تێدا بێت بۆ ئەوەی کە مرۆڤ تێدا درێژە بە ژیانی بدات، بۆیە کە ئەو ڕەگەزانەی ژیان لەو شوێنانەدا نەما ئەو شوێنە هەواکەی پیس بوو و خاکەکەی وشک بوو بە پیتی خاکەکەی کەم بویەوە ئاوی تێدا نەما و سەرچاوەی کانی و بیر و کارێزەکانی وشک بوو ئەو کەسە ناچارە لەو شوێنە کۆچ بکات بۆ شوێنێکی تر کە هەواکەی پاکترە کە ئاوی تێدا دەست دەکەوێت، کە ژینگەکەی سەوزە و تەندروست ترە وە پارێزراو ترە بۆ ژیان.

 

"کەمی بەفرەباران کاریگەری سەرچاوە ئاوییەکان کردووە"

سەروین جەلال، دانیشتوی بناری قەندیل وتی: دیارە ئەو شێوازەی کە ئێمە تیدا دەژین بە وشکە ساڵیەکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین، ئەمساڵ کە ساڵی ٢٠٢٥بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی کەم باران و بەفر بارین کاریگەری زۆری لە سەرچاوە ئاوییەکان کردووە سەرچاوە کانیاوەکان و ڕووبار و ڕووبارەکان بەشێوازێکی زۆر دابەزیوە و کەمی کردووە، بەوەش گیر و گرفت بۆ دانیشتووانی بناری قەندیل دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دانیشتووانی بناری قەندیل نەتوانن بە پێی پێویست کاروبارەکان جێبەجێ بکەین، ئەویش بەهۆی ئەوەی جوگرافیەوە بەهۆی ئەوەی سنوری ناوچەکەی بناری قەندیل کە خەڵکی دانیشتووانی ئەم دەڤەرە بە شێوازێکی بەرچاو بژێوی ژیانیان داهاتیان لە سەر کشتوکاڵ کردن و لە سەر بەخێو کردنی ئاژەڵدارییە، بۆیە بەهۆی وشکە ساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بە گشتی لە جیهاندا بە تایبەت لە کوردستاندا کاریگەری زۆر لە سەر بناری قەندیل کردووە، زۆر لە بیرەکان ئەو بیرانەی کە هەبووە، تاک و تەرا ئەگەر بیرەکانیشیان وشک نەکەن، ئاوەکەی دابەزێت نەتوانن سوودی لێ ببینن، بۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو باخ و بێستانەی کردویانە وشک بن، لە هەمانکاتدا ناتوانن ئەو بژێویەی ژیانی خۆیان لە سەر ئەو کشتوکاڵ کردن و لە سەر بەخێو کردنی ئاژەڵداری دابین بکەن.

 

"داهاتی ژنان کەمدەبێتەوەو بژێوی ژیانیان لەدەست دەدەن

لەکۆتایی قسەکانیدا سەروین جەلال وتی: ژنانیش بەشێکن لە دانیشتووانی بناری قەندیل کە ئەوانیش بە شێوازێکی بەرچاو ناتوانن بژیوی ژیانیان دابین بکەن، چونکە داهاتی خۆیان لە سەر کشتوکاڵ کردن و تەمات و خەیار کردن پەیدا دەکەن، بۆیە ئەوانیش وەکو جاران بژێوی ژیانی خۆیان پێ دابین ناکرێت، لە هەمانکاتدا ئێمە کە دانیشتووانی بناری قەندیل پێویستە بە ئەو وشکە ساڵیە تێپەڕێنین وە بە شێوازێکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵ بکەی، وابکەین کە زیاتر کاریگەری نەکاتە سەر بناری قەندیل ئەویش بەهۆی کە زیادەڕۆی لە ئاودا نەکەین، زیادە ڕۆی لە سەرچاوەی ئاویدا نەکەین، بە شێوازێکی یەکسان بۆ هەموو ماڵەکان و بۆ هەموو دانیشتووانی گوندەکان بچێت بتوانن سوودی لێ ببینن.