یادەوەری نەجلا داغستانی لە ئاوارەبوونی بۆدەرەوەی عێراق

نەجلا داغستانی نووسینی کردە نیشتمانێکی جێگرەوە و پەناگەیەک بۆ ئازار و نامۆبوون، هەر لە منداڵییەوە لە نووسیندا هاوەڵێکی دۆزییەوە کە هەستەکانی وەرگێڕا و گوزارشتی لە بیرکردنەوەکانی دەکرد، بۆیە قسەکانی بوونە پەنجەرەیەک بۆ ناخی.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- نەجلا داغستانی هەر لە منداڵییەوە لە نووسیندا هاوەڵێکی دۆزییەوە کە هەستەکانی وەرگێڕا و گوزارشتی لە بیرکردنەوەکانی دەکرد، بۆیە قسەکانی بوونە پەنجەرەیەک بۆ ناو جیهانی ناوەوەی، هەروەها لە ساڵانی دواتردا، لە تەمەنی نەوەدەکاندا، دوو کتێبی بڵاوکردەوە، ئەمەش پشتڕاستیکردەوە کە داهێنان هیچ سنوورێکی تەمەن نازانێت.

 

بۆ نەجلا داغستانی نووسین تەنها خولیایەکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو پەناگەیەک بوو کە لە ساتەکانی ئازاردا ڕووی تێدەکرد، بەتایبەتی کاتێک دڕندەیی شەڕ و دابەشبوونی تائیفی ناچاری کرد لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەغدا بەجێبهێڵێت و کۆچ بکات بۆ ئوردن، بۆیە کاتێک  ماڵ و نیشتمانەکەی بە بارگرانی ئازاری لەدەستدان بەجێهێشت، لە دڵیدا حەسرەتێکی نەمری بۆ نیشتمانەکەی هەڵگرت، بۆیە بە قسەکانی پردێک دروست دەکات کە تاڵیی دەربەدەری بە ئاسۆی هیواوە دەبەستێتەوە.

 

دڵنەوایی لە نووسیندا دەبینی، ئاسوودەییەک کە بارگرانی ڕۆژەکانی سووک دەکرد، هەروەها نامەکان بوونە ئاوێنە و پەنجەرەیەک بۆ ئازارەکانی، کە لە ڕێگەیەوە ئەو خەمە قووڵەی کە لە دڵیدا کۆبووبووەوە، دەیڕژاند، هەروەها ماڵەکەی و ئازیزانی لەدەستدا، کارەساتەکان بە یەکجار کۆبوونەوە  و ئەویش هەڵیانگرت بۆ ئەو لاپەڕانەی کە پەنجەکانی خوویان پێگرتبوو، لە دەربەدەریدا لە ڕیگەی قسەکانییەوە نیشتمانێکی جێگرەوەی بونیاتناوە، نیشتمانێک کە نامۆبوونی کەمکردەوە و تا ڕادەیەک ئارامی پێبەخشی.

 

''بیرەوەرییەکانی ژنێکی کۆچبەر''

نەجلا داغستانی باس لەوە دەکات، کە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە عێراقدا، ڕووی لە نووسین کردوە و دەستی کردوە بە تۆمارکردنی بیرەوەرییەکانی، کە لە یەکەم پەرتوکی خۆیدا بەناوی "بیرەوەرییەکانی ژنێکی کۆچبەر" بڵاوکرایەوە، هەروەها لەگەڵ ڕۆشتنی زۆرەملێیان لە بەغداوە بۆ ئوردن، وتیشی: "پەرتووکەکە وردەکاری ژیانی منی لە منداڵییەوە لە بەغدا لەخۆ گرتووە، بەڵام ئەوەی زۆرترین قورسایی لەسەر ڕۆحم دانابوو، هەستکردن بە نامۆبوون بوو".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراقم بە بارگرانی ئازاری لەدەستدان بەجێهێشت، هەروەها ماڵەکەم و باخچەکەم و خەونەکانم بەهەمان شێوە بەجێهێشت، لەکاتێکدا هەموو منداڵەکانم  ئەندازیار و پزیشکن، پەرش و بڵاو بوونەوە، کار و ماڵەکانیان بەجێهێشت بۆ کۆچکردن هەروەکو چۆن ئێمە کردمان،  ئێمە موڵک و باخچەی میوەمان بەجێهێشت، هەروەها بەغداشمان بەجێهێشت بۆ نیشتەجێبوون لە ئوردن، کە دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا عێراقییەکانیان لە باوەش گرت".

