زیاد بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و مۆدە شاخێک لە پاشماوەی دروستکردووە

خێرایی لە بەرهەمهێنانی جلوبەرگ لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆدەوە، شاخێک لە پاشماوەی جلوبەرگی دروستکردووە و وڵاتانی ئەفریقا بوونەتە حەوشەی جلوبەرگی بەکارهاتووی ئەوروپی، یەکێتی ئەوروپاش هەوڵ دەدات کۆمپانیاکان ڕیشاڵی ڕیسایکل کراو بەکاربهێنن لە بەرهەمەکانیاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ ساڵانە بە سەدان مۆدە دەخەنە بازاڕەوە، کە زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت، چونکە پێکهاتەی بەرهەمهێنانی جلوبەرگەکە لە ژینگەوە بەدەست دێت و پاش بەسەرچوونی مۆدەکەش، جلەکە لە ژینگەدا کەڵە دەبێت، بۆ ئەوە کۆمپانیاکانی ئەوروپا هەوڵی بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان دەدەن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ژینگە.

 

ئەوەی لە وێنەکەدا دەبینرێت، ئەو ژنانەن لەسەر ڕێڕەوەکانی کۆمپانیای Re Modaی خێرخوازی لە ئیسپانیا وەستاون و بە دەست جلەکان دەستە دەستە دەکەن، کۆمپانیاکە لەپێناو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنی لە پرۆسەکەدا بەو شێوەیە ژنانی خستووەتە سەر کار، ئامانجیشی زیاد کردنی بەکاریهێنانەوەی پاشماوەی جلەکانە بۆ ٤٠ هەزار تەن لە ساڵێکدا، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش دەڵێت: "ئەمە تەنها سەرەتایەکە، ئێمە زیاتر جلوبەرگی بەکارهاتوو دەگۆڕین بۆ کەرەستەی خاو بۆ کۆمپانیاکانی مۆدە لە ئەوروپا".

 

لە لایەکی دیکەوە لە ئیسپانیا کۆمپانیا ڕکابەرەکانی H&M، Mango و Inditex کۆمەڵەیەکی قازانج نەویستیان بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوەی جلوبەرگ دامەزراندووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ یاسای یەکێتی ئەوروپا کە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ەوە جلوبەرگی پاشماوە لەو بەرهەمانە جیابکەنەوە کە دەخرێتە بازاڕەوە، کۆمسیۆنی ئەوروپاش لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەم هەوڵانە، کەمتر لە چارەکێک، ٥.٢ ملیۆن تۆن پاشماوەی جلوبەرگ لە ئەوروپا دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە، لەکاتێکدا ساڵانە ملیۆنان تۆن جلوبەرگ دەخرێنە زبڵدانەکانەوە.

 

لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا کۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو کە مۆدەی خێرا، یان دروستکردن و فرۆشتنی جلوبەرگی هەرزان کە تەمەنێکی کورتیان هەیە، "تاڕادەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت"، ڕاپۆرتەکەش ئاماژەی بەوەدا کە پیشەسازی قوماش بەشدارێکی سەرەکییە لە گۆڕانی کەشوهەوا و زیانگەیاندن بە ژینگە.

 

دیجانا لیند، شرۆڤەکاری بواری ژینگە و کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەدا، "ئەو کێشە سەرەکییەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، زیادەڕۆییە لە بەکارهێنانی جلوبەرگدا"، هەوڵیش دەدەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ وەک Adidas وHugo Boss وInditex و چەندانی دیکە، زیاتر ڕیشاڵە ڕیسایکل کراوەکان بەکاربهێنن بۆ بەرهەمەکانیان.

 

یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات کە کۆمپانیاکانی پیشەسازی قوماش، زیاتر ڕیشاڵە ڕیسایکل کراوەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەوەش بڕیارە سەبەتەی ڕیسایکل لە فرۆشگاکانی جلوبەرگدا دابنێت، تا دەستکەوتنی جلوبەرگی پاشماوە ئاسانتر بێت و نەچێتە ژینگەوە، کۆمپانیای ماکینزی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، سەدان کارگەی هاوشێوە پێویستە، لەگەڵ وەبەرهێنانی تەکنەلۆژیا و دەستێوەردانەکانی بازاڕ، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پیشەسازی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ٢.٥ ملیۆن تۆن پاشماوەی قوماش تا ساڵی ٢٠٣٠.