ژنانی ئیدلب بە کاتژمێری زۆر و مووچەی کەم کار دەکەن

هەرچەندە هەلی کار بۆ ژنان لە ئیدلب زۆرە، بەڵام هێشتا زۆرێکیان بەدەست ئیستغلالکردنەوە دەناڵێنن لە ژینگەی کاردا، بەو پێیەی ناچارن کاتژمێری زۆر کاربکەن بۆ ئەو مووچەیەی کە پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- ژنانی ئیدلب ڕۆژانە ١٢ بۆ ١٤کاتژمێر لەژێر هەلومەرجێکی سەختدا کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو هۆکارانەی پەیوەستن بە هەژاری و پێویستی بەپەلەی کارکردن، کە خاوەن دوکان و چێشتخانەکان بۆ دامەزراندنی ژنان بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیانیانەوە بە مووچەیەکی کەم ئیستیغلالیان دەکەن.

 

لەیلا شەحود، ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٠ ساڵانە و دایکی سێ منداڵە، لە چێشتخانەیەک لە شاری دانا لە باکووری ئیدلب کاردەکات، هەندێکجار کاتی کارکردنی دەگاتە ١٦ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، سەرەڕای ئەو کارە ماندووکردنە، مووچەکەی کەمەو ناتوانێت سادەترین تێچووی ژیان مسۆگەر بکات، وتی: سەرەتا سوپاسگوزار بووم کە کارێکم دۆزیەوە، بەڵام ئێستا هەست دەکەم بارگرانییە، ناتوانم ناڕەزایەتی دەرببڕم، ئەگەریش واز لە کارەکەم بهێنم، ناتوانم پێداویستییەکانی خێزانەکەم دابین بکەم.

 

 لەیلا شەحود خەون بە هەلی کارێکی باشتر و موچەیەکی دادپەروەرانە و هەلومەرجی کارکردنی مرۆڤدۆستانە دەبینێت، بەڵام هەست بە نائومێدی دەکات لە هەلەکانی بەردەستی ژنان لە بازاڕی کاری ناوخۆییداو وتی: خەون بە کارێکی شایستە دەبینم، بەڵام پێدەچێت ئەوە تەنها خەون بێت، بەهۆی ئیستیغلال کردنەوە مافەکانی کرێکارانی ژن لە ئیدلب بەدەستنەهاتووە.

 

"تەنانەت پشوو بۆ خواردنیش نییەو دەترسم گلەیی بکەم"

سارە قیروانوا، دایکی دوو منداڵە و لە مۆڵێکی خواردن کاردەکات، وتی: بەیانی زوو دەست بە کارەکانم دەکەم، و تا درەنگانی شەو ناگەڕێمەوە ماڵەوە، کارەکە زۆر قورسە و پێویستی بە دوو هێندە هەوڵی من هەیە، بەتایبەتی لە جەژن و بۆنەکاندا، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا کار دەکەم، زۆرجار مۆڵەکە قەرەباڵغی کرێکار و کڕیارە و هەواگۆڕکێی دروستی تێدا نییە، تەنانەت پشوویەکیش بۆ خواردنیش نییە، لە ترسی لەدەستدانی کارەکەم دەترسم قسە بکەم و گلەیی لە هەر شتێک بکەم.

 

وتیشی: کەس مافەکانمان پێنادات، جا بیمەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، یان یاسایی هەبێت. کاتی دەوام زۆرە و کرێش کەمە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەلایەن هەندێک کەس و کڕیاریشەوە تووشی سووکایەتی دەبم، بەڵام من ناچارم لە پێناو دوو منداڵەکەمدا بەرگەی هەموو ئەمانە بگرم، تووشی ئازاری درێژخایەنی پشت بووم و زۆرجار لە ژینگەیەکی پڕ لە فشار و زیادبوونی بەرپرسیارێتیدا کاردەکەم، بەڵام بەنیازی ئەوە نیم کارەکەم بەجێبهێڵم، چونکە لەناو هەژاری و ئاوارەیی و نەبوونی دەرفەتدا زۆر پێویستم پێیەتی.

 

حەیات قەش، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئیستغلالکردنی پێویستی ژنان بۆ کارکردن و دانانی لە بارودۆخێکی سەختی کارکردندا کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دەبێت، بەو پێیەی ئەو ژنانەی لە شوێنی کاردا ئیستغلال دەکرێن بەدەست کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە جدییەکانەوەو هەستکردن بە نادادپەروەری و ستەم دەناڵێنن، و کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن و ماندوێتی دەبێتە هۆی فشاری تەندروستی، وەک ماندوێتی و تێکچوونی خەو، چەندین نەخۆشی وەک بەرزی پەستانی خوێن دەروونی لێدەکەوێتەوە، ژنان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن لە ئەنجامی بەدەستنەهێنانی مووچەیەکی باش یان هەلی کارێکی باشتر.

 

حەیات قەش داوای چاودێریکردنی زیاتری ژینگەکانی کارکردن و دابینکردنی بەرنامەی چاکسازی و پەروەردە دەکات کە ڕەنگە یارمەتی ژنان بدات بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی نوێ و بتوانن پیشەیی خۆیان بەرەوپێش ببەن، وتیشی: پێویستە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دەستپێبکرێت بۆ زیادکردنی زانیاری ژنان لەسەر مافەکانیان لە شوێنی کاردا، دادپەروەری بۆ ژنان لە شوێنی کاردا تەنها پرسێکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی مرۆییە کە دادپەروەری و یەکسانی لە ژینگەکانی کاردا دابین دەکات، بەمەش دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر دابین بکات.