چارەنووسی شارەکان، بە شێواندنی سروشت لە پڕۆژە ئەندازیارییەکاندا

لە هەرێمی کوردستان باران بارین ساڵانە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گەڕەک و ناوچەکان و ئەندازیارەکانیش گرفتی سەرەکی دەگەڕێننەوە بۆ لاوازبوونی دەزگاکانی حکومەت و ناوەندە ئاکادیمییەکان و نەبوونی توێژینەوە زانستییەکان لە ناوەندە فەرمییەکان.

 

بێریڤان کەمال

لە هەرێمی کوردستان باران بارین ساڵانە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گەڕەک و ناوچەکان کە هاوڵاتیانی تیادا نیشتەجێن و چەندین گفتوگۆ و لێکدانەوە لەوبارەیەوە دەکرێت بەڵام کردارە چارەسەرییەکان بەکەمی هەنگاوی بۆ دەنرێت.

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەهۆی باران بارین و دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر چەندین زیانی مادی بە هاوڵاتیان گەشت و ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، دەربارەی هۆکاری زیانەکان بەهۆی بارانبارین و بەشێک لە چارەسەرییەکان بۆ ڕێگریگرتن لەو کارەساتە سروشتییانە، ئاکۆ سەمەد، ئەندازیاری بواری ڕێگا و ئاو و ئاوەڕۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: "دامودەزگاکانی حوکمەت و ناوەندە ئاکادیمییەکان بەتەواوی لاوازبوون، بێ پلانی هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشەکانن."

 

هەر پڕۆژەیەکی ئەندازیاری کە دروستدەکرێت لە سەرجەم وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای تاکەکەسی یاخود پڕۆژەی گەورە لەسەر ئاستی وڵات بێت، وەک دروست کردنی: بینا، ڕێگا، بەنداو، پرد بۆئەوەی لە چەند ساڵی ئایندەدا نەبێتە هۆی تێکدانی سروشت و زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان پێویستی بە چەندین لێکۆڵینەوە و زانیاری ورد و درێژخایەن هەیە بە لەبەرچاوگرتنی داتاکانی رابردوو و دانانی گریمانەکان بۆ داهاتوو، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ ناوەند و دەزگایەک بۆ توێژینەوە بوونی نییە ئەمەش هۆکاری دروست بوونی بەشێکی گەورەی گرفتەکانە.

 

" هیچ داتایەکی فەرمی نیە بۆ بەراوردی چڕی بارانی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردوو"

دەزگای تایبەت لەسەر ئاستی وەزارەت لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا کە بەردەوام کار لەسەر داتا و پێوانە و توێژینەوەکان بکەن و ڕێنمای بدەن بوونی نییە، ئەو ئەندازیارە لەوبارەیەوە وتی: "لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی باران بارینەکان ڕۆژانە تۆماردەکرێت و پێوانەیەکی ورد نییە و دەرخەری ئەوە نین کە هۆکاری دروستبوونی لافاوە یاخود نا، دیاریکردنی چڕی باران بارین پێویستی بە وێستەگەکانی پێوانەکردن هەیە بە ئامێری تایبەت کە هەموو ٥-١٠ خولەکێک دیاری بکرێت، لە فەرمانگەکاندا ئەم پێوانە کردنانە ناکرێت و پلانیش بۆ کردنی نیە، بۆیە نازانرێت هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی هەولێر چییە."

 

"نەبوونی لێکۆڵینەوە و داتای زانستی هۆکاری بەشێکی زۆری گرفتەکانە"

وێستگەکانی ئەلکترۆنی بۆ دیاریکردنی چڕی باران بارین لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کارێکی پێویستە کە دوای چەند ساڵێک توێژینەوە و خوێندنی لەسەر بکرێت و دیزاینکردنی شار و پڕۆژەکانی لەسەر بکرێت.

 

کەموکورتی لە فەرمانگەکاندا هۆکاری دروستبوونی گرفتن بۆ ئەندازیارەکان لەکاتی دیزاین یاخود جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا ئاکۆ سەمەد بەم شێوەیە باسیکرد و وتی : " گرفتی گەورە لەبەردەم ئەندازیارەکان نەبوونی داتا و بەدواداچوونەکانە کاتێک ئەندازیارەکان سەردانی فەرمانگەکان دەکەن هیچ داتا و زانیارییەک نیە و هەمووی قسەیە، بۆیە کاتێک پرسیارمان لێدەکرێت وەک ئەندازیار ئێمەش دەبێت لەسەر بنەمای ئەگەر و گریمانە لێکدانەوە بکەین و قسە بکەین چونکە هیچ داتایەکی فەرمیمان لەبەردەست نیە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان."

