ژن و منداڵانی غەززە برسین و جیهانیش بێدەنگە
بەدخۆراکی لە کەرتی غەززە بە ڕێژەیەکی مەترسیدار بڵاودەبێتەوە لە کاتێکدا گەمارۆو داڕمانی نزیکەی تەواوەتی سیستمی تەندروستی، ڕۆژانە مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران منداڵ و ژن دروست دەکات.

نەغم کەراجە
غەززە ـ غەززە یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی خۆراک لە جیهاندا بەخۆیەوە دەبینێت، بەدخۆراکی لەنێو منداڵان و ژناندا بە شێوەیەکی کارەساتبار بڵاوبووەتەوە لە ئەنجامی توندبوونەوەی گەمارۆکان و شەڕی بەردەوام، برسێتی بووەتە چەکێک کە دژی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بەکاردێت، لە کاتێکدا سیستەمی تەندروستی دەڕووخێت و نەخۆشخانەکان ناتوانن تەنانەت سەرەتاییترین چارەسەریش دابین بکەن.
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە برسێتی لە غەززە بووەتە ڕاستییەکی ڕۆژانە و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست کردووە بەتایبەتی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ.
"ئایا دەبێت ژنێک لەبەر خاتری پارچەیەک خواردن بۆ منداڵەکانی زەلیل بکرێت؟"
لەو کۆڵانە چادرانەی کە لە ڕۆژئاوای شاری غەززە درێژدەبنەوە، درێژکراوەی هەژاری و مەرگ، ڕاویە حەلەس، دایکێکی خەمبار کە زیاتر لە نۆ مانگە ئاوارە بووە، لەسەر مشتێک خۆڵ وەستاوە کە بە تەنیا خۆی لەم جیهانەدا خاوەندارێتی دەکات.
لەسەر زەوییە تۆزاوییەکە ئاگرێک لەسەر سۆپایەکی وێران هەڵدەگیرسێنێت، دەفرێکی بەتاڵ لەسەری دادەنێت، بێ ئاو و خواردن، وەک ئەوەی سەرابێک بۆ هەشت منداڵەکەی لێنێت، بەهۆی برسێتیەوە ماندوو بووە و بە تینوێتی وای لێکردووە بگری، شەڕەکە کە هیچ بەردێکی نەگۆڕی نەپاراست، هەروەها هیچ پارچە خواردنێکی لەسەر مێزی ڕاویە حەلەس و نە لەناو جانتا بێهیواکەیدا بەخشی، لەوەتەی ڕامی، هاوژینەکەی لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٥ لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ماڵە وێرانەکەی لە گەڕەکی شجاعیە لە گەڕان بەدوای پاشماوەی خۆراک بۆ منداڵەکانی کوژراوە، کەوتۆتە ناو تونێلێکەوە کە لە مردنێکی هێواش نەبێت ناچێت، ئەوە یەکەمجار نەبوو بڕوات بۆ شجاعیە، بەڵام داوام لێکرد کە ئەو بەیانییە نەچێت، هەستم کرد خەریکە شتێکی ترسناک ڕووبدات، ئاسمان موشەک دەبارێت، بەڵام هاواری ئەیوب، کوڕە سێ ساڵانەکەم، وەک چەقۆیەک سنگی باوکی کون کرد، نە مشتێک ئارد و تەنانەت نیسکیش لە چادرەکەماندا نەبوو لەو کاتەدا، بۆیە ئەو بڕیاریدا مەترسییەکە بکات.
کارەساتەکەی لە کوژرانی هاوژینەکەیەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو بە هەڵگیرسانی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، کاتێک ناچار بوو ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی شجاعییە هەڵبێت و بەرەو ماڵی خوشکەکەی لە گەڕەکی سەبرە، پاشان بۆ پەناگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی غەززە و دواجار بۆ چادرێک لە شۆستەی کەمپێک لە ڕۆژئاوای شارەکە، هیچ ئامرازێکی مانەوەی نەبوو، تەنانەت توانای داگیرساندنی ئاگری نەبوو بۆ ئەوەی خواردنی پێ بخوات، کچەکانی دەنارد بۆ گەڕان بەدوای پارچە دار یان پاشماوەی پلاستیک لە نێوان کەڵەکەبوونی زبڵ و داروپەردووی ماڵەکاندا، بەو هیوایەی شتێک بدۆزنەوە کە بتوانن بۆ چێشت لێنان بیسووتێنن، تەنانەت توانای کڕینی دار یان پلاستیکیشم نییە، دەبێت چەندین کیلۆمەتر بە پێ بڕۆم بۆ ئەوەی بگەمە کەناری غەززە، بەدوای پاشماوەدا بگەڕێم کە گونجاوە بۆ داگیرساندنی ئاگر، هەندێکجار بە دڵشکاوەوە دەگەڕێمەوە، پرسیار دەکەم: ئایا دەکرێت ژنێکی ئەم تەمەنە بەم شێوەیە زەلیل و کەمبکرێتەوە تەنها بۆ ئەوەی پاروێک بۆ منداڵەکانی دابین بکات؟
هیچ شتێک لە ژیانی ڕاویە حەلەسدا نەمابوو کە ئیلهامبەخش بێت بۆ هیوا، ماڵەکەی وێران بوو، هاوژینەکەی کوژرا و پاشەکەوتەکانیان نەما، ئەوان بە موچەی سنوورداری هاوژینەکەی لە دەسەڵاتی فەڵەستین دەژیان و پارەیان قەرز دەکرد بەو هیوایەی شەڕ کۆتایی پێبێت و بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، تەنانەت ئەو هیوایەش نەماوە... برسێتی جەستەی منداڵەکانم دەخوات، منیش بە تەواوی بێدەسەڵاتم لە هیچ شتێکدا جگە لە گریان بە نهێنی کاتێک دەخەون.
