پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ وشکەساڵی بێت

بەهۆی کەمی باران بارین و بێ پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیاران و شارەزایانی بواری کەشناسی و کشتوکاڵ پێشبینی دەکەن ئەمساڵ وشکەساڵی بێت، بەشێکیان دەڵێن ئەگەر لە وەرزی زستان و بەهاردا ڕێژەیەکی زۆر باران نەبارێت هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- وەرزی پایز لە کۆتا ڕۆژەکانیدایە، بەڵام تائێستا ڕێژەیەکی کەم باران باریوە بە بەراورد بە ساڵی پار و ساڵەکانی دیکەش، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ وشکەساڵی بێت کە کاریگەری خراپ دەخاتە سەر کشتوکاڵ، گەرمی زەوی، زیادبوونی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە.

 

بەپێی وتەی ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، لەمساڵدا تائێستا ٣٨.٣ ملم باران باریوە کە دەکاتە لە ٪٣٥ی بارانی پایز، لەکاتێکدا ساڵی پار تا ئەمکاتانە ٢٠٤.٧ ملم باران باریبوو، ئاماژەی بەوەشدا، ناکرێت لە ئێستاوە بڵێین وشکەساڵییە چونکە لە ٪٥٠ی باران بارین لە وەرزی زستاندایە و کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردادێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی وشکەساڵی نەبینەوە، بەڵام لە کاتێکیشدا باران نەبارێت دەبێت بڵێین وشکەساڵییە.

 

دکتۆر سایە سەلام، مامۆستای زانکۆ، وشکەساڵی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچیەکی دیکە دەگۆڕێت لە ناوچەی ئێمە بە هۆی کەمئاویەوە دروستدەبێت، لەکاتێکدا لە ناوچەیەکی دیکەدا ئەشێ بە هۆکارێکی دیکە وشکەساڵی دروستببێت، کە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر کشتوکاڵ و ئاوی ژێر زەوی.

 

کەمی باران کار دەکاتە سەر کەمکردنەوەی بڕ و جۆری بەرهەمهێنان و دەبێتە هۆی ئەوەی بڕەکە کەمبێتەوە و جۆری ئاوەکەش بگۆڕدرێت لە ڕووی زانستییەوە پێی دەوترێت "بڕشتی زەوی"، هەروەها کار دەکاتە سەر کەم بوونەوەی ڕووبەری زەویی کشتوکاڵ و کەمبوونەوەی کانزا و ئەو مادە پێویستیانەی کە زەوی پێویستی پێیەتی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەمەش بەرهەمێکمان دەست دەکەوێت کەمی هەبێت لە ڕووی ماددەی کانزای و بەسود و دواجار زیان بۆ سەر مرۆڤ دروستدەکات.

 

هۆکاری کەمی باران چییە؟

لە وەڵامدا ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەدا سەرەکیترین هۆکار بۆ کەبوونەوەی ڕێژەی باران بارین، بریتییە لە زیدبوونی ژمارەی دانیشتوان لە هەموو جیهاندا، کاتێک ژمارەی دانیشتوان زیاد دەکات پێویست بە بەرهەمهێنانی زیاد دەکات چونکە ئەو بڕەی کە هەیە پێداویستی ئەو ژمارەی دانیشتوانە پڕ ناکاتەوە.

"بۆیە پێویستە دەکات کارگەی زیاتر دروستبکرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر فڕێدانی گاز و دووەم ئۆکسیدی کاربون بۆناو چینەکانی بەرگە هەوا و هۆکاری زیانگەیاندنە بە چینەکانی بەرگەهەوا و گەرمبوونی زەوی، هەروەها گۆڕان لە پەستان و با دروستدەکات.

