لەناو زبڵ و خاشاک و مێروو و برسێتیدا ژنێک و دایکی ڕووبەڕووی کارەساتێکی نوێ دەبنەوە

ئازارەکانی ئیبتیسام غەبن و دایکی بەرجەستەی ڕاستیەکی ناخ هەژێنە بۆ خەڵکی ئاوارە لە غەززە دەکەن، کە برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی خزمەتگوزاری لەگەڵ لەدەستدان و ترسدا یەکدەگرنەوە و ژیانی ڕۆژانە دەگۆڕن بۆ ململانێیەکی تاڵ بۆ مانەوە لە نێوان بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا.

نەغم کەراجە

 

غەززە-لە جەرگەی زبڵخانەیەک لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، کە بۆنی زبڵ و خاشاکی کۆبووەوە لەگەڵ مێروو و مێشوولە تێکەڵ دەبێت، ئیبتیسام غەبن تەمەن ٤٠ ساڵ لەگەڵ دایکیدا لە چادرێکی وێرانەدا دەژی کە جگە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ژیانێکی پارێزراو هیچی دیکەیان پێشکەش ناکات، لەم شوێنەدا کە بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناشایستە، ئەو دوو ژنە ڕۆژەکانیان لەناو برسێتی و نەخۆشی و ترسدا بەسەر دەبەن، خێزانەکەیان و هەموو ئەو شتانەی کە ڕۆژێک بە ژیانێکی سەقامگیرەوە بەستوونەتەوە، لەدەستداوە.

 

چەند مانگێکە ئەو چادرە بچووکە بووەتە تاکە جیهانیان، ئەوان هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، نە خزم و کەسوکاریان توانای هاوکاریکردنیان هەیە و هیچ ئامرازێکیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە سەختەی کە شەڕەکە سەپاندویەتی، ئیبتیسام غەبن کە خێزانەکەی لەدەستداوە، ڕۆژانە خۆی دەبینێتەوە کە ڕووبەڕووی شەڕێکی نوێ دەبێتەوە، ئەویش گەڕانە بەدوای خۆراکدا بۆ ئەوەی خۆی و دایکە نەخۆشەکەی بیخوات.

ئازاری ڕۆژانە لە لێواری برسێتی و نەخۆشی

ئیبتیسام غەبن لەبەردەم چادرەکەی دادەنیشێت، کۆمەڵێک زبڵ و خاشاک کە لە نزیکەوە کۆبوونەتەوە دەورە دراوە، بە بێدەنگی سەیری دایکی دەکات، ترسی ئەوەی هەیە لە نەبوونی دایکیدا شتێکی بەسەردا بێت، وتی: من و دایکم بە تەنها دەژین دوای ئەوەی هەموو ئەو کەسانەمان لەدەستدا کە لە تەنیشتمان وەستابوون، توانای کڕینی خواردن و ئاو و تەنانەت دەرمانیشمان نییە، هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستین و نازانین چۆن کاتژمێرەکانی داهاتوو تێدەپەڕین.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە بەدەستهێنانی یارمەتی خۆراک بۆ ئەو نزیک بووەتەوە لە مەحاڵ، هەندێک جار ناچارە بۆ چەند کاتژمێرێک لەبەردەم چێشتخانەکانی شۆربای یان خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان بوەستێت، بەڵام ناتوانێت دایکی نەخۆشەکەی بە تەنها لەناو چادرەکەدا بەجێبهێڵێت، بەتایبەتی لەگەڵ مێروو و مێشوولە کە بەدەوریدا کۆدەبنەوە.

 

دووپاتی کردەوە، کاتێک دەچمە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای خواردندا، بەردەوام نیگەرانی دایکم دەبم، ئەگەر لەگەڵیدا بمێنمەوە، هەردووکمان برسی دەبین، ژیانمان بووەتە هەڵبژاردنێک لەنێوان دوو بژاردەی سەختدا، هەندێکجار دوای چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانی بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێمەوە، دادەنیشم و دەگریم، چونکە هیچم نییە پێی بدەم.

 

ئیبتیسام غەبن ناتوانێت فرمێسکەکانی خۆی ڕابگرێت کاتێک باس لەو ساتانە دەکات کە دەبێت ڕووبەڕووی دایکی بێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت لە ڕۆژێکدا یەک ژەم دابین بکات، وتی: هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەم کاتێک دایکم سەیرم دەکات و لێی دەپرسم ئایا توانیومە شتێک بهێنم بۆ خواردن، ئەوەی زۆر ئازارم دەدات ئەوەیە کە ناتوانم بیپارێزم لە برسێتی و نەخۆشی، زۆر دەگریم کاتێک ناتوانم خۆراکمان دابین بکەم، چونکە هەست دەکەم لە بەرامبەر ئەم ڕاستیە سەختەدا کەرامەت و مرۆڤایەتیم لەدەست دەدەم.

