ژنانی سریانی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کۆمەڵگەکەیان و دەستکەوتەکانیان دەپارێزن

ژنانی سریانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن لە بەهێزکردنی ئامادەیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان، کاردەکەن بۆ پاراستنی مافەکانی کۆمەڵگە و ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بەدەستی دەهێنن.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ– ژنانی سریانی لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی و چالاکی کۆمەڵگە دەرکەوتوون، نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری، بەڵکو لە بەشداریی سیاسی و بڕیاردانیشدا، ئەمڕۆ ژنانی سریانی بەشێکی دانەبڕاون لەو ئەنجومەن و دامەزراوانەی کە بڕیاری چارەنووسساز دەدەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و داهاتووی کۆمەڵگە هەیە.

 

یەکێتی ژنانی سریانی پلاتفۆرمێکی بەهێزە کە ژنان بەهێز دەکات بۆ دەربڕین و داوای مافەکانیان لە ئاستە جیاوازەکاندا، سەباح شابۆ، ئەندامی یەکێتییەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە کە ئەم قۆناغە نوێنەرایەتی لوتکەی خەباتێکی درێژخایەنی ژنانی سریانی دەکات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و فراوانکردنی بەشداری ژنان لە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و سیاسیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی سریانی بەدرێژایی ساڵان هەمیشە لە پێشەنگی ئەو کەسانەدا بوون کە داوای مافەکانیان و مافەکانی پێکهاتەکانیان دەکەن، هەروەها سەختترین ئاڵەنگاری کە ڕووبەڕووی ژنان بوونەتەوە لە بواری پەراوێزخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، ژنان لەو ناوەندانە دوورخراونەتەوە کە بڕیاری چارەنووسسازیان تێدا دەدرا، هەروەها دەنگی ژنان بەسەختی لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا دەبیسترا، جا چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، کۆمەڵایەتی یان تەنانەت بەشداری ئابووریش بێت.

 

یەکێک لەو دەستکەوتە هەرە بەرچاوانەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە، بەردەوامبوونی ژنانە لە ئەنجومەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حزبییەکاندا، وایان لێدەکات هاوبەشی کارابن لە داڕشتنی سیاسەت و پاراستنی مافەکانی گەلەکەیان و هەروەها مافە تایبەتی و کۆمەڵایەتییەکانییان، ئەمەش وەک وتی: بازدانێکی گۆڕانی گەورەیە" بۆ ژنانی سریانی لە ناوچەکەدا، ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو خەباتەیە کە بۆ گەیشتن بەم ئاستە لە کاریگەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجامیانداوە.

 

”ژنان بەشێکی دانەبڕاون لە بناغەی کۆمەڵایەتی و سیاسی”

ئەمڕۆ ژنانی سریانی تەنها وەک تاک داوای مافەکانی خۆیان ناکەن، بەڵکو هەمیشە لە پاڵ مافەکانی کۆمەڵگە بە گشتی دەوەستن، چونکە ژنان بەشێکی دانەبڕاون لە بناغەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلەکەیان، هەروەها گەیشتنی خەڵک بە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە واتای گەیشتنی بە مافە سیاسییەکانی ژنانیش دێت، ئەمەش وایکردووە ڕۆڵی ژنانی سریانی ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکاندا ناوەندی بێت، جا چ سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان کولتووری بێت.

 

سەباح شابۆ ڕوونیشیکردەوە کە یەکێتی ژنانی سریانی لە ڕێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیەوە کاردەکات بۆ "بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا، تیشک دەخاتە سەر بەرنامەی هۆشیاری کە پەروەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و مێژوویی لەخۆدەگرێت، ئەم بەرنامانە شوێنی فراوان دەدەن بە ژنان بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پێگەییان، بۆ بەهێزکردنی توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵەنگاریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە.

 

لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ژنانی سریانی ئەمڕۆ لە پلاتفۆرمە سیاسییەکان، لە کۆڕەکانی بەڕیوەبەری و لە حیزبەکاندا چالاکانە ئامادەن، ڕاستەوخۆ بەشداری لە بڕیاردانی چارەنووسسازدا دەکەن، ئەمەش دەستکەوتێک کە سەباح شابۆ بە "مێژوویی و بێ وێنە لە ناوچەکەدا" پێناسەی کردووە، ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەیە کە ژنانی سریانی لە کۆمەڵگە و لە پڕۆسەی بڕیارداندا بەدییان هێناوە، دەیسەلمێنێت کە ژنانی سریانی چیتر تەنها وەرگری بڕیار نین، بەڵکوو بڕیاردەرن، بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان و داکۆکیکارن لە مافەکانییان و مافەکانی کۆمەڵگەی خۆجێیی.

 

سەرەڕای هەموو ئەم دەستکەوتانە، ئاڵەنگاری بیرکردنەوەی پیاوسالاری نەریتی هەر ماوە، وەک ئەو دووپاتی دەکاتەوە و گەورەترین ئاڵەنگاریە ڕووبەڕووی ژنانی سووریا دەبێتەوە لە دەستپێکردنی ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا،ئەمە جگە لە ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی کە لە مێژوودا ژنانی لە پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵدا قەتیس کردووە، بەڵام ژنانی سریانی توانای خۆیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە سەلماندووە.

 

هەروەها تیشکی خستە سەر بەشداری سەربازی ژنانی سریانی لە بەرگریکردن لە خاک و ئەو مافەنەی کە بەسەختی بەدەست هێنراوە و هەندێکیشیان گیانیان بەخت کرد بۆ پاراستنی ئەو مافانە، وتی: خوێنی شەهیدان بەبێ جیاوازی لە هەموو پێکهاتەکانەوە تێکەڵ بووە.

 

”هاوپشتی هێزێکی نەشکاوە”

ئەم هاوپشتی و هاوکارییە لە نێوان ژنانی سریانیدا، لەگەڵ ژنانی پێکهاتەکانی دیکە، نوێنەرایەتی "هێزێکی نەشکاو" دەکات، ئەم هاودەنگییەی بە "ڕەنگە جیاوازەکانی پێنوسەکان بەراورد کردووە کە کاتێک یەکدەگرن وێنەیەکی تەواو و جوان پێکدەهێنن، کە کەس ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە یان لاوازی بکات، هەروەها ئیرادەی ژنان چەسپاو و بەهێزە، وەک دارێکی ڕەگداکوتاوی قووڵ، توانای بەرگەگرتنی هەر زریانێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی هەیە، چونکە ڕەگ و ڕیشەی لە خاک و کۆمەڵگەکەیدا هەیە، هێز لە مێژووی خەبات و زیانبەرکەوتووی ژنان لە پێناو مافەکانی خۆیان و مافەکانی کۆمەڵگەببە گشتی وەرگرتووە.

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتیەکە هەمیشە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بووە بۆ پشتیوانیکردن لە بەهێزکردنی سیاسی ژنان، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردان و ڕێکخستنی وۆرکشۆپ و بەرنامەی ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ژنان، بەمەش بەشداری چالاکانە و بەردەوامیان مسۆگەر دەکات، وتی: هەموو ئەم بەرنامە و دەستپێشخەرییانە نوێنەرایەتی بناغەی درێژەدان بە خەباتی ژنان دەکەن بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەست هاتوون، بۆ مسۆگەرکردنی ئامادەبوون و کاریگەرییان لە داهاتوویەکی نزیک و دووردا.