ژیان لە ئیدلیبی داگیرکراو کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە

ژنان و منداڵانی ئیدلیب بەهۆی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ترسدا دەژین، هێرش و توندوتیژیی چەتەکان کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵان و ژنانی ئیدلیب دروستکردووە.

سوها عەلی

 

ئیدلیب- لەو ڕۆژەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئیدلبیان داگیرکرد، ژیانی ژنان و منداڵان بە سەختی و ترس و دڵەڕاوکێدا تێدەپەڕێت، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە چەتەکانی هەتەشە کە بە هێزە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە جوولانی ناودەبرێن، خەڵکێکی زۆریان دەستگیرکردووە و تا ئێستاش چارەنووسی ئەو کەسانە نادیارە، ڕۆژانە توندوتیژی و فشار لەسەر کۆمەڵگەی ئیدلیب بەتایبەت لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، ئەم فشار و توندوتیژییە کاریگەری لەسەر دەروونیان هەیە.

 

"هێرشەکانی چەتەکان منداڵەکانی منی زۆر ترساند"

سەلوە عەلوان، کۆچبەرێکی تەمەن٣١ ساڵە و لە کامپەکانی بەردەقلی نیشتەجێیە، وتی: چەتکانی هەتەشە لە نیوەی شەودا هێرشیان کردە سەر چادرەکەم و بە زۆر هاوژینەکەمیان  بردە دەرەوە، ئێمە زۆر ترساین و هێرشەکانی ئەوان منداڵەکانمی ترساند.

 

"بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەم ڕەخنەی لە چەتەکان گرتبوو دەستگیرکرام"

مریەم سەلموی تەمەن ٢٩ ساڵ وتی: دوای هێرشەکانی ئەندامانی ئەو گروپە کاتێک هاوژینەکەم لێیدرا و دەستگیرکرا، چیتر ناتوانم بچمە ماڵەکەم، هاوژینەکەم حەزی لە کێشە نییە تەنیا لەم دواییانەدا بوو کە هەندێک بڵاوکراوەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە کارێکی هەتەشە گرت، لەوەتەی هاوژینەکەم ٥ مانگ پێش ئێستا دەستگیرکراوە، ناتوانم لە ماڵەکەم کە تیایدا دەژیام بمێنمەوە، بەتایبەتی دوو منداڵەکەم ئێستا لە ماڵەکەمان دەترسن.

 

مریەم سەلمو لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری حەریم لە باکووری سووریا لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا دەژین، هەرچەندە هەتەشە هیچ زانیارییەکی لەبارەی دەستگیرکردنی نەداوە، بەڵام لەگەڵ خێزانەکەی دەمێنێتەوە تاوەکو هاوژینەکەی لە زیندان ئازاد دەبێت.

 

"فشار و توندوتیژی زۆرترین کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە"

دوعا نورەدین، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، منداڵانی تایبەت لە خوار تەمەنی ٦ ساڵ کاتێک شایەتحاڵی توندوتیژی و فشارن کاریگەریی لەسەر دەروونیان دەبێت و وتی: ئەم ڕووداوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە هزریاندا دەمێنێتەوە، هەر ژاوەژاوێکی بەرز دەیانترسێنێت و کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانیان دەکات، نابێت ژنان و منداڵانی ئیدلیب لەو دۆخەدا بمێننەوە چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ژیانیان دروست دەکات و بۆ داهاتوویان باش نابێت.