خوێندکاران لە ژێر فشاری ساڵێکی پڕ لە ئاڵۆزی دان
لە مانگەکانی دواییدا، شەڕ، بڕانی ئینتەرنێت، کێشە ئابوورییەکان و داخستنی دووبارەی قوتابخانەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگییەکی گەورە لە بەردەم زۆرێک لە خوێندکاران.و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی خوێندن، دەرفەتی فێربوون و دۆخی دەروونیی داناوە.
مێهیا ڕوستەمی
جیوانڕۆ – خوێندکاران و ئەو کەسانەی بۆ تاقیکردنەوەکانی چوونە زانکۆ ئامادەکاری دەکەن، دەڵێن دەستگەیشتنی سنووردار بە سەرچاوەکانی پەروەردە، فشاری دەروونی بەهۆی نەبوونی ئاسایش و هەروەها خەرجییە بەرزەکانی خوێندن، وای لێکردوون لە خوێندن دوور بکەونەوە.
بەپێی پسپۆڕانی پەروەردە، هەرچەندە فێربوونی دوورەوە یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامیی خوێندن، بەڵام ناتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی تەواو بۆ پەروەردەی ڕووبەڕوو. چونکە قوتابخانە تەنها شوێنی وانەوتنەوە نییە، بەڵکو شوێنێکە بۆ فێربوونی تواناکانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی سەرکەوتنی ئەکادیمی، زیادبوونی نایەکسانی لە پەروەردەدا و کەمبوونەوەی دەرفەتی سەرکەوتن بۆ خوێندکاران، بە تایبەتی لە ناوچە کەمدەرفەتەکاندا.
شەڕ هەمیشە یەکێک بووە لە وێرانکەرترین ئەزموونەکانی مرۆڤ. کاریگەرییەکانی تەنها بە زیانی جەستەیی سنووردار نین، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵیشیان لەسەر تەندروستی دەروونی تاکەکان هەیە. خوێندکاران لە ناو ئەو گرووپانەدان کە زۆرترین کاریگەریی دەروونیی قەیرانەکان لەسەر دەکەوێت.
ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦ بۆ زۆرێک لە خوێندکاران بە نیگەرانی، نائاسایی و نائارامی تێپەڕ بوو. لە هەمان کاتدا، ناچار بوون لەگەڵ نیگەرانییەکانی پەیوەست بە شەڕ، کێشە ئابوورییەکان و بەربەستەکانی خوێندنیان ڕووبەڕوو ببنەوە و خۆیان بۆ تاقیکردنەوە کۆتاییەکان و تاقیکردنەوەی چوونە زانکۆ ئامادە بکەن.
شیلێر کەریمی، خوێندکاری پۆلی دوازدەهەم، سەبارەت بە کاریگەریی شەڕ لەسەر ژیان و خوێندنی خۆی وتی: لە ماوەی شەڕدا نەمدەتوانی بە ڕێک و پێکی بخوێنم، نە دەمزانی بخەوم و نەش ئارام بگرم. ماڵی ئێمە تەنها چەند کۆڵانێک لە ناوچەی ژێر هێرشەکانەوە دوور بوو، زۆر شەو تا بەیانی لە ژێر فشاری دەروونی بەسەرم برد.
ئەو وتی: خێزانەکەی ناچار بووە ماوەیەک ماڵەکەیان بەجێبهێڵن و لە ماڵی خزمەکانیان بمێننەوە. بەوتەی ئەو، ئەم بارودۆخە کاریگەرییەکی نەرێنیی زۆرتری لەسەر خوێندن و تاقیکردنەوەکانی داناوە. شیلێر وتی: بۆ ئێمەی لە ناوچە ئاڵۆزەکان دەژین، شەڕ بووە بە کابووس. ئێستا هەرچی تاقیکردنەوەکان نزیکتر دەبنەوە، زیاتر دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەست پێدەکەم، چونکە ناتوانم بەرنامەی خوێندنی خۆم بەڕێوەببەم.
سنوورداربوونی ئینتەرنێت و نایەکسانی لە پەروەردەدا
لەگەڵ داخستنی قوتابخانەکان، بەشێکی گرنگی پەروەردە گوازرایەوە بۆ فێربوونی ئۆنلاین. بەڵام زۆرێک لە خوێندکاران دەڵێن فێربوونی ئۆنلاین ناتوانێت هەموو پێداویستییەکانیان دابین بکات. سنوورداربوونی ئینتەرنێت و گرانبوونی دەستگەیشتن بە سەرچاوە پەروەردەییەکان، ئەم کێشانەی قورستر کردووە.
