بەنداوی ئەلیسۆ، مەترسییەک لەسەر بە بیابانبوونی عێراق

بەنداوی ئەلیسۆ یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی پڕۆژی "گاپ" بەهۆی پڕکردنی بەنداوەکەوە، عێراق ڕووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە، پسپۆڕانیش دەڵێت مەترسی بە بیابانبوون لەسەر خاکی عێراق هەیە.

بەنداوی ئەلیسۆ یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی پڕۆژی "گاپ" بەهۆی پڕکردنی بەنداوەکەوە، عێراق ڕووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە، پسپۆڕانیش دەڵێت مەترسی بە بیابانبوون لەسەر خاکی عێراق هەیە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- پڕۆژەی ئەنادۆڵی مەزن-گاپ، گەورەترین پڕۆژەی ئاویییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵی ١٩٢٠-١٩٣٠ مستەفا کەمال ئەتاتورک بیرۆکەی پڕۆژەکەی خستەڕوو، ساڵی ١٩٧٠ بنیادنانی پڕۆژەکە دەستیپێکرد، شوێنی جوگرافیای پڕۆژەکە دەکەوێتە باکوری کوردستانەوە، ئامانجە دیارەکانی پڕۆژەی گاپ، بەدەستهێنانی وزە و کارەبا، بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی تورکیایە، بەڵام ئامانجە شاراوەکانی بریتییە لە گۆڕینی جوگرافیای باکوری کوردستان و ژێرئاوکەوتنی شارە مێژووی و ناوچە کوردستانییەکان، کە گرنگترینیان شاری مێژووی حەسەن کێفی خاوەن مێژووی ١٠ هەزار ساڵییە، لە ئێستادا ژێرئاو کەوتووە.

گاپ پێکدێت لە ٢٢ بەنداو، ١٧ بەنداو لەسەر ڕووباری فوراتە کە پشت بە ٪٨٠ی ئاوی فورات دەبەستێت، ٥ بەنداوی دیکەی لەسەر ڕوباری دیجلەیە و پشت دەبەستێت بە ٪٢٠ی ئاوەکەی، گاپ کاریگەری لەسەر پشکی ئاو لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، کە ئاوی فورات لەناو خاکی سوریا ٪٤٠ و لە خاکی عێراقدا ٪٧٥ کەمدەکاتەوە کە ڕاستەوخۆ زەویە کشتوکاڵییان لاواز دەکات.

 

پسپۆڕانی ئاو لە عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە پڕۆژەی گاپ و بەتایبەت خستنەکاری بەنداوی ئەلیسۆ، نزیکەی ٢٠ ڕووباری زیندووی عێراق مەترسی وشکبوونی دەکەوێتە سەر و بەرەو بە بیابانبوون دەچێت.

 

بەنداوی ئەلیسۆ، مەترسییە بۆسەر عێراق

بەنداوی ئەلیسۆ، یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی گاپ و لەسەر ڕووباری دیجلەیە، دەکەوێتە نزیک گوندی ئەلیسۆ لە شاری ماردینی باکوری کوردستان، لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا دروستکردنی بەنداوەکە کۆتایهات و لە ١ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا دەست بە پڕکردنەوەی کرا، ئامانج لێی بەرهەمهێنانی هێزی هایدرۆلیک و کۆنتڕۆڵکردنی لافاو و کۆگای ئاوە.

 

ئەلیسۆ، ساڵی ١٩٩٧ پاش ٤٤ ساڵ لێکۆڵینەوە خراوەتە نێو پلانی نیشتمانی توركیا، بەرزیەكەی ١٣٥ مەترە و توانای كۆكردنەوەی ئاوی بە بڕی ٤٣ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە، بڕی ٣٨ هەزار و ٣٣ کیلۆوات لە کاتژمێرێکدا وزەی کارەبا بەرهەمدەهێنێت.

 

ئامانجی خستنەکاری بەنداوی ئەلیسۆ و تەواوی پڕۆژەی گاپ لەناوبردنی سروشت، جینۆسایدی کەلتوری و قڕکردنی کوردە لە باکوری کوردستان، دەوترێت بەو پڕۆژەیە زیاتر لە ٦٠ گوند لەناوبراون و نزیکەی ٨٥ گوندی دیکە لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدان، کە هێشتا پڕۆژەکە تەواو نەبووە، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێی بەکارهێنانی چەکی ئاو یاخود "شەڕی شینەوە" ماوەی چەند ساڵێکە هێرش دەکاتەسەر باشوری کوردستان و عێراق.

 

لەگەڵ وشکەساڵیدا دروستکردنی بەنداوەکانیش ئاوی ڕووبارەکان کەمدەکاتەوە

پسپۆران وا پێشبینی دەكەن بەهۆی ئەو فشارانەوە عێراق یەكێك لەگەورەترین بەنداو یان گلدانەوەی ئاو کە بەنداوی موسڵە لەدەستدەدات، کە لە ساڵانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا بێ ئاوی سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند لە نیسانەوە ڕێژەی ئاوی دیجلە و فورات کەمبووەتەوە، کە لەگەڵ وشکەساڵیدا، دروستکردنی بەنداوەکان لەلایەن تورکیاوە هۆکارێکی سەرەکییە.

