بەتۆمەتى کوشتنى بەرازێک چوار هاوولاتى دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، چوار کەس لە بازگەى "سلێمانى – پیرەمەگرون"، بە تۆمەتى کوشتنى بەرازێک دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک چەند وێنەیەکی کوشتنی بەرازەکەی لە لایەن ئەو چوار کەوسەوە بلاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە دواى پشکنینى ئۆتۆمبێلێک لەلایەن کارمەندانى ئاسایشى بازگەى "سلێمانى – پیرەمەگرون" دەرکەوتووە، کە بەرازێک بە کوژراوى لەناو ئۆتۆمبێلەکەدابووە، هەربۆیە چوار سەرنشینى ئۆتۆمبێلەکە دەست بەسەرکران و ڕادەستى پۆلیسى دارستانى سلێمانى کران.

 

پاشان لەلایەن بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ ئەو چوار کەسە ڕێکخراوە و ڕادەستى دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایى بەرامبەرییان .

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواى وەرگرتنى بڕیارى دادوەر جەستەى بەرازە کوژراوەکە خراووەتە ژێڕ گڵ.