دروستکردنی بەنداوەکە ژنانی گوندەکانی بەرواری لە ماڵ و باخەکانیان بێبەش دەکات

ئەو بەنداوەی لە تەنیشت زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەی بەرواری سەر بە شاری سێرت لە باکووری کوردستان دروستکراوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان دەبێت و کەمبوونەوە و زیادبوونی ئاو بووەتە هۆی ڕۆچوونی زەوی گوندەکە و درز لە ماڵەکاندا خەڵکی گوندەکە ناچار بە کۆچ دەکەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سێرت- بەنداوی چەتین لەسەر ڕێڕەوی ڕووباری بۆتان لە شاری سێرت لە باکووری کوردستان لەلایەن کۆمپانیای لیماک هۆڵدینگ لە ساڵی ٢٠٢٠ دروستکراوە و زیانی ماددی لە زۆرێک لە گوندەکانی ناوچەی بەرواریی باکووری کوردستان گەیاندووە، بەو پێیەی ئەو گوندانەی کەوتوونەتە سەر لێوارەکانی نزیک بەنداوەکە بەهۆی بەرزبوونەوە و دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی بەنداوەکەوە زەوییەکانیان ڕۆچووە و زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانیان بەرکەوتووە، ماڵەکان درزیان تێکەوتووە و هەندێکیان ڕووخێنراون، باخچەکانیش ڕزیون، خەڵکەکەش هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن.

 

درزی قووڵی ماڵان و ڕۆچوونی باخچەکان

دروستکردنی بەنداوەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی زۆرێک لە گوندەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکان، زۆرێک لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیەش بۆ پڕۆژەی بەنداوەکە دەستیان بەسەردا گیرا، دانیشتوانی گوندەکە لە ژینگەیەکی نائاساییدا ژیانیان بەسەر دەبەن و ئەم کاریگەرییانە ماوەیەک دوای دروستکردنی بەنداوەکە دەرکەوت، بە تایبەت لەو گوندانەی کە کشتوکاڵ و شوێنی ژیانیانی گوندنشینانە و نزیکە لە بەنداوەکەوە.

 

وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن، وەک ئەوەیە لە "فیلمی ترسناک"دا بژین، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا درزێکی نوێ لە ماڵەکانیاندا دروستدەبن، ئەو ماڵانەشی کە درز یان خلیسکانیان زۆرە چۆڵ دەکرێن، دانیشتوانی گوندی زینۆک (گولیچلەر) ڕایانگەیاند، هیچ شوێنێکیان نییە بۆ ڕۆشتن و نایانەوێت گوندەکەیان بەجێبهێڵن، داوای وەڵامی سکاڵاکانیان دەکەن.

 

شلبوونەوەی خاک بەهۆی بەرز و نزمی ئاوەوە دەبێتە هۆی لەرزین"

ئەو گوندنشینانە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکەیان کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، داواشیان کرد ماڵەکانیان بەهێزتر بکرێت و زیانە داراییەکانی ماڵە داڕوخاوەکان بدرێتەوە

 

فیرات شیمشەک، سکرتێری ئەنجومەنی هەماهەنگی هەرێم لە سێرت، سەبارەت بەو ناڕەزاییەکانی گوندنشینان بە نوژنهایان ڕاگەیاند، "لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، خاکی سوور پڕ ئاو دەبێت و قورس دەبێت، هەروەها کاتێک ئاستی ئاو کەم دەبێتەوە، خاک شل دەبێت و ڕۆدەچێت، هەندێک کاتیش دەبێتە هۆی لەرزین، لەم زەویانەدا کە داری میوە و باخی ترێی بەپیت سەرچاوەی بژێوی ژیانن، ڕووبەڕووی زیان دەبێتەوە و خەڵک داوا دەکەن کە چارەسەری دۆخیان بکرێت".

 

ناچار بوو ماڵە زیانلێکەوتووەکەی بەجێبهێڵێت

خاتوون ئاکای وتی: بەهۆی بەنداوەکەوە کون و درزێکی گەورە لە ماڵەکەمدا دەرکەوتووە، ناچار بووم ماڵەکەم بەجێبهێڵم و ئەمڕۆش لەگەڵ یەکێک لە دراوسێکانم دەژیم، ماڵەکەمان کۆنە، ئەگەرچی هۆکارەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر نەکردووە، بەڵام لە دوای دروستکردنی بەنداوەکە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوبەر زیان بەر ماڵەکەم کەوتووە، نەک هەر ماڵی من زۆر ماڵی دیکەش وەها زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لەم ماڵەدا بمێنینەوە، دەمرین، بۆیە دەبێت یان ئەم بەنداوە بوەستێنن یان بە داواکارییەکانمان ڕازی بن، چۆن بەم شێوەیە دەژین؟ زۆربەی ڕۆژەکان بەهۆی ترسەوە ناتوانین شەوانە بخەوین، درزەکانی ماڵەکەمان بە بچووکی دەستی پێکرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەکەن و نازانین چی بکەین".

 

لە کۆتاییدا وتیشی: دەبێت کۆتایی بە ئازارەکانمان بهێنن، من ماڵی خۆمم دەوێت، ئێمە نامانەوێت گوندەکەمان بەجێبهێڵین، نامانەوێت باخچە و هەموو دارەکانمان زیانیان پێبگات.

 

"نە ماڵمان ماوە نە باخچەکانمان"

خالیە ئاکای ماڵەکەی زیانی زۆری بەرکەوتووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوەکە بە "قوربانی" پێناسە دەکات و وتی: ئێمە لێرە قوربانیین درز لە هەموو ماڵەکانماندا دەرکەوتووە، منداڵەکانمان ناتوانن لە ماڵەکەدا بمێننەوە بەهۆی ترسەوە، هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەهێشتوین جگە لە هەڵاتن، بەڵام من نامەوێت گوندەکەم بەجێبهێڵم، لە بەرامبەریشدا نازانین ئێستا چی بکەین، بۆیە هیچ چارەسەرێک نییە. ئەم بەنداوە کۆتایی بە هەموو شتێکمان هێنا، دارەکان مردوون و هەندێکیان چیتر بەرهەم ناهێنن، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریمان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لێرە بەردەوام بین لە ژیان.

 

"ئێمە چیتر شوێنی ژیانمان نییە"

جەواهیر سوڵماز وتی: ئەم بەنداوە زیانێکی زۆری بە ئێمە گەیاندووە، ئێمەش هیچمان نەماوە و نازانین چی بکەین، بۆیە با ماڵەکەمان ئاوەدان بکەنەوە، ئەوانیش دەبێت ئەم کارەساتە بوەستێننم ئێمە تەنها مافەکانمان دەوێت، کەواتە چۆن لێرە بەبێ ماڵ و بێ باخچە بژین؟