 

"فراوانبوونی شار بە بێ پلان گرفتە بۆ تێکدانی سروشت"

پیسبوونی کەشوهەوا بە هۆکارێکی دیکە دادەنرێت، هەروەها لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا باسێکی زۆر لە فراوانکردنی شار و دروستکردنی بینا و پڕۆژەکان دەکرێت بێئەوەی هیچ پلانێکی درێژخایەنی بۆ دابنرێت، ئەو ئەندازیارە دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەندازیارەکان ئاماژەیان بە گرفتی تێکدانی تۆپۆگرافیای شارەکان داوە کە بێبوونی پلان و بەرنامە شارەکان فراوان دەکرێن، لە کاتێکدا دروستکردنی باخ و بیناکان لە قەراخ شار هۆکاری تێکدانی ئاڕاستەی ئاوە."

 کاتێک باران دەبارێت بارانەکە کۆ دەبێتەوە لە شوێنێکی شاردا قەتیس دەبێت، بەهۆی بینا و باخەکان و پڕۆژەکانەوە ڕێڕەوی بڵاوبوونەوەی ئاو دەگرێت بۆ ناو چەمەکان هەر بۆیە بە یەک ئاڕاستە بەرەو ئاڕاستەی خوارەوە وەک سەدێک دەڕژێت و کارەسات دروست دەکات، "چەمە سرووشتییەکان تێکدراوب، بە حوکمەت و وەبەهێنەر و کۆمپانیاکان سروشت تێکدەدرێت و دەشێوێندرێت، بۆیە ئەنجامەکەی بە زەرەرمەندبوونی دانیشتوان دەشکێتەوە."

 

"کاتێک باس لە دروستکردنی پڕۆژەکان دەکرێت پێویستی بە دەیان ساڵ توێژینەوە هەیە"

کاتێک باس لە گرفت و کێشەکان دەکرێت یاخود پڕۆژە گەورەکان کە تایبەتە بە وڵات و دانیشتوان چارەسەرکردنی لەسەر ئاستی تاک بەشێکی کەمی گرفتەکە چارەسەر دەکات و سنووردارە و بەشی زۆری دەکەوێتە ئەستۆی حوکمەت، ئەو ئەندازیارە وتی: لەلایەن حوکمەتەوە هەمیشە باس لە دروستکردنی بەنداوەکان دەکرێت، بەڵام ئەو پڕۆژە گەورانە پێویستی بە دەیان ساڵ توێژینەوەی زانستی وداتا هەیە و حوکمەتیش هیچ پلانێکی نیە و هیچ خوێندنەوەیەکی زانستیمان نیە و چەندین نمونەی دروستکردنی بەنداومان هەبووە بە بێ بوونی داتا و توێژینەوە کە شکستی هێناوە و ڕووخاوە."

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە کە هەر پڕۆژەیەکی ئەندازیاری لەسەر بنەمای داتای نزیکەیی و ئەگەر و گریمانەیی ناکرێت و بەبێ هەبوونی داتا و لێکۆڵینەوە سەرکەوتوو نابێت و زیانێکی زۆری دەبێت، ئەندازیارەکانیش لە کاتی دیزاینی پڕۆژەکاندا چونکە هیچ پێوانەیەکی ڕاستەوخۆ و فەرمی لانیە ناتوانێت لەسەر بنەمای ئەگەر و گریمانە کاربکەن.

 

"هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەسەر ئاستی تاک"

ئەندازیار ئاکۆ سەمەد، باسی لە گرنگی ڕۆڵی تاک کرد و وتی: "ڕاستە بەشێکی گەورەی چارەسەرییەکان لای حوکمەتە بەڵام نابێت ڕۆڵی تاک ون بکرێت و دەبێت ئەندازیارەکانیش بەرپرسیارییەتی بگرنە ئەستۆ، تاک وەک ئەندازیارێک کاتێک پڕۆژەیەکی لە ئەستۆدایە دەبێت بەشێوازێکی ڕێک سیستیمی ئاو و ئاوەڕۆکەی دیزاین و جێبەجێ بکات تاکو سەرڕێژ نەبێت و نەبێتە گرفت بۆ دەوروبەری."

 

کێشەی سەرەکیش گەندەڵییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، "کاتێک ئەندازیار دیزاینی پڕۆژەیەک دەکات و سەرجەم فاکتەرە گرنگەکانی تیادا لەبەرچاوگیراوە، بەڵام کاتێک جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ڕادەستی وەبەرهێنێک دەکرێت بەهۆی ئەوەی بە تێچوویەکی کەمتر ئەنجامبدرێت دەستکاری دیزاینی پڕۆژەکە دەکرێت بێ ئاگاداری ئەندازیارەکە و بەو شێوازە جێبەجێ ناکرێت کە دیزاینکراوە و هیچ چاودێرییەک لەسەر جێبەجێکردنەکان بوونیان نیە."

 

ت.پ