٢٤ ساڵ تێکۆشان: گوڵستان نموونە بوو

ڕۆژنامەنووس نالین دیجلە، کە گوڵستان تارا لە نزیکەوە دەناسێت، باسی لە ژیان و تێکۆشانی کرد و وتی: گوڵستان نموونە بوو، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە بکوژانی بکرێت، تێکۆشانێکی گەورە لە دژی بەئامانجکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە پێویستە.

ڕووناهی نودا

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٣ی ئاب، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکدار هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسان لە شارۆچکەی سەیدسادیقی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد

 

ڕۆژنامەنووس نالین دیجلە، کە گوڵستان تارا دەناسێت و پێکەوە کاریان کردووە، باسی ژیان و تێکۆشانی گوڵستان تارای کرد و ئاماژەی بەوەدا، هێرش بۆ سەر ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە کاتی پرۆسەی هاوپەیمانی نێوان عێراق و تورکیا و پەدەکە ڕوویداوە، وتیشی: دەبێت بپرسین، بۆچی لەو پرۆسەیەدا ڕۆژنامەنووسان کرانە ئامانج؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە، بەهۆی شێوازی هێرشکارییە، هێزە دژبەرەکان دەیانەوێت چ چەمکێک جێبەجێ بکەن؟، لە چ هێرشکارییەکدان؟ دوایین ڕووداو هێرشێکی دڕندانەیە کە کاتێک هاوڕێکانمان دەچنە سەر کار و خشتەی کارەکانیان ئامادە دەکەن. ئەم هێرشە لە ڕاستیدا پرۆسەیەکی گرنگە و هاوکاتی هاوپەیمانییەکە لە نێوان عێراق و تورکیا و پەدەکەدا، بەداخەوە ئەوانەی ئەم هاوپەیمانییەیان واژۆ کرد، هەردوولا کورد بوون.

 

سیاسەتی ڕەتکردنەوە

نالین دیجلە ڕایگەیاند، یەکێک لەو بڕیارانەی لە نێوان عێراق و تورکیا و پەدەکە دراوە، ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئێمە وەک ڕووداوێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هێرشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ناکەین، ئەم هێرشە بەشێکە لەو هاوپەیمانییە ناشیرینەی دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی، بۆیە لەم پرۆسەیەدا یاساکانی شەڕ لە بوارەکانی پاراستنی میدیادا پێشێل دەکرێن، دیسان باشووری کوردستان بە نەخشەڕێ داگیر دەکرێت، لە باشووری کوردستاندا لە ڕووی ئابوورییەوە مرۆڤەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە توانای هەناسەدانیان نەماوە، دەوڵەتی تورکیا پێشتر هاوپەیمانییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ پەدەکەدا کردووە، بەڵام ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ئەم دواییە گۆڕاوە، ئەوەیە کە ئێستا حکوومەتی عێراقیش کەوتۆتە نێو ئەم هاوپەیمانییەوە و ئێران و سووریاش دەیانەوێت بچنە نێو ئەم هاوپەیمانییەوە. ئامانجی سەرەکییان ڕاکێشانی کەسانێکە کە دژی کوردن بۆ ناو هاوپەیمانییەکە و دەیانەوێت هەموو کوردستان داگیر بکەن. لەم سەردەمە مێژووییەدا کە گەلی کورد تێیدا دەژی، دەیانەوێت دەستکەوتەکان لەناوببەن و بەهاکانی گەلی کورد کە بەدەست هاتوون لەناوببەن، ئەم هاوپەیمانییە زۆر مەترسیدارە بۆ پێگەی باشووری کوردستان.