کاریگەریی بارودۆخی ئابووری لەسەر خوێندن
جگە لە شەڕ و کێشەکانی ئینتەرنێت، خەرجیی بەرزی پەروەردە بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی نیگەرانی بۆ خوێندکاران و خێزانەکانیان.
زۆرێک لە خوێندکاران دەڵێن لە بارودۆخی ئێستادا ناتوانن وانەی تایبەت یان کەرەستە پەروەردەییە پێویستەکان دابین بکەن. زیادبوونی نرخی پاکێتی ئینتەرنێت، کتێبی وانە و خولی ئامادەکاریی تاقیکردنەوەکان، بارێکی قورس لەسەر شانی خێزانەکان داناوە.
پسپۆڕانی پەروەردە ئاگادار دەکەنەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نایەکسانیی دەرفەتەکان خراپتر دەکات. هەرچەندە هەندێک خوێندکار هێشتا دەرفەتی بەکارهێنانی وانەی تایبەت و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانیان هەیە، بەڵام هەندێکی دیکە تەنها پشت بە سەرچاوە سنووردارەکانی قوتابخانە و فێربوونی دوورەوە دەبەستن.
ئەمەش بووەتە هۆی فراوانبوونی بۆشایی پەروەردەیی لەنێوان خوێندکارانی ناوچە پێشکەوتووەکان و ناوچە کەمدەرفەتەکان. هەروەها ترس هەیە کە ئەم جیاوازییە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و ڕێگاکانی خوێندنی داهاتوودا بەڕوونی دەرکەوێت.
داهاتوی خوێندکاران لە ژێر سێبەری قەیران
نیگەرانییەکی گەورەی دیکە بۆ خوێندکاران، کاریگەریی نمرەکانی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانە لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەی چوونە زانکۆ. بەهۆی گرنگیی زۆری نمرەکانی قوتابخانە لە وەرگرتنی قبووڵی زانکۆدا، زۆرێک لە خوێندکاران دەترسن بارودۆخە دژوارەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر داهاتوویان دابنێت.
سێنا بەرزەگار، کە خۆی بۆ تاقیکردنەوەی ساڵی ٢٠٢٦ ئامادە دەکات، وتی: جگە لە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی زانکۆ، پێویستە هەوڵ بدەم نمرەکانی خوێندنم باشتر بکەم. ئەمەش وای لێکردووم سەرنجی خۆم لە زۆر شتی دیکە لاببەم.
سۆما یارویسی، خوێندکاری پۆلی یازدەهەم، وتی :ئەگەر نمرەکانی پۆلەکانی ١١ و ١٢ کاریگەرییان لەسەر تاقیکردنەوەکانیان هەبێت، ئەوا فشاری دەروونی و ئابووریی ئەو ساڵانە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر داهاتوویان کاریگەر دەبێت. ئەو وتی: نمرەی نزم تەنها کاریگەریی لەسەر تاقیکردنەوە نییە، بەڵکو لەسەر ڕێگای خوێندن و پیشەی داهاتوومانیش کاریگەری دادەنێت.
هەزاران خوێندکار وەک شیلێر، سێنا و سۆما، لە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانیان تێدەپەڕن؛ قۆناغێک کە داهاتوویان دیاری دەکات. بەڵام لە کاتێکدا خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکەن، ناچارە لەگەڵ فشاری دەروونی، کێشە ئابوورییەکان، دواکەوتنی پەروەردە و کەموکوڕیی بنەماکانی فێربوون ڕووبەڕوو ببنەوە.
بەپێی پسپۆڕان، ئەگەر پلانێکی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە پەروەردەییەکان و دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ خوێندکاران نەخرێتە جێ، کاریگەریی ئەم قەیرانانە دەتوانێت ساڵانێک بەردەوام بێت و هەلی پەروەردەیی نەوەی داهاتوو بخاتە مەترسییەوە.
سۆما لە کۆتایی قسەکانی وتی: ئێمە لە بارودۆخێکی ئاسایی دا نەخوێندووین و هەروەها لە بارودۆخێکی ئاساییشدا ناچینە تاقیکردنەوە؛ بەڵام هێشتا بە پێوەرەکانی ساڵانی ئاسایی هەڵدەسەنگێندرێین.
زۆرێک لە خوێندکاران باوەڕیان وایە کاریگەریی شەڕ، بڕانی ئینتەرنێت و نائارامی لە سیستەمی پەروەردەدا تەنها سنووردار بە ئێستا نابێت، بەڵکو لە ساڵانی داهاتووشدا کاریگەریی خۆی لەسەر خوێندن و ژیانیان بەجێدەهێڵێت.