"ئەندێشەی سەوزمان پێشەنگە"

دەلیلا ڕەحمانی، ئەندامی کۆمەڵەی "چیای سەوز" جەخت دەکاتەوە، کە ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی مەریوان بە ئەنقەست بووە.

ژۆنا ئەردەلان

 

سنە- لە دوای ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی مەریوان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامانی کۆمەڵەی "چیای سەوز" بە پەلە هاتنە سەر هاوکاری و کوژاندنەوەی ئاگرەکانی شاخ و دارستانەکانی زاگرۆس، کۆمەڵەکە لە ماوەی ڕابردوودا و دوای گیان لەدەستدانی شەریف باجاور و هاوڕێکانی بەڵێنی دابوو دەستوەردان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان نەکات و بەو توانا لاوازەی هەیانە کار و چالاکییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان، سەرەڕای گیان لەدەستدانی چەندین ئەندامیان لەو پێناوەدا، دەستیان کردەوە بە هاوکاریکردن بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە.

 

کۆمەڵەی "چیای سەوز"ی ناحکومی لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٢، بۆ پاراستنی ژینگە و دارستان و لەوەڕگەکان دەستیان بە کارەکان کرد و بەهۆی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتداران، چالاکی ژینگەپارێز شەریف باجور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە لەگەڵ ئومێد کۆنەپۆشی و محەمەد پژوهی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکاندا گیانیان لەدەستدا.

 

دەلیلا ڕەحمانی، ئەندامی کۆمەڵەی چیای سەوز لەبارەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان وتی: ئەندامانی کۆمەڵە سەرەرای بەڵێنەکەیان، بەڵام بەپەلە کەوتنە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی کە لە دارستانەکانی مەریوان هەڵگیرساوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە بە ناوچەکانی سلیسی، پیلە و گاران، ئەم کارەشیان لە شێوەی گروپی ١٠ کەسی ئەنجامدا کە لە ئەندامانی کۆمەڵەکە پێکهاتوون، چونکە لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی شاری مەریوان گڕیان گرتووە، هەروەها وەزارەتی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی شارەکانی سنە و کامیاران بە هانای کۆمەڵەی چیای سەوزەوە هاتن و هاوکاری کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا دەڵێت: ژن ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە، نزیکەی شەست ژن بە سەتڵ ئاوەوە بە شانی خۆیان دەچوونە دارستانەکان و پەلەیان دەکرد بۆ یارمەتیدانی ئەندامانی کۆمەڵەکە، هەرچی لە توانایاندا بوو کردیان، تەنانەت بەساڵاچووان و منداڵانیش بە ئامێری سادە لەبەردەم ئاگردا وەستابوون.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگرکەوتنەوەکان نزیکەی ١٨٠ هێکتار زەوی لە کانی میران و ٢١٥ هێکتار لە ناوچەی سلیسی و ٣٥٥ هێکتار لە بازنەی سەرکەل سووتاندووە، ئاگرەکانی ساڵانی ڕابردوو هەریەکەیان بەشێوەیەکی جیاواز ڕوویاندا، هەندێکیان بەهۆی گرنگی نەدانی جووتیارانەوە و هەندێکیشیان بەدەستی سەرمایەدارانەوە بوو، بەڵام ئەمساڵ بە تەواوی بە ئەنقەست بوون، هەر ئەمەش هۆکارێکە کە نەمانتوانی بێباک بین، ١٠ ڕۆژ لەگەڵ بەردەوامی تەشەنە سەندنی ئاگرەکە، تیمەکان هەر ٢٤ کاتژمێرێک ئەندامانی تیمەکەیان دەگۆڕی و بە بێ پشوودان و سەرەڕای لاوازی توانا مرۆییەکان، بەردەوام بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "چیای پێلە و سلیسی یەکێک لەو شوێنانە بوو کە بەهۆی ئاگری زۆرەوە وێران بوو، چونکە گیایەکی زۆریان تێدایە کە ئەگەر ئاگر بگرن، کۆنتڕۆڵکردنیان ئەستەمە.