 

"ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان"

نالین دیجلە ئاماژەی بەوەدا، کە دەوڵەتی تورکیا بە دەستبەسەرکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانەکانی بشارێتەوە و وتیشی: لە هەموو پرۆسەیەکدا، کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئاستی هێرشەکانی بەرز بکاتەوە، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی قورستر و چەمکێکی قورستر، ڕۆژنامەنووسانی کردووەتە ئامانج و هەوڵی داوە بە گرتن یان کوشتنیان دەنگیان سەرکوت بکات بۆ ئەوەی تاوانەکانی بشارێتەوە، ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە مێژووی تێکۆشاندا سەرەکییە، بە ئەندازەی ساڵانی تێکۆشان، هێندەش کولتووری ڕۆژنامەگەری ئازاد هەیە، ئەو ڕۆژنامەگەرییە ئازادەی کە لە غوربەتلی ئەرسۆزەکانەوە دەستی پێکرد تا ئەمڕۆش لەگەڵ گوڵستان تارا بەردەوامە، ئەم هێڵە هەمیشە بووەتە جێگەی ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری بۆ ئەوەی هێڵی خیانەتکار لە کوردستان ئاشکرا بکات زۆر گرنگە.

 

"ئەم هێرشە ترس لە ڕۆژنامەگەری ئازاد نیشان دەدات"

نالین دیجلە باسی لەوەشکرد، گوڵستان تارا خەباتێکی گرنگی لە دژی پلانە گڵاوەکانی سەر باشووری کوردستان بەڕێوەدەبرد، "گوڵستان تارا یەکێکە لەو کەسانەی کە لە باشووری کوردستان لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە باسی لە ئازارەکانی ژنان دەکرد، هەروەها چەندین بابەتی نووسیوە و بەرنامەی ئامادە کردووە، هێرشەکانی سەر ناوچەکانی پاراستنی میدیا، پلانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، چ لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سەربازییەوە و خستەڕووی مەترسییەکان لە کارەکانی گوڵستان تارا بوون، بۆ ئەوەی خیانەتەکانی ماڵی بارزانی ئاشکرا بێت و بۆ ڕایگشتی ئاشکرا ببێت چ پلانێک بەڕێوە دەبرێت، کاری ڕۆژنامەنووسان زۆر گرنگە، گوڵستان تاراش یەکێک بوو لەوانە، هەروەها هێرۆ بەهادین، وەک ژنێکی خەڵکی باشووری کوردستان کە شاهیدی هێرشی زۆری داگیرکەران بووە، لە سەختترین بارودۆخدا بە ئازایەتییەکی زۆرەوە لە ڕاگەیاندنی ئازاددا جێگەی خۆی گرت، بۆیە ڕێکەوت نییە کە دوو ژنی پێشەنگ کرانە ئامانج و ئەم هێرشە ترس لە ڕۆژنامەگەری ئازاد نیشان دەدات.

 

"کارەکتەری گوڵستان تارا نموونەیەک بوو"

نالین دیجلە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە گوڵستان تارا دەناسێت، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ٢٠ ساڵە گوڵستان تارا دەناسم، ئەم جۆرە هاوڕێیانە کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە و هەم وەک ژن و هەم وەک پێشەنگی ڕۆژنامەگەری ئازاد کار دەکەن، دڵنیام هەر هاوڕێیەکی ئێمە کە گوڵستان تارا دەناسێت، هەر ژن و پیاوێک کە هەستی نیشتمانپەروەری هەیە، کاتێک وێنە و دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلە دەبینن، ڕۆحیان ئازار دەچێژێت، بەم ئازارانە مرۆڤەکان ململانێیەکی گەورە لەگەڵ خۆیان دەست پێدەکەن.

