لە ژێر ئاگر و جینۆسایددا... ژنان پێشەنگایەتی سیستەمێکی جێگرەوە لە ئاژاوە دروست دەکات

ژنانی فەڵەستینی لە قوڵایی داڕمانەوە ژیانی ڕۆژانەی غەززە ڕێکدەخەنەوە و لەنێو نەبوونی دەوڵەت و شەڕی بەردەوامدا ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی جێگرەوە بونیاد دەنێن.

نەغەم کەراجە

غەززە- لەناو شەڕێکدا کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە کەرتی غەززە دەستی پێکردووە، نیشانەکانی داڕمانی هەمەلایەنەی هەموو ئەو شتانەی کە نوێنەرایەتی دەوڵەتێک دەکەن، خەریکە دەردەکەون، خوێندنگەکان داخراون، دادگاکان دادەخرێن، پۆلیس ئامادەنەبووە، دەسەڵات و یاسادان خۆی لەدەستداوە، لەم بۆشاییە کوشندەیەدا، ژنانی فەڵەستینی لە پەراوێزی کارەساتەکەدا ناوەستن، بەڵکو لەناو ئەو کارەساتەدا سەرقاڵن، نەک تەنها وەک قوربانی یان خۆبەخش، بەڵکو وەک ڕێکخەر و خوڵقێنەری شێوازێکی ژیانی زجێگرەوە کە لە خۆڵەمێشی داڕمانەوە سەرهەڵدەدات و لە ڕێگەی عەقڵی بەکۆمەڵ و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە بەرەنگاری ئاژاوە دەبێتەوە.

 

حەنان سیام، چالاکوانێکی دیاری ژن کە لەنێو ئەو ژنانەدا بوو کە پێشەنگایەتی فریاگوزاری و ڕێکخستنەوەی وەڵامدانەوەی کرد بۆ دابینکردنی پێداویستیی هەزاران ژن لەناو جەنگدا، وتی: لە ساتێکدا کە یاسا نەبوونی هەیە، دەسەڵاتداران دەستبەرداری بەرپرسیارێتی خۆیان دەبن، ئاژاوە دەبێتە تاکە فەرمانڕەوا، ژنانی فەڵەستینی وەک ئەو کەسانە هەڵدەستن کە توانای ڕێکخستنی ئاژاوەگێڕی خۆیان هەیە، بێ هیوای دەگۆڕن بۆ هیوا، خانەیەکی چالاکین، ئێمە نەک تەنها یارمەتییەکان دابین دەکەین، بەڵکو هێڵەکانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی جێگرەوە کە لە دڵی لەناوچوونەوە لەدایک بووە، لە قاڵب دەدەین.

 

کاتێک ژنان دەبنە حکومەتێکی سێبەر

بەهۆی داخستنی خوێندنگەکان و ناچالاکی دەسەڵاتی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس لە دۆخێکی خراپدا، ژنان لە غەززە ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگەیان لە داڕمانی تەواوەتی لە ئەستۆ گرتووە، لەناو چادرەکاندا پۆلی کاتییان دامەزراندووە، لیژنەی ژنانیان وەک جێگرەوەیەک بۆ دادگا لە چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان خێزانەکان و ئاوارەکان دروستکردووە، هەروەها ڕیزەکانی ئاو و خۆراکیان ڕێکخستووە و هاوکاری مرۆیییان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشکردووە، ئەم مۆدێلانە وەک حەنان سیام جەختی لەسەر دەکاتەوە، کاری خۆبەخشی سادە نین، بەڵکو هەوڵدان بۆ بونیادنانی دامەزراوەی جێگرەوە لە ژێر ئاگردا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئێمە کردوومانە لە چەمکی فریاگوزاری تێدەپەڕێت، چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ قەیرانێکدا دەکەین کە وەک کارەساتێکی تێپەڕ نییە. ئێمە بە شەڕێکی قڕکردندا دەژین، هەرکەسێک ڕزگاری بێت دەبێت ژیانی خۆی ڕێکبخات یان لەلایەن ئاژاوەگێڕییەکانەوە قووت بدرێت، ژنانی غەززە لە پەراوێزدا نەوەستاون؛ بەڵکو لە ناو هەموو چادرێک و هەموو گەڕەکێک و چێشتخانەیەکی کۆمەڵایەتی و هەر کۆمەڵە ژنێک کە کۆدەبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ژیان، ڕێکخراوی بچووکیان دروستکرد.

