ژنانی لوبنانی لە نێوان ئاوارەبوون و وەڵامدانەوەدا... کاتێک ئازارەکان دەگۆڕدرێن بۆ کاری فریاگوزاری
لە پەناگەکانی شاری سیدۆن، ژنان لە پێشەنگن، نەک تەنها وەک ئاوارە، بەڵکو وەک دروستکەری وەڵامدانەوەی مرۆیی، دوو بارگرانی هەڵدەگرن، لە دیمەنێکدا کە پوختەی ئاڵۆزییەکانی قەیرانی مرۆیی لە ئەنجامی شەڕ و ئاوارەبوون لە باشووری لوبنانەوە دەخاتەڕوو.
فادیا جومعە
لوبنان- لە نێوان ئەو چادرانەی کە لەلایەن خەڵکی ئاوارەو خوێندنگە قەرەباڵغەکانی سیدۆنەوە دانراون، چیرۆکەکانی ئاوارەبوون لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی ژنان کە پێشەنگانی هەوڵەکانی فریاگوزاری دەکەن، یەکتر دەبڕن، ژنان لە وەرگرانی یارمەتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئەکتەرە سەرەکییەکان، چالاکوانان ڕووبەڕووی ڕاستییەکی مرۆیی سەخت دەبنەوە لە هەمانکاتدا تیشک دەخەنە سەر لاوازی ژنان لە کامپەکانی ئاوارەبوون.
جیهان قەیسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی URDA وتی: ئێمە لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کار دەکەین، ئێستاش لە سیدۆن لەناو خوێندنگەی فەرمی لوبنانی-کوەیتی، کە دەرگاکانی وەک پەناگەیەک بۆ ئەو ئاوارانەی کە لە باشوورەوە دەگەن کردۆتەوە، ئێمە بە درێژایی کاتژمێر لەگەڵ تیمێکی خۆبەخش کاردەکەین لەگەڵ نزیکەی هەزارو ١٠٠ کەس لەم ناوەندە، ئێمە کارەکانمان لە پاڵنەرە مرۆییەکانەوە ئەنجام دەدەین، خەڵکی ئاوارە بە خێزانی خۆمان دەزانین. سەرەڕای ئازارەکانمان، هەوڵدەدەین ئازارەکانیان کەم بکەینەوە بە هاوکاری لەگەڵ شارەوانی سیدۆن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و دامەزراوە چالاکەکان، هەوڵدەدەین بەشێک لە پێداویستییەکان، داپۆشین، بەڵام زۆر گەورەترن لە سەرچاوە بەردەستەکان و تواناکانمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان بریتین لە نیشتەجێبوون و دەستەبەرکردنی شوێنی گونجاو بۆ تازەهاتووان. وتی: ناچار بووین چادر و کانۆپ دابنێین، بەڵام ئاواتەخوازین شوێنی مرۆڤانەتر دابین بکەین، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بوونی ژنان و کەسانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەم دۆخانە خەمێکی زۆرمان بۆ بەجێدەهێڵێت، بەتایبەتی کاتێک دەبینین خێزانەکان ناچارن لەناو ئۆتۆمبێل یان لەسەر شەقامەکان بخەون.
جیهان قەیسی بانگەوازی کرد بۆ کردنەوەی پەناگەی زیاتر لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، بەو پێیەی هەموو خێزانێک لێرە چیرۆکێکی ئازاری هەیە، وتی: شاهیدی حاڵەتی داڕمان و ترس بووین، بەتایبەتی لەناو ئەو ژنانەی کە پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونییە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان، ئێمە کاردەکەین بۆ ڕێکخستنی بارودۆخی ژنان، بەتەمەنەکان، منداڵان، و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام نەبوونی تایبەتمەندی لەناو ناوەندەکاندا وەک ئاڵەنگارییەکی سەخت دەمێنێتەوە لەبەر ڕۆشنایی قەرەباڵغی و سنوورداربوونی شوێنی بەردەست. هەروەها دامەزراوە تەندروستییەکانیش بەس نییە، و تا دەتوانین هەوڵدەدەین بۆ پاراستنی دۆخی ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام نەبوونی تایبەتمەندی لەناو ناوەندەکانداوەک ئاڵەنگارییەکانی قورس ماوەتەوە کەرامەتی ژنان لەم بارودۆخە سەختانەدا.
“دۆخێکی زۆر سەختی مرۆیی"
لینا عەلام، ئەندامی لیژنەی تەندروستی شارەوانی سیدۆن و چالاکوانی کۆمەڵایەتی وتی: لەکاتی شەڕی پێشوودا بەرپرسی یەکێک لە پەناگە بووم، ئەمڕۆ پێم باش بوو لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا کاربکەم کە دەستم پێکرد بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکەم و هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و ناوەندو کۆمەڵەکاندا بکەم، وەک پەیوەندییەک لە نێوانیاندا مامەڵە بکەم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٤ پەناگە هەیە کە نزیکەی ١٢ هەزار ئاوارەیان تێدایە، جگە لەوەی زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە ماڵەکانی ناو شارەکەدا نیشتەجێن.
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی فەرمی و هاوکارییەکان وتی: ئەمە کەمترینە، گەورەترین بارگرانیش دەکەوێتە سەر دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان. زۆربەی ئەم دەستپێشخەرییانە پشت بە ژنان دەبەستن، کە بە سروشتی زیاتر وەڵامدەرەوەو هەستیارترن و هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی تواناکانیاندا یارمەتی بدەن، تەنانەت ئەگەر سنووردار بێت بە دەستپێشخەرییە سادەکان.
بە پێچەوانەوە زۆربەی بەڕێوەبەرانی داڵدەدان پیاون، ئەمەش هەندێک جار دەبێتە هۆی چاوپۆشیکردن لە پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان- پێداویستییەکان کە یان چارەسەر ناکرێن یان ژنان ناتوانن بە ئاسانی بیخەنە ڕوو. ئەمەش وا دەکات بوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان شتێکی بنەڕەتی و بەپەلە بێت.
وتی: هەروەها سەرسام بووم بەو ڕاستییەی کە ژمارەی ژنانی ئاوارە لە ژمارەی پیاوان زیاترە. ئەم ژنانە پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە کە لە یارمەتییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون تێدەپەڕێت، درێژدەبێتەوە بۆ پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی. بۆیە هیوادارین لەم هەلومەرجانەدا گرنگییەکی تایبەتیان پێبدرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە ژنان لە سیدۆن وەک بڕبڕەی پشتی وەڵامدانەوەی مرۆیی دەمێننەوە، سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە بەرچاوانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەڵام دڵنیابوون لە مافەکانیان لە داننان بە پێداویستییە تایبەتەکانیان و گەرەنتیکردنی کەمترین ئاستی کەرامەت لە پەناگە و پێشکەشکردنی هاوکاری خێرا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەستپێدەکات.