ماددە پلاستیکەکان زیانی بۆ ژینگە و مرۆڤ هەیە

هەر ماددەیەکی پلاستیک هەزارەها ساڵ زیان بە ئاو و هەوا و مرۆڤ دەگەیەنێت، چونکە هەزارەها ساڵی دەوێت تاوەکو شی ببێتەوە لە خاکدا.

 

ناوەندی هەواڵ- پیسبوونی ژینگە لە جیهان یەکێکە لە گرفتە چارەسەرنەکراوەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریەکانی خراپتر و مەترسیدارتر دەبێت، لەسەر مرۆڤ و تێکڕای زیندەواران و ژینگەی سەر زەوی، یەکێک لەو هەڕەشانەی کاریگەریەکی ئێجگار زۆری لەسەر ژینگە هەیە، پاشماوە پلاستیکیەکانە کە بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو و خاک و هەوا و ژینگە پیس دەکات و دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی چەندەها زیندەوەر لە دەریا و زەریا و وشکانیدا.

 

پلاستیک چییە؟

پلاستیک بریتییە لە ماددەیەکی دروستکراو لە ڕێژەیەکی فراوان لە پۆلیمەر وەک پۆلیئەسیلین و نایلۆن و پیڤیسی، کە ماددەی ئۆرگانین و دەتواندرێت شێوە و قەبارەی جیاوازی پێ دروستبکرێت، بۆ ئەوەی بەرگەی پەستانی زۆر بگرێت.

پلاستیک کۆمەڵێک ماددەی دیکەی تێدەکرێت، وەک پێکهاتەی ڕەنگی، تاوەکو ڕەنگی پێبدات یاخود ماددەی مانەوەی بەرگری، بە شێوەکی گشتی کۆمەڵێک ماددەی دیکە تێکەڵ بە ماددەی پلاستیک دەکرێت، کە پێی دەگوترێت پلاستیسایزەر، ئەم ماددانە هەندێکیان ماددەی توخمە قورسەکانن وەک کادیمیۆم و نیکڵ و قوڕقوشم، ئەو ماددە پلاستیکیەی کە ئەم توخمانەی تێکراوە، ئەگەر بە ڕێگەیەکی تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەم پێکهاتانە تێکەڵ بە ئاو و هەوا و خاک دەبێت و پیسبوونی ژینگە ڕوودەدات.

توێژینەوەیکی ئاژانسی ژینگەیی لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، کە پلاستیک بە یەکێک لەو ٢٠ ماددە بەرهەمهێنراوانە دادەنرێت، کە مەترسیدارترین ماددەن بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ، چونکە هەموو جۆرەکانی پلاستیک لە بەرهەمە نەوتییەکانن، جگە لە بابەتە کیمیاییەکانی دیکە، بۆیە پلاستیک وەک ماددەکانی دیکە بە شێوەکی ئەندامی شی نابێتەوە لە ژێر خاک یان لە ئاودا، دەبێتە بەربەستێکێکی گەورە لە پرۆسەی گۆڕینی خاشاک بۆ ناو خاک کە زیانی بۆ خاک دەبێت.

یەکێ لە دیاردەکانی زۆربوونی ماددەی پلاستیک بەکارهێنانی بوتڵی پلاستیکییە کە لە ساڵانی ١٩٤٠ بە دواوە بەکاردەهێندرێت و لە ئێستادا ملیۆنان تەن بوتڵی پلاستیکی بۆ مەبەستگەلێکی جیاواز بەرهەم دەهێندرێن. بە پێی ئامارەکان کۆی گشتی پلاستیکی بەکارهاتوو لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، یەکسانە بە کۆی گشتی پلاستیکی بەکارهاتوو لە تەواوی سەدەی ٢٠دا، کە نزیکەی زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن تەن لەو ماددە پلاستیکیانە دێتە بەرهەم لە هەموو جیهاندا.

ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەکارهێنەری ماددە پلاستیکیەکانن بریتین لە وڵاتانی ئاسیا، کە لە ٪١٥ی ڕێژەی بەکارهێنانیان بەردەکەوێت و وڵاتی چینیش بەتەنها ٪٢٦ی ڕێژەی بەکارهێنانی بەردەکەوێت، پاشماوەی وڵاتەکانی دیکەش نزیکەی ٪٢٥ی ڕێژەی بەکارهێنانیان بەردەکەوێت.

 

پلاستیک زیان بە هۆڕمۆنی ژنان دەگەیەنێت

پسپۆڕانی ژینگەیی ئاماژە بەوەدەکەن، هەندێک ماددەی دیکە دەکرێتە ماددەی پلاستیکەوە کە ناودەبرێت بە ستابیلایزەر بە گۆڕینی توخمە فیزیاییەکانی ئەو ماددە پلاستیکییە، بۆ نموونە ئەو بوتڵی ئاوانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین، ئاوێتەکانی ئاوێتەی سالیبی تێدەکرێت بۆ ئەوەی شەفاف و ڕوون دەرکەوێت، لە توێژینەوەکە ئەوەیان خستووەتەڕوو، ئەو ماددانە پێکەوە لەگەڵ یەک کارلێک دەکەن و بۆنێکی کیمیایی دەردەدەن، هەموو کاتێکیش ئەگەری دەردانی ئەو بۆنە هەیە بۆ ناو هەوا.

پێكهاتەكانی پلاستیك کاریگەری لە هۆرمۆنەكانی مرۆڤ دەکات، بە تایبەتی هۆرمۆنی ئەسترۆجین لە ژناندا، ئەوەش كاردەكاتە سەر دابەشبوونی هێلكەی ژن، لە ئەنجامدا كۆرپەیەكی ناكام و ناتەواو لە دایك دەبێت، هەروەها کاریگەری لەسەر ژنانی دووگیان هەیە، بۆیە وا باشترە خۆیان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی ماددەی پلاستیكی، چونكە هەندێك ماددەی پلاستیك بەرگەی پلەی بەرزی گەرما ناگرن و لەوانەیە پێكهاتەكەی بچێتە ناو ئەو خواردنەی کە تیایدایە، دواتر لە رێی وێڵاشەوە دەچێت بۆ كۆرپەلە، ئەوەش وەك ژەهر وایە بۆی و كاریگەری لەسەر هۆرمۆنی گەشەكردنی منداڵەکە دەبێت، یەکێکیش لەو زیانانەی هەیەتی، بریتییە لە تێکچونی هۆرمۆنی گەشە و کەمبوونەوەی بەرگری و کردارە هەناوییەکان خاو دەکاتەوە، لەوانەی مرۆڤ توشی نەخۆشییە کوشندەکان یاخود توشی گۆرانی جینی بکات.

 

پلاستیک سەدان ساڵی دەوێت بۆ شی بوونەوە لە ژینگەدا

لەبەر ئەوەی پلاستیک توانای مانەوەی زۆرە و شی نابێتەوە و کۆدەبێتەوە لەناو خاک و ئاودا، دەبێتە هۆی پیسبوون و لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان و تێکدانی سیفەتی خاک، کە لە دوای ماوەیەک کۆکردنەوەی ئەم پێکهاتەیە و جۆرەکانی خاشاک بە گشتی لە ناو خاکدا، دەبێت بە خاکێکی بێ پیت و بە کەڵک نەهاتوو، لە کاتی سووتاندنی ماددە پلاستیکییەکان گازی ژەهراوی دایۆکسین دەردەکات، کە هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، ئەم گازە ژەهراوییە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی زاوزێ و لە توانایدا هەیە لە چەوریە شانەکاندا کۆببێتەوە و دەگوازرێتەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و دەگاتە لەشی مرۆڤ لە ڕێگای خواردن یان هەواوە.

ماددە پلاستیکییەکان چەند سەد ساڵێکیان دەوێت تاوەکو بتوانێت لە خاکدا شی ببێتەوە و ببێتەوە بە خۆڵ، کە لە ئێسادا ٪٦٠ بۆ ٪٨٥ی ئەو خاشاکانەی لە ژێر خاک و ئاوی دەریاکاندان، ماددەی پلاستیکن.

 

زیانەکانی پلاستیک لەسەر هەمەجۆری زیندەوەران

ساڵانە نزیکەی ٨ ملیۆن تەن پلاستیک فڕێدەدرێتە ناو زەریاکانەوە بە بێ ئەوەی پاک بکرێنەوە، دەرئەنجامی ئەمەش کۆتایهاتنی یەک ملیۆن باڵندە و سەد هەزار گیانداری ئاوی و وشکانیە، بەهۆی تێکەڵبوونی خۆراکی ئەم گیاندارانە، لە ئێستادا زاناکان باس لەوە دەکەن، ماددەی پلاستیك لەسەر گۆی زەوی ئەوەندە زۆر بووە كە بەشی ٦ جار داپۆشینی گۆی زەوی دەكات و پێشبینی کراوە کە لە ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ماددە پلاستیکییەکان لە ژمارەی ماسی ناو دەریاکان زیاتر ببێت، هەر بۆیە پسپۆڕانی بواری كیمیا و ژینگەش هۆشداری دەدەن كە بەكارهێنانی ماددەی پلاستیك كەمبكەنەوە، بەهۆی مەترسییەكانی ئەو ماددەیەوە.

هەرچەندە ناوبانگی پلاستیک ئەوەیە کە دۆستی زەوی نییە، بەڵام هەندێک پلاستیک دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و سەلامەتە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە. دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک چارەسەرێکی تا ڕادەیەک باشە بۆ ڕزگاربوون لە کۆتایهێنان بەو هەموو پاشماوە ژەهراوییە، هەروەها بەکارهێنانی شوشە لەجیاتی پلاستیک ڕێکارێکی باشە بۆ ئەوەی پاشماوەی پلاستیک کەمتر بێتەوە.