 

هەروەها ئەگەری کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بەبڕی ١١ ملیار مەتر سێجا تا ساڵی ٢٠٣٥ خستووەتە ڕوو ئەگەر لەگەڵ تورکیا، سوریا و ئێران نەگەنە ڕێککەوتن سەبارەت بە دروستکردنی بەنداوەکان لەو وڵاتانەدا.

 

شادییە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەربارەی کاریگەری بەنداوەکانی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا وتی: پڕۆژەی گاپ کاریگەری ناڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکەی لەسەر عێراقە، بەڵام بەنداوەکانی وڵاتی ئێران لەسەر هەردوو ڕووباری سیروان و زێی بچوک دروستکراوە کاریگەری زۆریان لەسەر خاکی باشوری کوردستان هەیە، چونکە ئەو ئاوەی لە زێی بچوک و سیروانەوە دێت ئێمە سود لە ٪٣٠-٤٠ی وەردەگرین".

 

"دەوڵەتی تورکیا و ئێران پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئاو دەکەن"

دەوڵەتی تورکیا و ئێران لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا هەڕەشەی گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق دەکەن، شادییە دەڵێت: هەموو دەوڵەتێک مافی خۆیەتی مامەڵە بە ئاوی ڕووبارەکانییەوە بکات، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بێت کە لەنێوان سنوری دەوڵەتەکاندا هەیە و زیادەڕەوی نەکرێتە سەر خاکێکی دیکە بە کەمکردنەوەی ئاو، بەڵام دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق پڕۆژەی گەورەیان لەسەر ڕووبارەکان دروستکردووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و کشتوکاڵ هەیە.

 

"لە وەرزی هاویندا سود لەو ئاوە دەبینرێت کە لە زستاندا بەنداوەکان کۆیدەکاتەوە، بەڵام عێراق بەهۆی ئەوەی بەنداوی پێویستی نییە، دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بە گرتنەوە و کەمکردنەوەی ئاو هەڕەشەی دەکەنەسەر".

"کەمبوونەوەی ئاو کەرتی کشتوکاڵ و کوالێتی بەرهەمەکان خراپ دەکات"

دەربارەی کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ئاو و وشکبوونی ڕووبارەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ،  وتی: کەمبوونەوەی ئاوی سیروان و زێی بچوک کاریگەری خراپی لەسەر گەرمیان، دەربەندیخان، هەڵەبجە و تادەگاتەوە بە خواردووی عێراق دەبێت، زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕووبەڕووی کەمئاوی دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری لەسەر ئاوی زێر ژەویش دەبێت، کاتێکیش ئاو کەمدەبێتەوە کوالێتی ئاوەکە دادەبەزێت و بەرهەمی زەوییە کشتوکاڵییەکەش دادەبەزێت.

 

دروستكردنی بەنداو كاریگەریی لە سەر كوالێتی ئاو و جوگرافیای ناوچەكە دەبێت، لە ڕووی مێژووییشەوە چەندین شوێنەواری مێژوویی ناوچەكە لەناودەچێت، بەڵام دەوڵەتی توركیا و ئێران بە دروستکردنی بەنداوەکان شوێنەوار و ناوچە مێژووییەکانیان لەناوبردووە.

 

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ چارەسەری ئاماژەی بەوەدا پلانی کورت مەودا و درێژ مەودا هەیە، لە کورت مەودادا دەکرێت دەکرێت ئەو بەنداوانەی دروستکراون نۆژەن بکرێتەوە تا ڕووبەڕووی هەرەس و خراپبوون نەبنەوە وەک بەنداوی دەربەندیخان کەلە کاتی بومەلەرزەکەدا توشی زیان بووە، "لە درێژ مەوداشدا دەکرێت پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ دروستکردنی بەنداوەکان بخرێنە بەرنامەی کارەوە، تا بتوانین لەو ئاوەی دێتە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی بارانی وەرزی زستاندا سوودی لێوەرگیرێت بۆ وەرزی هاوین".

 

لە مانگی تشرینی ئەکەمیشدا بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەی ٧.٥ مەتر لە ساڵێكدا دابەزیوە و دروستكردنی بەنداوی زیاتر لە ئێران هۆكاری سەرەكی كەمی ئاوی ڕووبارەكەی، هەروەها لەمساڵدا ٩٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو چووەتە بەنداوەکە لەکاتێکدا ڕێژەی ئاسایی ساڵانە ٤.٧ ملیار مەتر سێجایە. هۆشداریشی داوە ئەم کەمبوونەوەیە كاریگەر لەسەر كشتوكاڵی پارێزگای دیالە دەبێت.

 

ت.پ