ئێران، وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ، زریانی خوێ زیاد دەکات

دەریاچەی ورمێ کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، یەکێک لە گەورەترین دەریاچە خوێیەکانی ئێرانە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی وشکەساڵی بووەتەوە.

ورمێ

 

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران پردێکیان لەسەر دەریاچەی ورمێ دروستکرد، ئەم دروستکردنە ڕەوتی سروشتی ئاوی تێکدا و بووە هۆی گیرانی سەرچاوەکانی ئاوی ناو دەریاچەکە و ڕووبەڕووی وشک بوون بووەوە، ئەمەش بەتایبەت لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ڕوویدا، چونکە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لەو دەریاچە گەورەیە، تەنیا هەندێک گۆم مایەوە و ڕووی دەریاچەکە بە خوێ داپۆشرا ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییەکانی ئەو دەریاچەیە.

 

کەڵەبوونی خوێی دەریاچەی ورمێ زریانی خوێی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی کێشەی ژینگەیی و تەندروستی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە، بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەگەڵ بەردەوامی وشکبوونەوەی دەریاچەکە، لە داهاتوودا زریانی خوێ زیاد دەکات.

 

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی ئەو دەریاچەیە، دروستکردنی پردی مامناوەندە بەسەریدا، کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی بیناسازی، دەسەڵاتدارانی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی وەک خۆڵ و بەرد، ڕێڕەوی پردەکەیان پڕکردەوە و ئەم کردەوەیە ڕۆیشتنی سروشتی ئاوی تێکدا، کە وردە وردە بووە هۆی وشکبوونەوەی دەریاچەکە چونکە سەرچاوە ئاوییەکانی ناو دەریاچەکە داخران.

 

بە گوتەی شارەزایان و چالاکوانانی بواری ژینگە، کردەوەی بەرپرسانی ئێران لە بواری نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ بێکاریگەر بوو و تەنیا کارێک کە کردوویانە، تاڵانکردنی بودجە و نووسینی پلان بوو لەسەر کاغەز، بەبێ هیچ ئەنجامێکی کردەیی و بەرجەستە، سەرەڕای ئەو بەرنامە و بەڵێنە زۆرانەی درابوون، بەڵام هیچ یەکێکیان جێبەجێ نەکراوە و هیچ کام لەم هەوڵانە سەرکەوتوو نین لە باشترکردنی دۆخی ئەم دەریاچەیە.