چالاکوانێکی ژینگە: منداڵان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی ژینگەدا

دیلان بۆرسان، چالاکوانی ژینگەیی دەڵێت: ئامانجمان هۆشیارکردنەوەیە بۆ پاراستنی ژینگە، منداڵیش یەکەم کەسن کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گەیشتن بەو ئامانجە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- پاراستنی ژینگە و میراتەکانی خەمێکی سەرەکییە لە دونیای ئەمڕۆماندا، یەکێک لە ڕێگاکانی پاراستنی ژینگە، فێرکردنی منداڵانە لە چۆنیەتی چاندنی نەمام و ڕێگاکانی پاراستنیان، لەم ڕووەوە زۆرێک لە چالاکوانانی مەدەنی لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەمامیان لە شوێنە جیاجیاکانی شار چاند.

 

دیلان بۆرسان ناوی خوازراوی چالاکوانێکی ژینگەییە، کە بەرپرسی جێبەجێکردنی بەرنامەی فێرکردنی منداڵانە لە چۆنیەتی چاندنی نەمام و گرنگییەکەی، لەو بارەیەوە دەڵێت: بەداخەوە یەکێک لەو کێشانەی لە چاندنی نەمامدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە کە خەڵک نازانێت کام نەمام دەچێنرێت و لە کوێ دەچێنرێت، نەمام چاندنی یەکێکە لە چارەسەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی جۆراوجۆری زیندووەکان، بەڵام چاندنی نەمامی هەڵە لە شوێنی نادروست زیانی زیاترە لە سود.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە، "کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕووەکەکە چێنراوە و بە هیچ شێوەیەک گەشە ناکات، ئەمەش وا دەکات خەڵک کەمتر هانی ئەو کارە بدەن، ئێمە نەماممان هەڵبژاردووە کە گونجاوە بۆ چاندن لە ناوچەی دیاریکراودا، هەروەها دەبێت ئەو ڕووبەرەی هەڵیدەبژێرین لەگەڵ دارەکاندا بگونجێت.

 

سەبارەت بە سودەکانی دار چاندن، دیلان بورسان دەڵێت: دار سودێکی زۆری هەیە، لەوانە بەرهەمهێنانی ئۆکسجین، کەمکردنەوەی پیسکەرەکان، کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەیی، هەڵمژینی خۆڵ و گازە کیمیاییەکان، نەهێشتنی زۆرێک لە بەکتریای تاک خانەیی و دارستانەکانیش سودی زیاتر بە ژینگە دەگەیەنن، ئێمە لە بەرنامەکەماندا ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە لەپێناو پاراستنی ژینگە، منداڵان یەکەم کەسن کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گەیشتن بەم ئامانجە، بۆیە هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە و منداڵان فێری چاندن و پاراستنی ژینگە دەکەین.

 

ڕوونیشیکردەوە، "هەوڵێک درا بۆ هەر سێ منداڵێک یەک نەمام بچێنرێت و فێری چاندن و پاراستنیان بکرێت، بە بەشداریکردن لە پڕۆسەی نەمام چاندن، هەر منداڵێک فێردەبێت کە بە پەرۆش بێت لە پاراستنی ژینگەدا و دەست دەکات بە چاندنی نەمام".