هۆشداری لە کەمبوونەوەی ڕووبەری دارستانی شاخەکان دەدرێت

بەهۆی کەمبوونەوەی ڕووبەری دارستانی شاخەکان، هۆشداری دەدرێت و ئاماژە بەوەکراوە کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ٪٧ی ئەو دارستانانە لەناوچوون.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک کە تیمێکی زانایانی ژینگە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای باشووری چین ئەنجامیانداوە، هۆشدارییەکیان سەبارەت بە بچووکبوونەوەی ڕووبەری دارستانە شاخییەکان بە ڕێژەی ٪٧ – ٧٨ ملیۆن هێکتار ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، کە بەشی زۆری دەکەوێتە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا، کە نزیکەی ٪٤٢ی ئەو زیانانە بەهۆی داربڕین و ٪٢٩ی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانەوەیە.

 

هەروەها نزیکەی ٪١٠-١٥ی زیانەکان بەهۆی جۆرە جیاوازەکانی چالاکیی مرۆڤایەتی پەیوەست بە کشتوکاڵەوەیە، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە گۆڤاری " One Earth"ی زانستی بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی دابەزینی دارستانەکان لەم ساڵانەی دواییدا ٢.٧ هێندە زیادی کردووە.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە کە دارستانە شاخاوییەکانی ئاسیا زیاتر لە ناوچەکانی دیکە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و نزیکەی نیوەی زیانەکانیان پێکهێناوە، دارستانە شاخییەکانی ئەوروپاش بە هەمان ئاست زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیۆن هێکتار ڕووبەری دارستان لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ لەدەستدەچێت، لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە پێویستە بەرەنگاربوونەوەی دارستان بڕین لە ناوچە شاخاوییەکانی زەوی چڕتر بکرێتەوە.