"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت درک بەو ئازارانە بکات کە ژنان لە غەززەدا بەسەریان دێت"

ئازارەکانی ژنان لە کەرتی غەززە لە کاتی هەڵمەتە سەربازییە کتوپڕەکاندا خراپتر دەبن، ئەمەش توندی فشارە دەروونییەکان و بارگرانی ڕۆژانە کە دەخرێنە سەر شانیان زیاتر دەکات.

نەغم کەراجە

 

غەززە-ژنانی کەرتی غەززە لەژێر بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەو پێیەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بەهۆی گەمارۆدان و هێرشە دووبارەبووەکان، بەڵام هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی شوجاعیە دڕندانەترین بوو، و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دەروونی ژنان دروستکردووە.

 

کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بوو کە هێزەکانی ئیسرائیل بە تەقاندنی مووشەک هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکی شوجاعیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە یان ئاگادارکردنەوەی دانیشتووان لە چۆڵکردنی ناوچەکە، لە کاتێکدا میرڤەت تورک خەریکی ئامادەکردنی نان بوو بۆ خێزانەکەی، شتێک بوو کە چاوەڕێی نەدەکرد لە چرکەیەکدا پێچەوانە بێتەوە و وتی: لەناکاو هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان کرد بە تەقاندنی فیشەک و تۆپباران بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک و چڕ لەو ناوچەیەی کە من تێیدا دەژیم، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی لێکەوتەوە و کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، تا یەکێک لە دراوسێکان پێی ڕاگەیاندین کە ئەوە لەشکرکێشییەکی زەمینییە، دۆخێکی ئاڵۆز بوو، تەنها شتێک کە گرنگ بوو ئەوەبوو چۆن خۆم و منداڵەکانم لە ناوەڕاستی ئەم لەشکرکێشییە لەناکاوە ڕزگار بکەم.

 

ڕزگاربوونمان ئەستەم بوو

کاتێک تۆپەکان بە توندی دەستیان کرد بە کەوتنە خوارەوە، میرڤەت تورک بۆی دەرکەوت کە هێزەکانی ئیسرائیل بە خێرایی هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکە، لەو کاتەدا بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن خۆی و خێزانەکەی لە ژیاندا بمێننەوە پێش ئەوەی هێزەکان بگەنە سەریان، لەکاتێکدا شتەکانی دەخستە ناو ئۆتۆمبێلی کوڕەکەیەوە، سەیری پشتی کرد و خۆی بینی کە بە ئۆتۆمبێلەکان لە دۆخێکی ترسناکدا دەورە دراوە وتی: لەو ساتەدا، لە دۆخێکی ترسناک و شۆکدا هەموو شتێکم بەجێهێشت و لەگەڵ کوڕەکانمدا دەستم کرد بە ڕاکردن لە شەقامەکەدا، لە کاتێکدا فیشەکەکان بەسەر سەرماندا دەتەقێندران ئێمە هەوڵی ڕزگارکردنی خۆمان دەدا.

 

هێرشەکەی گەڕەکی شوجاعیە توندوتیژترین و خوێناویترین بوو

ئەمە یەکەم هێرش نەبووە بۆ ناو گەڕەکی شوجاعیە، بەڵکو توندوتیژترین و خوێناویترین بوو، میرڤەت تورک و دانیشتوانی گەڕەکەکە شاهیدی دیمەنی ترسناک بوون کە تەرمەکان لەسەر زەوی کەوتبوون، ژمارەیەکی زۆر لە تەرمەکان لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە کە تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانی دەریانبهێنن، دیمەنەکە خوێناوی و لەڕادەبەدەر ئازاربەخش بوو، گەمارۆدانی گەڕەکەکە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، وتی: لەو ماوەیەدا لە حاڵەتێکی ترس و ماندوێتی دەروونیدا دەژیام، تەنها ئەو جلوبەرگانەمان هەبوو کە لەبەرماندابوو، بێ ئەوەی هیچ خواردن و پارەیەک هەبێت، کاتژمێرێکی زۆری گەڕانمان بە دوای پەناگەدا بەسەر برد بۆ ڕزگاربوون لە بۆردومانە بەردەوامەکان.

