زیرەکی دەستکرد... ئایا پێگەی ژنان لە بازاڕی کاردا بەرز دەکاتەوە یان مەترسی لەسەر کارەکانیان دروست دەکات؟
پێناچێت زیرەکی دەستکرد تەنها شۆڕشێکی تەکنەلۆژی بێت کە شێوازی کارکردن و بەرهەمهێنانمان لە قاڵب دەداتەوە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی قووڵە کە پرسیاری پڕ لە کێشە لەسەر داهاتووی هەلی کار و سەقامگیری کرێکاران تێیدا و بەتایبەتی ژنان دەوروژێنێت.
تەمەنی سەرەوی
بەغدا - لەو کاتەی کە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد دەرگای نوێ بۆ کارکردن دەكاتەوە و ئامڕازی ئاسانتر بە ژنان دەبەخشێت بۆ تێکەڵبوون بە بازاری کار، لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی بەربەستی پشتگوێ نەخراویش دەبێتەوە، کە لە ئەگەری لەدەستدانی هەندێک کارەوە دەست پێدەکات و بە پێویستیی بەدەستهێنانی لێهاتوویی دیجیتاڵی نوێ کۆتایی نایەت، ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا زیرەکی دەستکرد دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، یان دەگۆڕێت بۆ هۆکارێکی نوێ کە هەڕەشە لە سەقامگیریی پیشەییان دەکات و کاڵابوونی هەندێک توێژ لە بازاری کاردا زیاتر دەکات؟
لەو چوارچێوەیەدا، فەرەح عەبدولکافی، شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد، جەختیکردەوە، کە گەشەسەندنی خێرای ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد، شێوەی بازاری کاری بە ڕیشەیی گۆڕیوە و دەرفەتی بێوێنەی بۆ ژنان ڕەخساندووە بۆ چوونە ناو بواری پیشەیی نوێوە بێ ئەوەی پێویستی بە سەرمایەی زۆر یان شارەزایی تەکنەلۆژیای ئاڵۆز هەبێت، کە شارەزابوون لەم ئامرازانەدا ئەمڕۆ بووەتە تایبەتمەندییەکی ڕکابەری ڕاستەقینە بۆ هەر ژنێک کە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێت یان دەیەوێت پڕۆژەی تایبەتی خۆی دەستپێبکات.
هەلی نوێ بە لێهاتوویی ئاسانتر
ڕوونیشیکردەوە، کە چەندین پیشە هەن پێویستیان بە چەندین ساڵ خوێندن و خولی ڕاهێنانی تێچوو هەبوو، لەگەڵ کارکردن لەناو کۆمپانیا یان دەزگا تایبەتمەندەکاندا، بەڵام ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد زۆرێک لەو قۆناغانەی کورتکردەوە و بەدەستهێنانی لێهاتوویی و بەرهەمهێنانیان ئاسانتر کرد، کە ئەمەش دەرگای بۆ چینێکی فراوان لە ژنان کردەوە بە متمانەیەکی زیاترەوە بچنە ناو بازاری کارەوە.
دووپاتی کردەوە، کە کارەکانی وەک دیزاینی ڕیکلام و بڵاوکراوەکان، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک، دەستکاریكردنی وێنە و ڤیدیۆ، ئەمڕۆ بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد دەکرێن کە دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا فێریان ببویت، ئەمەش توانا بە ژن دەدات ئەمانە بە تەنیا خۆی ئەنجام بدات بێ پێویستبوون بە تێچووی بەرز یان شارەزایی تەکنەلۆژیای ئاڵۆز.
جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو باوەڕە باوەی کە وتی: زیرەکی دەستکرد تایبەتە بە پرۆگرامسازان یان پسپۆڕانی زانستی کۆمپیوتەر، ئیتر ڕاست نین، چونکە زۆرینەی ئامڕازەکانی ئێستا بە شێوازێک دیزاین کراون کە بەکارهێنانیان ئاسان بێت و بۆ هەمووان بەردەست بن، دەکرێت لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکان یان کۆمپیوتەرەکانەوە کارا ببن بێ پێویستبوون بە شارەزایی لە پرۆگرامسازی یان نووسینی کۆددا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم تەکنەلۆژیایانە لە سەرجەم کەررتەکاندا ئامادەن، سەرەتا لە پزیشکی، ئەندازیاری و پەروەردە، بە ڕێگادا تێپەڕین بە ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی بازرگانی، تاوەکو دەگاتە پڕۆژە بچووکە ماڵییەکان، کە ئەمەش دەرفەتی فراوان بە ژنان دەدات سوودیان لێوەرگرن، هەر یەکەیان بەگوێرەی پسپۆڕی یان سروشتی کارەکەی.
