کامپەکانی پەنابەران؛ وردە گەردوونێک لە ئازارەکانی مرۆڤ
کامپە وێرانەکان لە بەفرگری شەوانە دەچن، هیچ پاراستنێک لە سەرما پێشکەش ناکەن، سەختییەکان زیاد دەبن و دەبنە ئاڵەنگاری و هەوڵێکی مرۆیی هاوبەش پێویستە بۆ ڕزگاربوون لە سەختی کامپەکان.
تەبارەک عەلی
ڕەققە – کامپەکانی پەنابەران وردە گەردوونی ئازارەکانی مرۆڤن، لە زستاندا ئەم کامپانە دەگۆڕدرێن بۆ گۆڕەپانی شەڕی ڕۆژانە لە دژی سەرما و نەخۆشی تاڵ، دەبنە بەڵگەی بەرخودان و سەبر و بەرخۆدانێ ئەو خێزانانەی کە بە زۆر کۆچیانکردووە لە گەڕان بەدوای پارێزراویدا.
دەیان خێزانی شارەکانی عەفرین، شەهبا و تل ڕەفعەت لە کامپی یاریگای شارەوانی لە شاری تەبقا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن، لەگەڵ ئەوەی زستان لە لوتکەدایە، بەرگەی ڕاستیەکی سەخت دەگرن و لە چادرە وێرانەکاندا دەژین کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی تێدا نییە.
ئەم کۆچبەرانە هیوادارن دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوان داوای جێبەجێکردنی خێرای ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار و مسۆگەری گەڕانەوەی پارێزراو دەکەن.
حەمیدە حەبەش، کۆچبەر لە عەفرین،وتی: ئێمە لە عەفرینەوە کۆچمانکرد بۆ شەهبا، دواتر هاتووین بۆ تەبقا، سەختییەکانی ئێرە زۆرن، بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چادرەکان، پاڵپشتییەکی پێویست نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان، نەخۆشیەکان لە نێو منداڵ و بەتەمەکاندا بڵاودەبێتەوە. دوای ئەوەی منداڵەکان گەیەنرانە نەخۆشخانەکان، هەندێکیان ڕزگاریان بوو، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە گیانیان لەدەستدا، هیچ گەرمکردنەوەیەک نییە، لەگەڵ پێداویستی یان هەر شتێکی تر.
داوای کۆتایی بە ئازارەکانی کۆچبەرن کرد و وتی: پەیامەکەم ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و جیهان دەکەم بۆ دابینکردنی پێداویستییە مادییەکانمان، ئازارەکانمان تەنها کاتێک کۆتایی دێت کە بتوانین بە پارێزراوی بگەڕێینەوە ماڵەکانمان.
فەریدە ئەحمەد وتی: ماوەی ساڵێکە لێرە لە چادرەکانی تەبقاداین، لە وەرزی زستانیشدا دۆخەکە کارەساتبارە، کاتێک یەکەمجار گەیشتین هیچ شوێنێک بۆ مانەوەمان نەبوو، سەختییەکانیش زۆر و بەرچاو بوون، دۆخەکە باشتر نەبووە، ئێستاش لە چادرە پۆشراوەکاندا دەژین و هیچ ئامرازێکمان نییە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم وەرزە، بەدەست بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵێنین، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان پڕویستیەکانما بەدی بێنن، ئێمە پێویستیمان بە شەڕ نییە و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان.
ژنەکان زۆربەی کاتەکانیان لە دەرەوەی چادرەکان بە جل شۆردن و چێشت لێنان و پاککردنەوە بەسەر دەبەن، هەموو ئەمانەش لەبەر چاوی خەڵکدا، ئەمەش وایان لێدەکات هەست بە نائارامی و نائاسایشی بکەن، بەردەوام ترسیان لە تەندروستی منداڵەکانیان هەیە بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سەرما و بارانێکی توند.
ئەمە ڕاستی هەزاران ژنە لە کامپەکاندا، زۆرجار ناتوانن قسە بکەن، هەندێکیان ناچار بوون خۆیان لەگەڵ ئەم شێوازەی ژیانەدا بگونجێنن، هەندێکیشیان خەون بە داهاتوویەکی باشتر و گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەبینن.