کەشی دوا ڕۆژەکانی پایز گەلیی زۆرگڤانی لە دەڤەری بارزان ڕازاندەوە

دەڤەری بارزان، ناوچەیەکی شاخاوی و سروشتێکی دڵڕفێنی هەیە، لە پایزیشدا گەلیی زۆرگڤان جوانییەکی تایبەت بە ناوچەکە دەبەخشێت و بە سەدان گەشتیار و شاخەوان ڕووی تێدەکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

بارزان- گەلیی زۆرگڤان، ناوچەیەکی جەنگەڵی گوندی زۆرگڤانە، کە یەکێکە لە گوندەکانی دەڤەری بارزان لە شارەدێی بلێ-ی شارۆچكەی مێرگەسۆری سەربە پارێزگای هەولێر، لە پایزدا دیمەنی زەرد، سور و پرتەقاڵی گەڵاکانی و گەڵاڕێزانی دارەکان و خوڕەی چەمەکەی، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەبەخشێتە ناوچەکە.

 

دڵڕفێنی و سروشتە ناوازەکەی زۆرگڤان بووەتە جێی سەرنجی گەشتیار و شاخەوانان و ساڵانە بە سەدان کەس سەردانی گەلییەکە دەکەن، تا بێبەش نەبن لەو جوانییە.

 

گروپی شاخەوانی هەوراز، لە کۆتا ڕۆژەکانی پایزدا گەشتێکی سەردانییان بۆ گەلی زۆرگڤان ڕێکخست، دوای گەڕان بە شارۆچکەی شەقڵاوەدا، لە گەلیی زۆرگڤان چادری شەو مانەوەیان هەڵدا و بەیانی زوو لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا ڕێیان بڕی بۆ بینینی گەڵاڕێزان و گوێگرتن لە دەنگی سروشت و چەمی کوردستان.

 

ت.پ