مریەم ساڵح: خزمەتکردنی نەخۆشەکان ئەرکێکی ڕەوشتییە پێش ئەوەی کارێکی خۆبەخشانە بێت

مریەم ساڵحی تەمەن حەفتا ساڵان سەرەڕای ئەوەی تەمەنی بەساڵاچووە، بەڵام کاری خۆبەخشی کردە پابەندبوونێکی ڕۆحی و ئەرکێکی ژیانی، هەروەها بوو بە ڕووخسارێکی ئاشنا و پەناگەیەک بۆ نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی دەروونی و زیندانییەکانی زیندانی ناوەندی.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن - کاری خۆبەخشانەی مریەم ساڵح تەنها دەستپێشخەرییەکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ژیان بوو، کە لەڕێگەیەوە باس لەوە دەکات کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئازارەکان بکاتە هێزێک کە ئومێد بە کەسانی دیکە دەبەخشێت.

 

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تەعز، لە باشووری یەمەن، مریەم ئەحمەد عەبدە ساڵحی تەمەن حەفتا ساڵان، کە لەلایەن دانیشتوانی شارەکەوە بە ''دایکی چاکە'' ناسراوە، هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک بە بەردەوامی بەرەو نەخۆشخانەی دەروونی دەڕوات، کە بە خواردن و هەر جلوبەرگێک کە بتوانێت بیبەخشێت، درێژە بە کارێکی مرۆیی دەدات، کە زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر بەبێ پچڕان دەستی پێکردووە، سەرەڕای ململانێ و ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە بارگرانی لەسەر یەمەنییەکان دروستکردووە.

 

چل ساڵ سەردانی بەردەوام، کە هەرگیز ناوەستێت، وەک چۆن دەیگوت "نا شەڕ، نا هەژاری، نا ئازار"، سەرەڕای پابەندبوونی درێژخایەنی، هەرگیز پشتگیری لە ڕێکخراوێکی خێرخوازی یان ڕێکخراوێکی مرۆیی وەرنەگرتووە، بەڵکو هەمیشە پشتی بەو شتانە بەستووە کە لە بژێوی ژیانیدا بەردەست بووە، دواتریش پشت بە پشتیوانی منداڵەکانی دەبەستێت.

 

''خۆڕاگری سەرەڕای سەختی''

چیرۆکی مریەم ساڵح دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٤٥ ساڵ پێش ئێستا، ئەو کاتەی تەمەنی سی ساڵ بوو، هەرگیز بیری لەوە نەدەکردەوە کە ببێتە بەشێک لە ژیانی نەخۆشە دەروونییەکان، تا ئەو کاتەی لە ئارەزووی خۆبەخشییەوە دەستی بە سەردانی نەخۆشخانەکە کرد، پاشان کاری خۆبەخشی بوو بە خوویەک، خووەکەش بوو بە پابەندبوونێکی ڕۆحی کە نەیتوانی وازی لێبهێنێت.

 

سەرەتای گەشتەکەی بەبیردێنێتەوە و وتی: "سەرەتا دوکانێکی بچووکم هەبوو کە تێیدا کارم دەکرد، بەڵام ئیفلاس ناچاری کردم دایبخەم و بەدوای کارێکی تردا بگەڕێم، دوای ئەوە بۆ بژێوی ژیانی خۆم چوومە سەر فرۆشتنی سەوزە و دواتر بیرۆکەی کاری خۆبەخشانە هاتە پێش چاوم، خۆم بینی کە لە نێوان نەخۆشخانەی دەروونی و زیندانییەکانی زیندانی ناوەندیدا دەجووڵێم، دواتر دەستێکی یارمەتیم درێژکرد و ژیانم گۆڕا.

 

بارودۆخی ژیانی سەخت بوو، بەڵام زیانە داراییەکەی بە کۆتایی ڕێگاکە نەدەزانی، چونکە یارمەتیان دەدا و ئەوەی لە توانایدا بوو بۆیان دابین دەکرد، بەڵام ئەم چالاکییە خێرخوازییانە دڵی خێزانەکەی دڵخۆش نەکرد، "منداڵەکانم دەیانگوت بۆچی لە پەتاتە فرۆشییەکەدا دانانیشیت؟ بۆ کوێ دەڕۆیت؟' من پێم دەگوت کە بڕیارە سەردانی هاوڕێ نەخۆشەکەم بکەم، لە ترسی ئەوەی بچن و بە باوکیان بڵێن و ئەویش ڕێگریم لێبکات سەردانی نەخۆشەکانی نەخۆشخانە بکەم".

 

''ئەرکێکی ڕەوشتییە پێش ئەوەی کارێکی خۆبەخشانە بێت''

لە ساڵی ٢٠١١ەوە منداڵەکانی مریەم ساڵح بەهۆی کارەوە ڕوویان لە دەرەوەی ناوچەکە کردووە و ئێستاش بە تەنها دەژی، بەڵام سەردانەکانی هەفتانەی وەک ڕێگەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەبینێت.

 

هەر ئامرازێکی سادەی لەبەردەستیدایە بە هەڵگرتنی دەچێتە نەخۆشخانە، وەکو، نان، خورما، میوە یان پارچە جلێک، هەروەها پشکنینی نەخۆشەکان دەکات و ناو و چیرۆکەکانیان دەزانێت و ئەوەش بە ئەرکێکی ڕەوشتی دەزانێت کە پێشکەشیان دەکات پێش ئەوەی کارێکی خۆبەخشانە بێت.

 

ئەوەی ئەمڕۆ زۆرتر ئازاری مریەم ساڵح دەدات، تەنهایی نییە، بەڵکو نەتوانینی دابینکردنی ئەو شتانەیەیە کە پێشتر دابینی دەکرد، ئەویش بەهۆی گرانبوونی نرخ و دۆخی ئابووری و زۆربوونی تەمەنیەوە، هەموو ئەم هۆکارانە سەردانەکانی قورستر کردووەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ''لە ڕابردوودا زۆر پێداویستیم بۆ دانیشتوان دەهێنا، ئەمڕۆش ناتوانم''.

 

سەرەڕای ئەمەش هەرگیز بیری لەوە نەکردەوە ئەم کارە بوەستێنێت، بۆ ئەو نەخۆشەکان بەشێکن لە خێزانەکەی و بوونی لەگەڵیان بووەتە ئەرکێک کە ناتوانێت پشتگوێی بخات.