"کارەساتێکی بەرگە نەگیراو"
لە گۆشەیەکی بێ بەرهەمی نەخۆشخانەکەدا، هەیبە توتەح، پسپۆڕی خۆراک لە نەخۆشخانەی دۆستانی نەخۆشەکان، چاودێری ئەو کەیسانە دەکات کە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە یەک لە دوای یەک دەڕووخێن، وتی: ڕۆژانە لانیکەم پێنج منداڵ لە ژووری فریاکەوتن وەردەگرین، بەهۆی بەدخۆراکییەوە بەدەست ئاڵۆزییەکی زۆرەوە دەناڵێنن، کە لەئەنجامی برسێتی و داخستنی دەروازەکان بڵاوبووەتەوە، کارەساتەکە ئەوەیە کە بەدخۆراکی تەنها بۆ منداڵانی سەروو ساڵێک سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت بۆ کۆرپەی خوار تەمەنی شەش مانگ درێژدەبێتەوە، من بە چاوی خۆم بینیومە منداڵەکان کە تەمەنیان یەک مانگە تووشی لاوازییەکی توند و وشکبوونەوەی کوشندە دەبن چونکە شیری قتو بەردەست نییە، دایکان خۆیان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و ناتوانن شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان.
ڕوونیشیکردەوە، نەخۆشییەکانی کەمی بەرگری و سکچوون و ڕشانەوە و هەوکردنی پێست بڵاوبوونەتەوە، هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی برسێتی و ژینگەی ناتەندروستیدایە، تەنها لەم مانگەدا ٨٥ کەیسی بەدخۆراکیمان لە نێو منداڵان تۆمارکردووە، کە سێیان بەهۆی تێکچوونی تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە، باشتربوون ئەگەر هەبێت ئەوا زۆر خاوە، ئەمە کارەساتێکی بەرگە نەگیراوە.
هەیبە توتەح هۆشداری دەدات لەوەی کەمیی شیر و تەواوکەری خۆراکی لە نەخۆشخانەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، ناچارین ئەو بەشەخۆراکییە بدەین کە بۆ هەر منداڵێک دەدرێت، ئەمەش پێشێلکردنی هەموو پێوەرە پزیشکییەکانە، ئێمە منداڵمان هەیە کە باری تەندروستییان ناجێگیرە، ترسمان هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مردنی نوێ ڕابگەیەنین.
"برسێتییەکی دروستکراوی مرۆڤ"
بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، برسێتی لە کەرتی غەززە فۆرمێکی سیستماتیکی و مەترسیدار وەردەگرێت. ڕێژەی ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، بۆ زیاتر لە ١ بۆ ٦ منداڵی خوار تەمەنی دوو ساڵ بەرزبووەتەوە، مانگانە هەزاران کەیسی مەترسیدار تۆمار دەکرێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (IPC) کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاویکردۆتەوە، ٧١ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە غەززە مەترسی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی توند هەیە، لە نێویاندا زیاتر لە ١٤ هەزار کەیسی سەخت، جگە لە ١٧ هەزار ژنی دووگیان یان شیردەر کە پێویستیان بە خۆراکی چارەسەری بەپەلە هەیە.
هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاست دەکاتەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢١ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەتەواوەتی ناوەندەکانی چاودێری تەندروستی و چارەسەرکردن کەمبوونەتەوە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دۆخەکە بە "برسێتییەکی دروستکراوی مرۆڤ" پێناسە دەکەن، هەموو پێوەرەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەو گەمارۆیە هۆکاری ڕاستەوخۆی ڕێگریکردنە لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، وێنەی مانگە دەستکردەکان نیشان دەدەن کە هەزاران بارهەڵگر بە هاوکاری لە سنووری غەززە کۆکراونەتەوە، بەڵام بەهۆی سنووردارکردنی ئاسایش و سیاسییەوە ناچنە ژوورەوە.
هەیبە تۆتەح بانگەوازی جیهان دەکات و وتی: دەستبەجێ پەڕینەوەکان بکەنەوە، ئەوەی لە منداڵەکانمان ماوەتەوە ڕزگاری بکەن، ئێمە یەک بە یەک لەدەستیان دەدەین، جیهانیش چاودێری دەکات و بێدەنگ دەبێت، ئێمە داوای هیچی تر ناکەین جگە لەوەی ڕێگە بدەین خواردن و دەرمان بگاتە دەستمان... تەنها ڕێگاکە بکەرەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم شەڕە بێ بەزەییانە و ئەو گەمارۆیە بەردەوامە، هەر خولەکێک کە تێدەپەڕێت، ژیانێکە کە لێسەندراوەتەوە، منداڵییەکی تیرۆرکراوە و دایکێکی شکاوە، ئەگەر ئێستا جیهان هەڵسوکەوت نەکات، مێژوو تۆماری دەکات کە غەززە لە برسێتی مردووە، نەک بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، بەڵکو بەهۆی بێدەنگی جیهانەوە.