ئاوارەکانی عەفرین داوای گەڕانەوەی پارێزراو بۆ شارەکەیان دەکەن
لە ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا، مەرجی گەڕانەوەی پارێزراو بۆ شاری عەفرین مافی سەرەتایی و داواکارییەکی بنەڕەتی خەڵکی ئاوارەی عەفرینە.
					سیلڤا ئیبراهیم
تەبقا- لە کاتێکدا خەڵکی عەفرین لە چادرێکدا دەژین کە لە قوماش دروستکراون و لە گەرمای بەرزی هاوین یان سەرمای توندی زستان نایانپارێزرێن، چەتەکان ماڵەکانیان لە شاری عەفرین داگیرکردوون، لە کاتێکدا خێزانە ئاوارەبووەکانی عەفرین چاوەڕێی سەبەتەی خۆراکی ڕێکخراوە مرۆییەکانن، چەتەکان لە باخەکانی ئەو ئاوارانە ژیان بەسەر دەبەن کە دوای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ئەوان جێیان هێشتووە.
گەڕانەوەی پارێزراو بۆ شاری عەفرین داواکارییەکی بنەڕەتییە بۆ خەڵکی ئاوارەکانی عەفرین کە دووجار بە زۆر ئاوارە بوون، یەکەمجار لە کاتی هێرشی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، وە جاری دووەمیش لە کاتی هێرشی ئەم دواییەی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر شاری شەهبا دەستیپێکرد.
لەیلا محەمەد، ژنێکی ئاوارە، وتی: ئەویش وەک هەزاران ژن و پیاوی ئاوارەی دیکە بەرگەی بارودۆخی ئاوارەبوون دەگرێت و لەگەڵ منداڵەکانی لە چادرێکی وێراندا دەژین کە لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان نایانپارێزێت بەوهیوایەی بگەڕێتەوە بۆ عەفرین، هەروەها "ئێمە لەناو کەمپەکەدا زۆر ئازار دەچێژین، ئەمە یەکەمجار نییە بەو بارودۆخانەدا تێپەڕین، لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوە و لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا، ئەمە دۆخەکەمان بووە، دووەم ئاوارەبوونمان لەهەموویان قورسترە".
هەروەها لەیلا محەمەد بەهۆی بارودۆخی خێزانییەوە، ماوەیەک پێش ئێستا، دوای ٧ ساڵ لە ئاوارەبوون ناچاربوو سەردانی عەفرین بکات، وە شارەکەی بەم شێوەیە وەسف دەکات "نەک بەو شێوەیەی کە ئێمە لێی دەرچووین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە".
ئەو لە ڕێگەی قسەی ئەو کەسانەی کە چاویان پێی کەوتووە، چیرۆکی ترسناکی نادادپەروەری و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی دەگێڕێتەوە، وتی: گەڕاوەکان تووشی پێشێلکاری بوون لەوانە لێدان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان، زۆربەیان لە ترسی لێدان یان دەستگیرکردن لەلایەن چەتەکانی سەر بە داگیرکەری تورکیاوە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، کورد زۆرترین ترسی هەیە، چونکە ئەوان زۆرترین بەرکەوتەی لێدان و دەستگیرکردنی بەبێ پاساون، ژنانیش لەناو ئەو ئاژاوەگێڕییەی شارەکەدا لە ماڵەکانیاندا قەتیس کراون، دوای کاتژمێر ٥ی ئێوارە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان کەس لە ماڵەکەی دەرناچێت''.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بانگەشەی حکومەتی کاتی کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام هێشتا بنکەی چەتەکانی تورکیا لە شارەکە و شارۆچکەکانیدا ماوە، وتیشی:"دانیشتووان گلەیی لە سەرپێچییە دووبارەبووەکانی چەتەکان دەکەن بەرامبەریان، وەک بڕینی دار و ڕێگریکردن لە چاودێریکردنیان، ئەمەش وایکردووە دارەکان وشک ببنەوە و سەوزای ئەو شوێنانە کەمببێتەوە کە تایبەتمەندی عەفرین بوون، زۆرێک لەو خێزانانەی کە لە عەفرین ماونەتەوە ڕێگرییان لێکراوە لە ئاودان و چاودێریکردنی دارەکانی باخەکانیان، چونکە چەتەکان بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە و کەمتر لە نیوەی نرخەکەیان دەدا بە خاوەن زەویەکان''.
ڕوونیشیکردەوە، "ماڵی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە بە زۆر ئاوارەکراون، ئێستا خێزانی چەتەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات و شارەکانی دیکەی سووریای لێنیشتەجێن، ئەمە جگە لەوەی کەل و پەلی ماڵەکان دەدزن و وێرانیان دەکەن، ئەو چەتانەشی ماڵەکانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە شارەکانیان دەرگا و پەنجەرەیان دزیوە و دیوار و سیاجەکانی ماڵەکانیان تێکداوە".
هەروەها هیچ کەسێک قبوڵی ناکات بگەڕێتەوە بۆ عەفرین بەو دۆخەی ئێستای، وتی: تەنها لەژێر پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بە خۆبەڕێوەبردن لەلایەن منداڵەکانیان ''کوڕ و ژنانی گەنج'' دەگەڕێینەوە، هیچ کەس قبوڵ ناکات ملکەچی داگیرکاری بێت، داوای پشتیوانیش دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ماڵانەی خۆمان کە لەلایەن چەتەکانەوە وێران بوون''.
دووپاتیشی کردەوە، 'گەڕاندنەوەی پاراستن و ئیدارەدان بۆ خەڵکی عەفرین تەنیا داواکاریی ئاوارەبووەکان نییە، بەڵکو داواکاریی ئەو کەسانەیە کە ئێستا لەژێر زوڵمی داگیرکاری و چەتەکاندا ئازار دەچێژن، چونکە ئازارێکی بێئەندازە دەچێژن، زۆرێک لە خێزانەکان بەنیازبوون بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەوانەی گەڕاونەتەوە تووشی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان بوون و زۆرینەیان دوای بینینی عەفرین گەڕاونەتەوە و لە چادردا ژیاون، بۆیە ڕاستی عەفرین دوای داگیرکاری ئەمەیە و ئەمەش پاڵنەرمانە بۆ جەختکردنەوە لەسەر داواکاری گەڕانەوەی سەلامەتی و شکۆمەندی بۆ سەر خاکەکەمان، ئێمە گەڕانەوەی بەکۆمەڵ بە گەرەنتی یاسایی و پاراستنی نێودەوڵەتیمان دەوێت، لە هەمووی گرنگتر، دەبێت عەفرین بپارێزرێت و لەلایەن منداڵەکانمانەوە بەڕێوەبچێت، چونکە ڕێگە نادەین گەلەکەمان بکەوێتە ژێر جینۆسایدی سوەیدا، ئەم سیناریۆیە چاوەڕوان دەکرێت''.
دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستن بۆیان، بە یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئاداردادەنرێت کە لە نێوان فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کراوە.