 

"کەمی باران زیان بە زەوی و بونەوەرەکانی سەر زەوی دەگەیەنێت"

دکتۆر سایە دەربارەی زیانەکانی کەم بارین وتی: "کاتێک دەڵێن زەوی بە تەنها خۆی ناگرێتەوە بەڵکو هەموو ئەو بونەوەرانە دەگرێتەوە کە لەسەری دەژین، بۆیە کەمی باران چەند کاریگەری خراپ لەسەر زەوی دروستبکات ئەوەندە لەسەر بونەوەرەکانی ناوی دروستیدەکات"، هەروەها باسی لەوەکرد کاتێک زیان بە زەوی دەکەوێت دەبێتە هۆی دەرکەوتنی بونەوەری زیان بەخش هەروەها کەمبوونەوەی بونەوەرەکانی دیکە.

 

دەشڵێت: کەمی باران کار دەکاتە سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی وەک "بیر و کارێزەکان"، جگە لە کەمبوونەوەی بڕەکەی دەبیتە هۆی گۆڕینی جۆری ئاوەکە لە باشەوە بۆ خراپ، چونکە کاتێک باران کەم دەبێت مادە تواوەکانی ناو بەردەکان زیاتر دەردەدرێن و دواجار دەبنە هۆی تێکدانی جۆری ئاوەکە و دواجار ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کشتوکاڵکردن.

 

"لە کەمی باراندا، هەر جۆرە ئاوێک بەکاربهێنرێت بۆ ئاودانی بەرووبوومی کشتوکاڵی زیان بە بەرهەمەکە دەگەیەنێت"

لە نەبوونی باران، کاتێک بۆ ئاودانی دانەوێڵە و کشتوکاڵ پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستین کە بڕ و جۆرەکەی گۆڕانی بەسەرداهاتووە، گەڵا و بەری دارەکان جوان نابن، هەروەها تامەکەی بەبەراورد بە ڕووەکێک کە بە ئاوی پاک ئاو بدرێت زۆر جیاوزە و تامی خۆش نییە، جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی بەشەکانی ناوەوەی ڕووەکەکە و دواجار زیانی دەبێت بۆ مرۆڤ.

 

وە کاتێک پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترێت، کلس و ماددە تواوەکانی لە بەردەکاندا دەگوازرێنەوە بۆ ئاوەکە لەوکاتەی باران کەمە و دواتر بەکاردەهێنرێن بۆ ئاودانی دانەوێڵە و کشتوکاڵ دەبنە هۆی تێکدانی چینی سەرەوەی زەوی و ماددە و کلسەکانیان بۆ دەگوازرێتەوە.

 

"وشکەساڵی جۆری هەیە"

ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەدا ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر کەمتر باران باریوە، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگەکانی دیکەدا بارانی پێویست ببارێت بەڵام کاتێک باران لە مانگەکانی دیکەشدا نەباری پێویستە ڕابگەیەنرێت کە ئەمساڵ "وشکە ساڵییە".

 

"وشەی وشکەساڵی کە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت جیاوازە لەو دەستەواژەیەی کە بۆ ئاوی ژێر زەوی بەکاردێت، بۆ نمونە هەر ساڵێک بارینی باران بە ڕێژەی زۆر یاخود کەم ڕاستەوخۆ کار لە کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی دەکات، بەڵام ئەگەر بارینی تەواوەتیش ببارێت و ڕێژەیەکی باشیش بێت کار ناکاتە سەر باشبوونی ئاوی ژێر زەوی، بەڵکو پێویستە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕێژەی باران بارین کەم نەکات و هەمیشە لە بەرزبوونەوەدا بێت دواجار کێشەی کەمی ئاوی ژێر زەوی چارەسەر دەبێت".

 

ئەوەشی خستە ڕوو کە ئاوی ژێر زەوی لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر بارانە، پێویستی بە خۆراک پێدانی ئاویشە، چونکە جگە لەوەی لە ڕووی سروشتییەوە ئاستی ئاوەکە کەمی کردووە بەردەوام لە ڕێی مرۆیشەوە ئاوی لێدەردەهێنرێت.

