ژیانی ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو شەزا حاج موبارەک لە مەترسیدایە
پشکنینە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە شەزا حاج موبارەک، ڕۆژنامەنووس، لەکاتی زیندانیکردندا تووشی شێرپەنجە بووە، ئەمەش بارودۆخی خراپتر کردووە و ژیانی خستۆتە مەترسییەوە.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس- شەزا حاج موبارەک، ڕۆژنامەنووسی تونسی لەناو زینداندا لە دۆخێکی تەندروستی و مرۆیی زۆر مەترسیداردا دەژی، کە لە ئەنجامی پشتگوێخستنی پزیشکی و دەرکەوتنی شێرپەنجە پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلە هەیە، کە ئازارەکانی خراپتر بووە، هەروەها ڕۆژنامەنووسان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی نیشتمانی تونس کاردانەوەیان بەرامبەر بەو دۆسیەیە وەک ئامرازێک بۆ دابەزینی ئازادییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی لە تونس نیشاندا، وتیشیان بەردەوامی زیندانیکردن نوێنەرایەتی ئازارێکی ئاڵۆزتر و پێشێلکردنی مافێکی بنەڕەتیی دەکات، کە مافی تەندروستی و ژیانە.
بانگەوازەکانی ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بۆ ڕزگارکردنی ژیانی شەزا حاج موبارەک، ڕۆژنامەنووس چڕتر بووەوە، دوای ڕاگەیاندراوێک لەلایەن خێزانەکەی کە لە ئاژانسەکەمانەوە ٧ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە، دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی و ڕەتکردنەوەی زیندانەکە بۆ دابینکردنی چارەسەر و لابردنی شێرپەنجەکەی پشتڕاستکردەوە.
شەریفە حاج موبارەک، دایکی بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، لە زینداندا تووشی چەند نەخۆشییەک بووە، توانای بیستنی بۆ کەمترین ئاست تێکچووە، کە پێشتر توانای بیستنی بەشی ئەوەندەی هەبووە بۆ ئەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی خۆی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەببات، بەڵام ئێستا بەسەختی دەتوانێت ببیستێت، جگە لەوەش زیندانییەک دەستی بریندار کردووە، ئەمەش ناچاری کردووە کە ئامێری دەستکرد بەکاربهێنێت، ئەمەش ڕێگری لە توانای نووسینی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای مانگرتن لە خواردن و بینینی پزیشک، گواسترایەوە بۆ زیندانی "بلی"، لەوێ لە پشکنینی سی تی سکان شێرپەنجەی سکی دەرکەوت، کە پێویستی بە لابردنی هەیە، بەڵام هێشتا نەشتەرگەرییەکە ئەنجام نەدراوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە وشەی "شێرپەنجە" ترس و دڵەڕاوکێ دەورووژێنێت، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلە هەیە بۆ ڕزگارکردنی تەندروستی پێش ئەوەی زیاتر تێکبچێت، داوای لە دەسەڵاتداران کردووە دەستبەجێ شەزا حاج موبارەک ئازاد بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری خێرا و ورد وەربگرێت، بەو هیوایەی لە ژیاندا بمێنێتەوە، بە تایبەت کە ئەویش بەدەست بەرزی پەستانی چاوەوە دەناڵێنێت.
"ئازار و پشتگوێخستن"
زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان کاردانەوەیان بەرامبەر لێدوانی ئەو خێزانە هەبوو کە لە مالپەڕی تۆڕی کۆمەڵایەتیەکانیان و لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاویان کردەوە، جیهان لواتی، ئەندامی سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسانی تونس، وتی: خۆمان دەبینینەوە لەبەردەم دۆسیەیەکدا کە نوێنەرایەتی ئازارێکی زۆر دەکات بۆ ڕۆژنامەنووسان، هەروەها دۆسیەی هاوکارمان شەزا حاج موبارەک وەک دۆسیەی ''ئینستالینگۆ''یە، کەیسێک کە گەلی ترساندووە.
ڕوونیشیکردەوە، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، باری تەندروستی شەزاحاج موبارەک بەشێوەیەکی ڕاستەقینە تێکچووە، بارودۆخی لەڕادەبەدەر ناجێگیر بووە.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونس چەندین جار داوای لە وەزارەتی داد کردووە هاوکارەکەیان ئازاد بکات، بەو پێیەی کە ئەو هاوکارە هیچ مەترسییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی تونس دروست ناکات و وازهێنان لە هاوکارەکەیان لە بارودۆخە ناجێگیرەکەیدا جێگەی قبوڵکردن نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئازادییەکان لە تونس شاهیدی دابەزینێکی بەرچاوە، لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای زۆر کە کاری ڕۆژنامەنووسان سنووردار دەکەن، لە کاتێکدا بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەم ساڵانەی دواییدا زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەمڕۆش هێشتا بەڵگەنامەیەکی فەرمیمان نییە کە پێگەی ڕۆژنامەوانی بسەلمێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستی ئازادییەکان بە دوور لە جێگەی ڕەزامەندی، بەتایبەتی سەبارەت بە مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری، کە مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەموو هاوڵاتیان.
جیهان لواتی ڕایگەیاند، کە دۆخی ئازادییەکان لە تونسدا دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، فەرمانی ژمارە ٥٤ بووەتە شمشێرێک کە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا هەڵواسراوە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە هاوکارەکانی خۆیان سانسۆر بکەن.
ڕوونیشی کردەوە، کە ژنانی ڕۆژنامەنووسان تووشی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیوەندیی مەجازییەوە، زیندانیکردنی هاوکارەکەیان، شەزا حاج موبارەک، نوێنەرایەتی توندوتیژیی ڕەگەزی دەکات، وتی: زیرەکی دەستکرد سەرەڕای سوودەکانی، هەندێکجار وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن لە ژنان ڕۆژنامەنووس بەکاردەهێنرێت.