 

گەڕانەوە بۆ ماڵە وێرانەکان

دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکان لە گەڕەکی شوجاعیە، گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام هیچ شتک وەک خۆی نەبوو، ئۆتۆمبێلەکەی کە کەلوپەلەکانی تێدا داناوە، لە ژێر داروپەردوودا بینیەووە، سەبارەت بە ماڵەکەی ئاماژەی بەوەکرد، ماڵەکەی وێران بووە کە دەرئەنجامی ساڵانی دوورودرێژی زەحمەتکێشان و ماندووبوون، هەروەها بینی جلوبەرگەکانی و مۆبایلەکانی منداڵەکانی سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە کە ئەمەش خەم و ئازاری زیاتری دروست کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕەکی شوجاعیە نزیکە بەتەواوی وێران ببێت، دانیشتووانیش ناچار دەبن چادر لەسەر داروپەردووی ماڵەکانیان دروست بکەن بۆ ئەوەی بە پێچەوانەی ویستی خۆیان بژین و خۆیان بگونجێنن، بەو پێیەی هیچ شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان لە باکووری غەززە نییە، تەنانەت ناوەندەکانی پەناگە لە لەناوچوون.

 

ئازارەکانی ژنان لەم دۆخەدا زیاتر بووە.

ئازارەکانی ژنان لەم بارودۆخە سەختانەدا دوو هێندە دەبێت، چونکە بەرپرسیارێتی پاراستنی خێزانەکانیان و دابینکردنی چاودێری پێویست بۆ خێزانەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، هەروەها لە کاتی ئاوارەبوون و گەڕان بەدوای پەناگەیەکی سەلامەتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی گەورەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، لەشکرکێشییەکی کتوپڕی زەمینی و زیاتر بەرەوڕووی پێشێلکاری و توندوتیژی دەبنەوە، جا لەلایەن هێزە داگیرکراوەکانەوە بێت یان بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە بەهۆی ئاوارەییەوە تیایدا دەژین.

 

میرڤەت تورک وەک ژنانی دیکەی گەڕەکی شوجاعیە، لە حاڵەتێکی تیرۆری بەردەوامدا دەژیا، ئەو بە هەموو توانایەوە هەوڵی دەدا خێزانەکەی بە سەلامەتی بهێڵێتەوە، منداڵەکان لە دۆخێکی ترسی بەردەوامدا دەژیان، گوێیان لە دەنگی مووشەک بوو و نەیاندەزانی کەی ئەم کابوسە کۆتایی دێت ژنەکان بەدەست کەمخەوی و ترسەوە دەناڵێنن.

 

خەبات بۆ مانەوە

مرڤەت تورک تاکە کەس نییە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە، لەگەڵ ژنان پاڵپشتییان ئاڵوگۆڕ دەکرد و یەکتریان بەهێز دەکرد بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان کە بۆ ماوەی  ١٠مانگە لێی بێبەشن.

 

ئەزموونی میرڤەت تورک بەرجەستەی ئازاری زۆرێک لە ژنانی غەززەیە لە کاتی هێرش و پەلامارەکاندا، هەروەها چیرۆکێکی خۆڕاگری و پێداگری لەسەر ژیان لەگەڵ هەموو ئاستەنگییەکان بەرجەستە دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی هێزی ژنان و توانای خۆگونجاندن و مانەوەیانە لە سەختترین کاتدا، بە گرنگی دەزانێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت درک بەو ئازارانە بکات کە ژنان لە غەززەدا بەسەریان دێت و هەوڵی پێویست بدەن بۆ ئەوەی پشتیوانی و پاراستنیان بۆ دابین بکەن.