 

ئازاری ساڵان لە چادری ئاوارەدا نوێ دەبێتەوە

دایکی ناوی ئامینە غەبن، ژنێکی تەمەن نەوەدەکانە، بەهۆی ژینگەی دەوروبەری چادرەکەوە تووشی خراپتربوونی کێشە تەندروستییەکان بووە، زۆربوونی مێروو و مێشوولە، بووەتە هۆی چەندین حاڵەتی ئازاربەخشی پێست، جگە لە هەوکردنی بەردەوام کە ئازاری ڕۆژانەی توندتر دەکات.

 

لەناو چادرەکەدا دانیشتووە، دەورە دراوە بە هەر بەتانی و ئامرازێکی سادە کە بتوانێت بیدۆزێتەوە، وتی: مێرووەکان هەرگیز بە تەنها جێمان ناهێڵن، بە شەو و ڕۆژ، ئێمە بە پێوەدانەکانیان لە خەو هەڵدەستین و لە ترسیاندا دەخەوین، من تووشی نەخۆشییە ئازاربەخشەکانی پێست بووم، چارەسەرێکی گونجاوم نەدۆزیوەتەوە، تەنانەت وەرگرتنی دەرمانی ئازارشکێن بۆتە شتێکی قورس.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو شتێک لە دەوروبەرمان پیس بووە، هەوا، شوێنەکە، تەنانەت ئەو ئاوەی هەندێکجار بەدەستی دەهێنین بەس نییە یان ناتوانرێت بخورێتەوە،چهەست دەکەم نەخۆشییەکەم ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، کەسێکیشم نییە یارمەتیم بدات.

 

بەڵام بۆ ئامینە غەبن ئازارەکە بە نەخۆشی و ئاوارەبوون کۆتایی نایەت،چئەم ژنە کە لە نەکبەی ساڵی ١٩٤٨ و ئاوارەبوون و لەدەستدان و نیشتەجێکردنی زۆرەملێ لە ژیانی پەنابەریدا ژیاوە، پێی وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدات لە هەموو ئەو شتانە تێدەپەڕێت کە لە تەمەنی درێژیدا شاهیدی بووە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە منداڵیدا یەکەم نەکبە ژیام، بینیم چی بەسەر گەلەکەماندا هات لەڕووی ئاوارەبوونەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات لە هەموو ئەو شتانە تێدەپەڕێت کە ئێمە زانیومانە، ئەمە نەکبەی ڕاستەقینە و گەورەیە، پێشتر هەرگیز شاهیدی ئەم ئاستە لە وێرانکاری و برسێتی و ترس و لەدەستدانی ئازیزانمان نەبووین، مرۆڤەکانی ئەمڕۆ تەنها ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەست نادەن، بەڵکو ژیانی خۆیان و داهاتوویان و هەموو ئەو شتانەی کە خاوەندارێتی دەکردن لەدەستدا.

 

ئاماژە بەوە دەکات، لە سەردەمی یەکەم نەکبەدا، بەردەوام خەونمان بە گەڕانەوە و پابەندبوون بە ژیانەوە دەبینی سەرەڕای هەموو شتێک، ئەمڕۆ دەبینم خەڵک تەنها بەدوای ئاو و خۆراک و دەرماندا دەگەڕێن، دەبینم بەتەمەن و منداڵان لە دۆخێکی پێناسەنەکراودا دەژین.

 

ڕاستیەکی مرۆیی کە لە نێوان شەڕ و هەژاری و داڕمانی خزمەتگوزارییەکان دەخنکێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئێوارە، ئیبتیسام غەبن دوای ڕۆژێکی دیکە لە گەڕان بەدوای خۆراکدا دەگەڕێتەوە بۆ چادرەکەی، لە تەنیشت دایکیەوە دادەنیشێت، ڕووبەڕووی ئەو تاریکییە دەبێتەوە کە دەیانگرێتەوە، لە کاتێکدا مێرووەکان بەردەوامن لە ڕژان و بۆنی زبڵ و خاشاک لە هەموو ئاراستەکانەوە بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ درێژەدان بە خەباتی ڕۆژانەیان بۆ مانەوە، خەونەکەیان بە ئازارەوە سادە دەمێنێتەوە: ژەمێک کە ڕۆژێک بەردەوام بێت، شوێنێکی پارێزراو کە ناچار نەبن لە لێواری برسێتی و نەخۆشیدا بخەون، دوور لەو زبڵ و مێرووانەی کە گەمارۆی ژیانیان دەدەن، چاوەڕێی کۆتایی هاتنی کارەساتێک دەکەن کە جگە لە سەبر و هیوای مانەوە هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە.

 

چیرۆکی ئیبتیسام غەبن و دایکی ڕەنگدانەوەی لایەنێکی ئەو ڕاستی سەختە کە ڕووبەڕووی هەزاران خێزانی ئاوارە لە کەرتی غەززە دەبنەوە، کە کاریگەرییەکانی شەڕ لەگەڵ هەژاری و ئاوارەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا یەکدەگرنەوە، کەمپە کاتییە بەپەلە دروستکراوەکان تەنانەت سەرەتاییترین پێوەرەکانی تەندروستی گشتییان نییە، لە کاتێکدا کۆبوونەوە خاشاک و تێکچوونی سیستەمی پاکوخاوێنی، زەمینەیەکی نەخۆشی و پەتاکانی دروستکردووە، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەتەمەنەکان و نەخۆشەکاندا.