 

"لە هەرێمی کوردستان گرفتی کەم ئاوی نییە، بەڵکو خراپی بەڕێوەبردنی ئاو هەیە"

دکتۆر سایە باسی لەوەکرد لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمی ئاو نییە بەڵکو کێشەی خراپ بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی ئاو هەیە، وە بە پێویستی دەزانێت هاوڵاتیان هۆشیار بن و ئاوی خاوێن بۆ شۆردنی بەردەرگا بەکارنەهێنن، یاخود ڕێگە بگیرێت لەو جوتیارانەی زیاتر لە پێویست ئاو بەکاردەهێنن، چونکە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و زیان گەیاندن بە خاک و ڕووەکەکە.

 

بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەزانێت کە ئاو پاشەکەوت بکات و دەڵێت: "هەر بڕە بارانێک ببارێت بە فیڕۆ دەچێت، چونکە هیچ بەربەستێک نییە" ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ بوونی بەست و بەنداوی گەورەدا نییە بەڵکو دروستکردنی بەربەست بە پێویست دەزانێت، لە کۆتایشدا وتی "ئێمە بەڕێوەبردنی ئاومان هێندە خراپە ئەگەر ڕووبەڕووی وشکەساڵی و کەمی باران بارین بووینەوە، جێگرەوەیەکمان نییە تا زەوی و کشتوکاڵمان پەکی نەکەوێت".

 

بەیان فەرەج، خاوەنی شەتڵگەی گوڵەباخ، باسی لەوەکرد لە کوردستان چوار وەرزەکەی ساڵ بەدی دەکرێت، بەڵام بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی کەمی باران دەبینەوە ڕاستەخۆ کار دەکاتەسەر بەرووبوومی کشتوکاڵی و دارودرەخت.

 

بەوهۆکارەش، لەکاتێکدا خەڵکی و حکومەت هەوڵی چاندنی نەمام دەدەن، دەبێت پەنا ببنەبەر ئەو درەختانەی ئاویان کەم دەوێت بۆ ئەوەی توشی وشک بوون نەبن، لە قسەکانیدا وتی: "بارانی ئەمساڵ بەجۆرێک کەم بووە کە تا ئەمکاتە پەڵەی نەداوە، ئەمەش کاریگەری خراپ دەخاتە سەر نەخۆشکەوتنی درەختەکان یاخود زیادبوونی نەخۆشی بۆ مرۆڤ".

 

بەهۆی کەمی ئاو بەیان فەرەج، گوڵ و درەختەکانی ناو شەتڵگەگەی بە جۆرێک ڕاهێناوە ئاوی کەمیان بوێت، سەرەڕای ئەوەش بە پێویستی دەزانێت هەفتانە دوو جار ئاویان بدات، ئاماژەی بەوەشدا کەمتەرخەمی وشکبوونی ڕووەکەکانی ناو شار دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی، لەگەڵ ئەوەی جۆرە درەختێکیان ئاوی کەمیان دەوێت، بەڵام هێشتا وشکبوون و سیمای شاریان نەک جوان بەڵکو ناشرین کردووە.

 

"کەمی باران بارین، کار دەکاتە سەر هەموو کایەکانی ژیان"

بەیان وتی: "لە ٪٥٠ کەمی باران بارین کاری کردووەتە سەر بازاڕی شەتڵگەکانیش، چونکە هاوڵاتیان درەخت و گوڵ ناکڕن بەهۆی ئەوەی ئاو نییە و ترسیان هەیە لەوەی وشک ببێت، نەک تەنها کاریگەری بۆسەر کاری ئێمە هەیە، بەڵکو کاریگەری بۆسەر کشتوکاڵ و کاری جوتیارەکانیش هەیە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لەناو شەتڵگەکەیدا بیری ئاوی تێدایە کە ساڵانی ڕابردوو ٢٤ کاتژمێر ئاوی لێدەهات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران بارین و ئاوی ژێر زەوی ڕۆژانە ١٥ خولەک ئاوی لێدێت، بۆیە دروستکردنی بەنداو بە ڕێگەچارەی سەرەکی دەزانێت.

 

ت.پ