فەرەح عەبدولکافی ڕوونیکردەوە، کە زیرەکی دەستکرد دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژنان، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە ژنان تێیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە سەبارەت بە هاتوچۆ یان گەیشتن بە شوێنی کار، چونکە ئیتر بۆ ژن دەکرێت کە پڕۆژەکەی لە ماڵەوە بەڕێوەببات، بەرهەمەکانی ساغ بکاتەوە، هەڵمەتی ڕیکلامی ئامادە بکات، ناوەڕۆکی پیشەیی بەرهەم بهێنێت، پەیوەندی لەگەڵ کڕیاراندا بکات بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی زیرەکی دەستکرد، بێ پێویستبوون بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر.
نەرێنی و ئاستەنگەکان کە ناکرێت پشتگوێ بخرێن
سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی کە زیرەکی دەستکرد دابینی دەکات، فەرەح عەبدولکافی وتی: لە بەرامبەردا ئاستەنگی پەرەسەندوو بەسەر بازاری کاردا دەسەپێنێت، بەتایبەت بۆ ئەو کارانەی کە پشت بە ئەرکە ڕۆتینی و کارگێڕییەکان دەبەستن، ڕاپۆرتە دەرچووەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و سندوقی نێودەوڵەتی پشکی ئەوە دەخەنە ڕوو کە ژنان لەوانەیە زیاتر بەرکەوتەی کاریگەرییەکانی ئۆتۆماتیک بوون بن، بەهۆی بەرزیی رێژەی نوێنەرایەتیان لەو کارانەی وەک داخڵکردنی داتا، کارە ئۆفیسییەکان، خزمەتگوزاریی کڕیار، ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان، کە بریتین لەو پیشانەی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد ئێستا دەسەڵاتی ئەنجامدانی بەشێکی گەورەی لە ئەرکەکانی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیادبوونی پشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت خواست لەسەر هەندێک کاری نەریتی کەم بکاتەوە، ئەمەش ژنانی کارمەند ناچار دەکات کە کارامەیی دیجیتاڵی نوێ بەدەستبهێنن بۆ پاراستنی دەرفەتی کارکردنیان فراوانبوونی دابەشبوونی دیجیتاڵی ئاڵەنگاریەکی گەورەیە، چونکە ئەو ژنانەی کە زانیاری تەکنیکییان نییە، ڕەنگە ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر ببنەوە لە کێبڕکێکردن بۆ کارەکانی داهاتوو.
جەختیشی لەوەکردەوە، کە لەنێوان ئەو دەرفەتانەی کە زیرەکی دەستکرد دابینی دەکات و ئەو ئاستەنگانەی کە دەیانسەپێنێت، سەرمایەگوزاریکردن لە لێهاتووییە دیجیتاڵییەکان و فێربوونی بەردەوام وەک هۆکاری یەککەرەوە دەمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سوودوەرگرتنی ژنان لە گۆڕانکارییە خێراکانی بازاری کاردا، گۆڕینی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ئابووری و پیشەیی، لەجیاتی ئەوەی ببێتە سەرچاوەی ترسی پەیوەندیدار بە لەدەستدانی کارەکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، فەرەح عەبدولکافی بانگهێشتی ژنانی کرد کە لە زیرەکی دەستکرد مەترسن، بەڵکو وەکو ئامرازێک بۆ گەشەسەندن و سەربەخۆیی ئابووری سەیری بکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دڵنیابوونەوە لەو زانیارییانەی کە دەیبەخشێت، بەتایبەت لە بواری زانستی و ئەکادیمیدا، چونکە وەک ئامرازێکی هاوکار دەمێنێتەوە کە ڕەنگە هەڵە بکات، و ناکرێت پشت بە دەرئەنجامەکانی ببەسترێت بێ پێداچوونەوە و وردبینیکردن.