 

کۆمەڵێک ڕێکخراوی ژنان دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکرد بۆ دابەشکردنی "جانتای کەرامەت" کە پێداویستی پاکوخاوێنی کەسی بۆ ژنان لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییە تەندروستی و تایبەتمەندییەکانیش لە پەناگەدا، حەنان سیام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنان بە باشترین شێوە دەتوانن لە پێداویستی بەپەلەی ژنان تێبگەن، بەتایبەتی لە کاتی ئاوارەبوون و بەرکەوتنی تەواوەتی ژنان، کاتێک دەیان ژن لە یەک ژووردا دەژین بەبێ دەستشۆر، پادی تەندروستی، یان جلی ژێرەوە، خەمی سەرەکی ئاسایش یان خواردن نییە، بەڵکو کەرامەتە، هەر بۆیە یەکەم دەستپێشخەریمان دابینکردنی ئەم پێویستییە سەرەتاییە بوو، چونکە ئێمەین کە تووشی ئەم بەرکەوتنە دەبین، نەک تەنها کارمەندانی فریاگوزاری کە لە دەرەوە تێبینی دەنووسن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئۆچا، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار کەس لە غەززە ئاوارە بوون کە زیاتر لە ٧٥٠ هەزاریان ژن و کچن.

 

ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ژنانی دووگیان لە ٧٠%ی دامەزراوە پزیشکییەکان وەستاوە، ئەمەش ژنان دەخاتە مەترسی مردن لە کاتی منداڵبووندا، لەم بۆشاییەدا دەستپێشخەرییەکانی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە دابینکردنی کەمترین چاودێری و پەروەردەی تەندروستی و پشتیوانی دەروونی بۆ ژنان.

 

لە پشتیوانی دەروونییەوە بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی

حەنان سیام وتی: چالاکوانان لە دابەشکردنی هاوکاری تێپەڕاندووە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری یاسایی جێگرەوە، وەک ڕاوێژکاری پەیوەست بە سەرپەرشتی و نەفەقە و مافی ژنان، دوای ئەوەی دادگای یاسادان و مەدەنی داخران، لەبەر ڕۆشنایی لەکارکەوتنی دەوڵەت، کێ بێ هاوژینەکان دەپارێزێت لەوەی کە میراسیان لێ زەوت نەکرێت؟ کێ گوێ لە ڕزگاربووانی توندوتیژی دەگرێت؟ کێ بۆ ژنان ڕوون دەکاتەوە کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵی هاوژینەکانیان؟ ئێمە لەوێ بووین، ڕاوێژکاری یاساییمان پێشکەش کرد، لیژنەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانمان دامەزراند، هەوڵمان دەدا هەندێک هەستی دادپەروەری بگەڕێنینەوە بۆ ڕاستییەکی نایاسایی.

 

بەڵام ڕێگاکە بە گوڵ دانەپۆشرابوو، لە هەفتەکانی یەکەمی شەڕدا بەشێک لە چالاکوانی ژن لە هێرشی ڕاستەوخۆدا کوژران، حەنان سیام ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی دەسەڵاتێکی یاسایی ناوەندی و باڵادەستی گروپە چەکدارەکان لە هەندێک گەڕەکدا، هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ژنانی ڕێکخراویان کردە ئاڵەنگاری مەترسیدار، وتی: ترسەکە تەنها بۆردوومان نییە، بەڵکو دەستپێشخەرییەکان وەک ئاڵەنگاری بۆ دەسەڵات یان هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە گروپەکانی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکە ناوزەد بکرێت، ژنانی بوێر هەن، بەڵام ئاسان نییە بۆ یەکێکیان بڵێت لیژنەیەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی چەکداری ڕێکدەخات یان سیستەمێکی مەدەنی لە دەرەوەی چوارچێوەی توندوتیژی دادەمەزرێنێت.