 

"لەناو ڕۆژنامەگەری ئازاددا بە نەمری دەمێنێتەوە"

نالین دیجلە تیشکی خستەسەر ئەوەی زۆرێک لە خوێندکارانی گوڵستان تارا هەن کە ئەمڕۆ لە بەرزترین ئاستدا تێکۆشان دەکەن، "کاتێک دەستم بە کاری ڕۆژنامەگەری کرد، گوڵستان چوار ساڵ پێش من لە بوارەکەدا بوو، ئەو زۆر شتی فێری من کرد، لە فێربوونی کیبۆرد، هەواڵ، ڤیدیۆ و وێنەگرن، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا قورسترین پرۆسەی تێکۆشان بۆ کاری ڕیکخستنی ژنان و دروستکردنی ڕێکخراوەکان بە تایبەت ژن تیڤی بەڕێوەچوو، گوڵستان تارا لەو پێناوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینی، بۆیە پێویستە هەمیشە کارەکانی ببینین و واتای پێبدەین، هەموو کەسێک دەتوانێت پێشەنگایەتی تێکۆشان بکات و بەشدار ببێت، بەڵام وەک ژنێک، کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و ڕێکخستن کردن گرنگ و قورس بوو، گوڵستان تارا یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەو ڕۆڵەی گێران و ئەمڕۆش چەندەها خوێندکاری هەیە و درێژە بە تێکۆشانی ئەو دەدەن.

 

"گوڵستان گوڵی ئێمەیە"

لە درێژەی قسەکانیدا، نالین دیجلە هەندێک تایبەتمەندی گوڵستان تارای بەم شێوەیە دەربڕی: "گوڵستان تارا چەندین تایبەتمەندی ناوازەی هەبوو، ڕۆحی زۆر ناسک بوو و کەسێکی زۆر میهرەبان بوو، کاتێک هاوڕێیەتی دەکرد خاوەن تێکۆشان بوو، کاتێک تێدەکۆشا کەس لێی بێزار نەدەبوو، ڕێبازی تێکۆشانی بنیاد دەنا، دەمانگوت گوڵستان گوڵی ئێمەیە، کێ هاوڕێیەتی کردبێت، بێگومان واتا و هەبوون و زانیاری لێوەرگرتووە،خەڵک دەتوانن کەسایەتی گوڵستان تارا وەک نموونە وەربگرن، لایەنی خۆشەویستی مرۆڤ و هێزی سروشتی زۆر بوو، گوڵستان تارا زۆر حەزی لە پیاسەکردن بوو لە ژێر هەور و باران، گوڵی خۆشدەویست و واتایەکی جیاوازی بە سروشت دەبەخشی، لە هەمان کاتدا گوڵستان تارا زۆر بە باشی کیبۆردی بەکاردەهێنا، دەیتوانی چەندین کاتژمێر لە نووسیندا بەسەر ببات، کامێرای بەکاردەهێنا و دەینووسی و وێنەی دەگرت، گوڵستان تارا لە هەموو بەشەکانی ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە، لە ڕۆژنامەگەری ئازاددا خەباتێکی زۆری هەیە، لە ماوەی ٢٤ ساڵی خەباتیدا، بەبێ پچڕان درێژەی بە کاری ڕۆژنامەگەری دا.

 

"بە خەباتی خۆمان لێپرسینەوە لە بکوژەکان دەکەین"

نالین دیجلە لە کۆتایدا وتی: ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر سەختی تێکۆشاندا تێدەپەڕین، نابێت ڕێگە بدەین شێوازە دڕندەکانی کوشتنی ژنان وەک شتێکی ئاسایی سەیر بکرێت، وەک ژن و ڕۆژنامەنووس پێویستە ئەم عەقڵیەتە ئاشکرا بکەین و بۆ ڕای گشتی جیهانی ڕوونی بکەینەوە، بۆ ئەوەی داوای لێپرسینەوە لە بکوژەکان بکەین، بۆ کۆتاییهێنان بەم عەقڵیەتە، پێویستە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەببەین، وەک ڕۆژنامەنووس و وەک ژن پێویستی بە خەباتێکی زۆر بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لێپرسینەوە لەم عەقڵیەتە بکەین و سەرکەوتنی ئەو میراتە بەدەست بهێنین کە ئەوان بەجێیان هێشتووە بۆمان.