ژنێکی گەنجی نابینا لە میسر ئازار دەگۆڕێت بۆ هیوا

خاوەن پێداویستی تایبەت زۆر کەس دەخاتە ناو خولگەیەکی بێ هیواییەوە، بەڵام بە پشتیوانی و هاندان و ئیرادەی تەواو، دەتوانێت ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ زۆرێک لە ژنان و منداڵانی کچ.

ئیمان سەمیر عەلی

 

میسر-لە گەشتێکی ئیلهامبەخشی خۆڕاگری و ئارامیدا، زەینەب بەدر، ژنێکی گەنجی پارێزگای ئەسیوت، سستی بینین و زیانەکانی دووبارەبوونەوەی گۆڕی بۆ سەرچاوەی هیوا و بەخشین.

 

زەینەب هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تووشی نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەن بوو کە وردە وردە بووە هۆی ئەوەی بینایی لەدەست بدات، هەروەها لە بارودۆخێکی دڵتەزێندا دایک و باوکی و دوو خوشک و براکەی لەدەستدا، سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، بەسەر سەختییەکانیدا زاڵ بوو ئەزموونی کەسیی خۆی کردە چیرۆکێکی سەرکەوتن، بوو بە نمونەیەکی ئیلهامبەخش لە بواری خولی پەروەردەی کۆمپیوتەر بۆ کەم بیناکان.

 

گەشتەکەی لەگەڵ کەمئەندامیدا لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستیپێکرد کاتێک خێزانەکەی حاڵەتەکەییان دۆزیەوە، ڕاوێژیان بە چەند پزیشکێک کرد لە ئەسیوت و قاهیرە، لەوێدا تووشی نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەن بوو کە بە هەوکردنی تۆڕی چاوی ڕەنگاوڕەنگ ناسراوە.

 

سەرەڕای سەختییە سەرەتاییەکان، زەینەب بەدر ملکەچی ئاڵەنگاریەکانی نەبوو، بە پشتیوانییەکی بەهێزی خێزانەکەی، بەردەوام بوو لە خوێندن، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەکاری و ناوەندی تەواو کرد، لە کۆتاییدا بڕوانامەی دیپلۆمی لە تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی بەدەستهێنا، پسپۆڕی لە تەکنیکارانی تاقیگە، وتی: هیوام خواستبوو بەردەوام بم لە خوێندن لە پەیمانگای درێژکردنەوەی کشتوکاڵی، بەڵام تەنها خوێندکارانی بیناییان وەرگرتبوو، تەندروستیشم تێکچوو، ئەمەش وایکرد ناو تۆمارکردنم ئەستەم بێت.

 

دوای ئەوە ڕووی لە ناوەندێکی پەروەردەیی تایبەتمەند بۆ نابینایان کرد لە پارێزگای ئەسیوت، لەوێ دەستی کرد بە پەرەپێدانی تواناکانی، بەتایبەتی لە خولی پەروەردەی کۆمپیوتەردا، ناوی خۆی لە چەندین خولی پەروەردەیدا تۆمارکرد، دیارترینیان خولیCall” Center” ”ناوەندی پەیوەندییەکان” بوو، لە هەمان کاتدا دەستیکرد بە پێشکەشکردنی خولی پەروەردەی کۆمپیوتەر بۆ نابینایان.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە لە خولی پەروەردەی کۆمپیوتەر بۆ نابینایان کاردەکات، هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەسی لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگای ئەسیوت و لە پارێزگا جیاوازەکانەوە و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیشەوە خولی پێکردوون، لە ئێستادا هەموو خولەکانی لە دوورەوە ”ئۆنلاین” پێشکەش دەکرێت، لەگەڵ پلانی پێشکەشکردنی خولی کەسی ”ئۆفلاین” لە داهاتوویەکی نزیکدا.

 

سەبارەت بە جووڵە، زەینەب بەدر دووپاتی دەکاتەوە، کە پاڵپشتییەکی گەورە لە خێزان و هاوڕێکانی وەردەگرێت، بەتایبەتی هاوڕێ نزیکەکەی ئەسما عصام کە لە منداڵییەوە لەگەڵی بووە و پاڵپشتی بووە، لەگەڵ خوشکەکانی، ئەمەش سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی ئاسایش و پشتیوانی بووە بۆ ئەو.

 

سەرەڕای سەرقاڵی کارکردنی، خەونی خوێندنی لەگەڵیدا مابووەوە، ناوی خۆی لە خوێندنگەی نور بۆ نابینایان تۆمار کردووە، لەوێ لە دوو ساڵی یەکەمی قۆناغی ناوەندیدا سەرکەوتوو بووە و لە ڕیزبەندی خوێندکارە سەرەکییەکان، لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتایی ناوەندیدایە و هیوادارە ئەمساڵ جارێکی دیکە لەنێو خوێندکارە سەرەکییەکان بێت.

 

لەسەر ئاستی کەسی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بووەتەوە، دوو خوشک و برا و هەردوو دایک و باوکی لەدەستداوە، کارەساتەکە بە گیانلەدەستدانی برا گەورەکەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستیپێکرد، دواتر باوکی دوای ساڵێک و چوار مانگ گیانی لەدەستدا، دواتر بەهۆی نەخۆشی گورچیلەوە برایەکی دیکەی لەدەستدا، دوای ماوەیەکی کەم دایکی کۆچی دوایی کرد، ساڵێکی تەواو بەسەر مردنیدا تێپەڕیوە، ئەوەش پشتڕاستیدەکاتەوە کە ئەم تاقیکردنەوانە، سەرەڕای توندییان، نەیانشکاندووە، بەڵکو بەهۆی ئەو پشتگیرییەی کە لەلایەن خوشک و براکانی دیکەی، هاوڕێکانیەوە وەریگرتووە لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە بە پشتیوانی دەورەیان دابوو.

 

زەینەب بەدر بەهۆی خواستی باشترکردنی تەندروستی دەروونی و جەستەییەوە، ڕووی لە وەرزش کرد، بەتایبەتی کاراتێ، پەیوەندی بە یانەی وەرزشی ئەسیوتەوە کردووە و پشتێنە پرتەقاڵییەکەی بەدەستهێناوە و ئاواتەخوازە بگاتە ئاستی پشتێنە ڕەشەکە.

 

بڕگەیەکی گرنگ لە ژیانیدا دانانی بوو لەلایەن پارێزگاری ئەسیوتەوە، وەک ڕێزلێنانێک بۆ چیرۆکە ئیلهامبەخشەکەی لە کۆڵنەدان، سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن لە خوێندنگەی نور بۆ نابینایان دەستی بە کارەکانی کردووە، لەگەڵ منداڵان لە هەردوو ئاستی سەرەتایی و ئامادەکاریدا کاردەکات، سەرنجی لەسەر فێرکردنی بنەماکانی کۆمپیوتەر و برێل و کارامەییەکانی تەکنەلۆژیای بنەڕەتییە، بە ئامانجی بەهێزکردنیان و دروستکردنی متمانە بەخۆبوونیان.

 

زەینەب بەدر لە کۆتاییدا وتی: خەونم بەوەیە یارمەتی هەر کەسێک بدەم، جا نابینا بێت، هەر جۆرە کەمئەندامییەک بێت یان تەنانەت بیناش بێت، بۆ ئەوەی باشتر کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێت، دەمەوێت ترسی دەوروبەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لاببەم و بەشداری بکەم لە بەهێزکردنی هزری و پیشەیی ئەوان.