 

سیستەمێکی سیاسی جێگرەوە

ئەو کارەی ژنان کە لە ناوەڕاستی شەڕدا سەریهەڵداوە، نابێت لە هەوڵی فریاگوزاریدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ناوکی پێکهاتەیەکی سیاسی نوێیە کە لە بنەڕەتدا جیاوازە، چونکە لە بنچینە و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاوڵاتیانەوە بونیاد دەنرێت و ژنان وەک چالاک بەشداری تێدا دەکەن نەک قوربانی.

 

حەنان سیام وتی: ئێمە دەسەڵاتی کۆن دووبارە ناکەین، هەمان ستەمی پیاوسالاری بەرهەم ناهێنینەوە، هەروەها ئاواتەخوازین لاسایی حکومەتە شکستخواردووەکان نەکەینەوە، ئێمە تاقیکردنەوەی فۆرمێکی جیاواز لە سیاسەت دەکەین کە لەسەر بنەمای چاودێری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و مافی ژیان بەبێ جیاوازی، ئەم بنەمایانەن کە شایستەی ئەوەن کە بتوانین بەشێک بین لە شێوازێکی نوێی دەسەڵات لە سەردەمی دوای جەنگدا.

 

پێی وایە ئەوەی ئەمڕۆ ژنان دەیکەن، پێویستە دواتر لە چوارچێوەی پلانەکانی بەهێزکردنی ئابووری و سیاسیدا وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، نەک نکۆڵی بکرێت و لەبیر بکرێت، بەڵام ئاڵەنگاری داهاتوو ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری فەرمی دەبێت کە ڕەنگە هەوڵی بە یاساییکردنی دەرکردنیان بدات، وتی: کاتێک شەڕ کۆتایی هات، پێمان دەڵێن پڕۆژەکانمان بێ مۆڵەتن یان کاغەزی فەرمیمان نییە، ئەوانەی بە بیانووی بیرۆکراسی یان ئاسایش ئاڵەنگاری لە ڕێبازی ژنان دادەنێن دەگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین جارێکی دیکە بەدەر بکرێین، ئەو ژنانەی لە چادرەکاندا خۆڕاگر بوون، خۆراکیان دابەشکرد، ناکۆکیەکانیان چارەسەر کرد، ئەوەندە هێزیان هەیە کە ببنە خاوەنکار و پێشەنگی کۆمەڵگە.

 

لەنێوان بەهێزکردن و هەڕەشە

سەرەڕای ئەو خۆڕێکخستنەی ژنان بەدەستی هێناوە، هۆشداری دەدات کە بەردەوامی نەبوونی دەسەڵاتی فەرمی و پەرەسەندنی کاریگەریی گروپە چەکدارەکان کاری ژنان دەخاتە بەر دیوارێکی تۆکمە، ڕوونیدەکاتەوە ئێمە سیستەمێکی جێگرەوە دروست دەکەین، بەڵام دەسەڵاتێکی ئاسایش نین، ناتوانین گەڕەکەکان لە چەکداران بپارێزین، هەروەها ناتوانین توندوتیژی چەکداری ڕابگرین، لە کۆتاییدا بەبێ دەسەڵاتێکی مەدەنی دادپەروەرانە و بەبێ دانپێدانانی فەرمی بە ڕۆڵی ژنان، بەردەوام دەبین لە ڕاکردن بە دوای هەموو قەیرانێک، سیستەمێکی بەردەوام دروست ناکەین.

 

لە غەززە کە ماڵەکان لەسەر سەری دانیشتووانەکانیان دەڕووخێن و خوێندنگە و نەخۆشخانە و کەمپەکان بۆردوومان دەکرێن، ژنانی فەڵەستینی شێوازێکی ژیانی جیاواز دروست دەکەن- جێگرەوەیەک نەک تەنها بۆ دەوڵەت، بەڵکو بۆ پیاوسالاری تاکڕەوانە، شکستی سیاسی، پشتگوێخستنی نێودەوڵەتی و هەموو جۆرە شکستێک، خەریکی بونیادنانی نیشتمانێکن لە کردەوەی ڕۆژانە و تۆڕێکی پشتیوانی ژنان و بڕیارە بنەڕەتییەکان و چێشتخانە و چادر و کەرامەتێک کە ناتوانرێت بکڕدرێت.