"ڕێگری نەکردن لە هێنانی تۆوی بیانی، زەوی کشتوکاڵی بەرەو کەمبوونەوە دەبات"

بەهۆی گرنگی نەدان بە کەرتی کشتوکاڵی و هێنانی تۆوی بیانی، زەوی کشتوکاڵی ساڵ بە ساڵ بەرەوە کەمبوونەوە دەڕوات، چالاکوانێکیش دەڵێت: پێویستە ڕێگری بکەین لە هێنانی تۆوی بیانی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کەرتی کشتوکاڵی یەکێکە لە ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی ئابووری هەر وڵاتێک، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گرنگییەکی زۆر بە زەوی کشتوکاڵی دەدرێت و پشتیوانی جوتیاران دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوونی خۆماڵی و پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی کەمتەرخەمییەوە کەرتی کشتوکاڵ پشتگوێ خراوە و زیاتر تۆی بیانی هاوردە دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکان، ئەمەش وای کردووە زەوی کشتوکاڵی زیانی پێبگات و بەرەو کەمبوونەوە بڕوات.

 

"بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەوە زەوی کشتوکاڵی ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە"

جیهان ساڵح، سکرتێری ژنانی پارتی سەوزی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، زەوی کشتوکاڵی گرنگترین سەرچاوەی ئابووری هەر وڵاتێکە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زەوی کشتوکاڵی ڕوو لە کەمبوون دەکات و بەرهەمی خۆماڵی کەم دەبێتەوە، بەهۆی بایەخ پێنەدانی حکومەتەوە تەنانەت چاندنی برنج و گەنم و جۆ لە گوندەکاندا کەمی کردووە و وای کردووە دانیشتوانی گوندەکان ڕوو لە شارەکان بکەن بۆ ژیان، بەڵام بۆئەوەی بەرهەمی خۆماڵی زۆرمان هەبێت و زەویە کشتوکاڵیەکان بەرەو لەناوچوون نەڕۆن، پێویستە ساڵانە ئەو بەرهەمانەی دەچێنرێن گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بۆ نمونە ساڵێک گەنم بێت و ساڵی دواتر جۆ یان گەنمەشامی بێت، بەتایبەتی ئەگەر پاقلە بچێنن لە هەر زەویەکدا ئەو زەویە بە پیت دەبێت.

 

"حکومەت پلانی نییە بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی"

جیهان ساڵح ڕوونی کردەوە، هەموو ساڵێک چاوەڕێی وشکەساڵی دەکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە خۆمان داوەتە دەستی قەدەر، کاتێک بارانی باش دەبارێت هەمووی خۆشحاڵ دەبێت بەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی باش بەرهەم دێت، بەڵام کاتێک وشکەساڵی دەبێت هەمووی بێ هیوا دەبێت، ئەمەش بێ پلانی حکومەت و دەسەڵاتە کە تا ئێستا شتێکی وای نەکردووە لەو کاتانەشدا بەرهەمی خۆماڵیمان هەبێت.

 

وتیشی: ئێمە خاوەنی ئابووریەکی زۆر باشین، بەڵام حکومەت ناتوانێت کێشەی وشکەساڵی چارەسەر بکات، جوتیاران لەبەر پاڵپشتنی نەکردنی حکومەت سارد بوونەتەوە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی، چونکە ئەو بەرهەمانەی دەیهێننە ناو شارەکانەوە ساغ نابنەوە، بۆیە ناچار دەبن واز لە کشتوکاڵکردن بهێنن و وردە وردە زەویە کشتوکاڵیەکان بەرەو نەمان بڕوات.

 

"گرنگیدان بە زەوی کشتوکاڵی هەلی کار دەڕەخسێنێت"

جیهان ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی جیناتی تۆو زیان بە خاک و بە تەندروستیش دەگەیەنێت، تۆو لە وڵاتانی دەرەوە دەهێنین و لە زەویە کشتوکاڵیەکانی خۆماندا دەیچێنین، لە کاتێکدا خۆمان باشترین بەرهەم و تۆومان هەیە، ئەگەر پشت بە بەرهەمی خۆمان ببەستین هەم لە رێگەی ئابووریەوە قازانج دەکەین و هەم هەلی کار دەڕەخسێنین، وڵاتانی دراوسێش هیچیان دڵسۆزی ئێمە نین تا تۆوێکی باشمان بۆ هەناردە بکەن، بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان هۆشیار بین.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: بۆ ئەوەی زەوی کشتوکاڵی بەرەو کەمبوونەوە نەڕوات، پێویستە حکومەت پاڵپشتی جوتیاران بکات و نرخی ئەم خاکە بەپیتەمان بزانێت، گرنگیدان بە خاک بەوە نییە بڕۆن لە دەرەوە تۆو بێنن، ئەگەر ئەو تۆوانە لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵ نەکرێن، زیانی زۆر بە خاکمان دەگەیەنێت، بەهۆی ئەو پێکهاتە کیمییانەی تێکەڵی کراوە، ئەگەر کارێک نەکرێت بۆ ڕێگری کردن لە تۆی بیانی و حکومەت کەمتەرخەمی بکات، ساڵ بە ساڵ زەوی کشتوکاڵی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.