 

"هەموومان و هەموو شتێک"

پەرتووکی دووەمی بە ناوی "هەموومان و هەموو شتێک" لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، لەو پەرتووکەدا خەم و ئازارە درێژخایەنەکانی ناو دڵی خۆی دەربڕیوە، هەروەها ئەو زیانانەشی کە ژیانی لێی وەرگرتووە،ئاماژەی بەوەش کردووە، گەیشتوومەتە تەمەنێکی پێشکەوتوو، بەڵام هێشتا هەڵگری خولیای داهێنانە، ئێمە خێزانێکین کە بە هونەر و زانستەوە بەستراوینەتەوە، کچە گەورەکەم پزیشکە، ئەوەی دووەمیش نیگارکێشە و خۆشم لە نووسینی شیعر و نۆسراو و ڕەنگدانەوەیدا دەبینمەوە."

 

کاتێک چاوەکانی کەوتنە سەر ئەو شتانەی کە لەبارەی عێراقەوە نووسیبووی، فرمێسک بە دەموچاویدا ڕژا، بیرهێنانەوەیەکی  زەق بوو لە ئازاری دابڕان و ئەو حەسرەتە قووڵەی کە لە دڵیدا نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق، ئەو خاکەی کە من لێی لەدایک بووم، وڵاتێکە جیاوازە لە هەموو وڵاتێکی دیکە، خاکێکە ژیانی تێدایە،  کە دیجلە و فورات بەیەکەوە دەڕژێن تا دەگەنە باشوور و شەتڵ عەرەب پێکدەهێنن، باکوورەکەی شانازی بە چیای سەوز و سامانی زۆرەوە دەکات، لە کاتێکدا باشوورەکەی جیهانێکە لە ئاو و تاڵاوەکان، کە بە جوانی سروشت، ماسی، باڵندە ڕازاوەتەوە و گامێشەکانیش خاکەکە بە بەخشندەیی دەوڵەمەند دەکەن، هەروەها لە ناوەندا بەغدا  شارێکی میرات و مێژووە، شانبەشانی شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، بەڵام ئەم شکۆمەندییە زۆری نەخایاند، چونکە وێرانکاری ئەو خاکە جوانەی گرتەوە.

 

عەممان لە نووسینەکانیدا ئامادەیییەکی گەرمی هەبوو، چونکە شوێنی بۆ وەسفکردنی کەشوهەوای ئارام و سپیایی بەفرەکەی و شاخ و گردە سەوزەکانی و دارە گەشاوەییەکانی تەرخان دەکرد.

 

''ژن بناغەی میللەتە''

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنانی عێراق هێمای ئارامی و خۆڕاگرین و بە خۆشەویستی بۆ خێزان و نیشتمان و دراوسێ پەروەردە کراون، هەروەها  ئەو پێی وایە ژن هەرچەند تەمەنی هەبێت، وەک سەرچاوەیەکی نەبڕاوەی بەخشین و ناسکی و خۆشەویستی دەمێنێتەوە، یەکێک لە سەرسوڕهێنەرەکانیشی ئەوەیە کە برینی کەسانی دیکە ساڕێژ دەکات لەکاتێکدا خۆی پڕە لە برین، هەروەها سەرەڕای ماندوێتی تا درەنگی شەو بەخەبەر دەمێنێتەوە.