عەمید شەهلا؛ ٢٨ ساڵ خەبات لەناو هێزی سەربازیدا

شەهلا مەحمود، ماوەی ١٥ ساڵە بە پلەی عەمید لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کار دەکات و دەشڵێت: سەرەتای بەشداریکردنمان لە هێزی ژناندا بە ئامانجی هێنانە دەرەوەی ژنان لە ماڵەکانیان بوو.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- کارکردنی ژنان لە کایە سەربازییەکاندا مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەبوونی جەنگەکان داگیرکردنی خاک و ژنانی لێ دەکەوێتەوە، ژنانیش لەپێناو بەرگری کردن لە خاک و خۆیان بەشداری کایە سەربازییەکان دەکەن و ژنانی کوردیش پێشەنگی ئەم کایەیە بوون لە جیهاندا، کە چەندین ژنانی کورد ئازا و چەلەنگ هەبوون وەک قەرە فاتم، مارگرێت و ... .

 

شەهلا مەحمود عەبدوڵا، نمونەی ژنێکی کوردە لە کایە سەربازییەکاندا تێکۆشانی کردووە، لە ئێستادا عەمیدی هاتوچۆیە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لە خێزانێکی ڕۆشنبیر لە دایکبووە و خاوەنی سێ خوشک و چوار برایە، لە ساڵی ١٩٨٦-١٩٨٨دا پەیمانگای ئیدارە لە شاری کەرکوک تەواو دەکات، ساڵی ٢٠٠١دا دەچێتەوە بەر خوێندن و کۆلێژی بازرگانی تەواو دەکات، سەرەتای کارکردنی وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەت بووە، ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی ژنانەوە دەکات، بە درێژای ساڵی ٢٠٠٠ بەشداری چەندین شەڕی ناوخۆی دەکات، پاشان بە پلەی نەقیب دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی عێراقی، لە ساڵی ٢٠٠٦دا دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و مانەوە و وەک بەڕێوەبەری ژمێریاری و نشینگەی سەر بە ئاسایشی سلێمانی درێژە بە کارەکانی دەدات، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧دا ژیانی هاوژینی لەگەڵ هاوپیشەیەکی خۆیدا ئەنجام دەدات، لە ئێستادا خاوەنی دوو کچە، لە دوای سێ ساڵ دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و وەک بەڕێوەبەری ژمێریاری کاردەکات و تا ئێستاش بەردەوامە.

 

"بەشداریکردنمان لە هێزەکانی ژنانی پێشمەرگە بە ئامانجی هێنانە دەرەوەی ژنان لە ماڵەکانیان بوو"

 شەهلا مەحمود عەبدوڵا ٢٨ ساڵ پێش ئێستا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی ژنانەوە دەکات، پێش پەیوەندی کردن بە هێزی ژنانەوە لە بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەت فەرمانبەر بووە، دەڵێت: لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ژنان ویستیان هێزێکی چەکداری تایبەت بە ژنان بۆ بەرەو پێشچوونی کار و خەباتی ژنان دابمەزرێنن، بونیادنانی هێزیکی سەربازی و هێنانی لە خەباتی شاخەوە بۆ شارەکان لەلایەن کۆمەڵێک لە ژنانی خەباتگێڕەوە بەڕێوەبرا، پاشان ئاگادار کراینەوە بە مۆڵەتی ساڵانە بەشداری لەو هێزە بچوکەدا بکەین، سەرەتا ٥٠ ژن بەشداری ڕێکخستنەکانی ژنانمان کرد بە ئامانجی هێنانە دەرەوەی ژنان لە ماڵەکاندا تا ئازادی ژنان تەنها لە ماڵەکاندا نەمێنێتەوە، مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی چەندین خولی سەربازی و سیاسیی و فکری بۆ ژنانی بەشداربوو لە بارەگای چوارباخ کردەوە.

 

ئەو ئەفسەرە وتیشی: مەفرەزەکانی ژنان بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاسایشدا و شەوان بۆ سەقامگیری ناوچەکان دەردەچووین، ئێمەی ژنان چەک لە شان لەگەڵ ئاسایشەکاندا بەشداری کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیانمان دەکرد، بۆخولی عەسکەری پیادەڕەویمان بەرەو شاخەکان و ناوچە سنورییەکانی کوردستان بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ژێر چاودێری تەندروستیدا ئەنجامدا، پاشان لەڕێگەی هەبوونی بارەگایەکی سەربازی لەناو فەرماندەیدا داواکاریەکانمان زیاتر کرد، هەروەها ژنان لە ئەنجامدانی ڕاپەڕینەکەدا لەگەڵ پێشمەرگەکانی ناوشاردا هەڵمان دەکوتایە سەر قوتابخانە و فەرمانگەکانی سەردەمی بەعس.

 

"ژنانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پیاواندا بەشداری شەڕەکانی ناوخۆیان دەکرد"

ئەو عەمیدە، ئاماژەی بەوەشکرد، داواکردنی ژنان بۆ بەشداریکردن لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بووە هۆی دامەزراندنی ژنانی ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگەدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا، ژنانی پێشمەرگە لە هێزەکانی حەفتادا ئەفسەریان هەبوو، دەڵێت: داواکاری ئێمەی ژنان بەشداریکردنمان بوو لە پلەکانی ئەفسەریدا، هاوخەباتی پێشمەرگەکان ئەفسەرەکانمان بەشداری شەڕە ناوخۆیەکانیان کردووە، لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا بەرپەرچی دوژمنمان دەدایەوە، لە نەخۆشخانەکاندا تیماری بریندارانمان دەکرد، پاشان ئەفسەرانی ژن چوونە دەزگاکانی سەربازی دیکەوە، دامودەزگاکانی حکومەت و سەربازی لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە ژنانی سەرباز کاری تێدا دەکەن.

 

عەمید شەهلا، باس لەوەدەکات ژنان لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە خۆیان بە ڕێکخستن دەکرد و خوێندکاران وێستگەی یەکەمیان بوون، پەیوەندیکردنمان بە خوێندکاران لە قوتابخانەکان و بەڕێکخستنیان یەکەم کاری ڕاپەڕین بوو، پاشان پەیوەندیمان بە یەکێتی ژنانی کوردستانەوە دەکرد، لە ڕێگەی سیمیناراتەوە هەوڵمان دەدا ژنان بەڕێکخستن بکەین، لە قۆناغی دووەمی خوێندندا بووم پەیوەندیم کرد بە خولی سەربازی ئەفسەران لە قەڵاچوالان، ژنێک بتوانێت خوێندن بکات و پاشان خولی سەربازی لەگەڵ ئەفسەرانی پیاودا تەواو بکات،  کارێکی قورسبوو ئەوکاتە، بەیانیان کاتژمێر شەشی بەیانی ڕاهێنانی سەربازی دەستی پێدەکرد، پاشان کاتژمێر دووی پاشنیوەڕوان خوێندنی پەیمانگام تا کاتژمێر نۆی شەوی دەخایاند، سەرەڕای ئاستەنگیەکان توانیم لە هەر دوو قۆناغەکەی خوێندنمدا سەرکەوتن بەدەست بهێنم، دوای تەواوکردنی خولی سەبازی پلەی مولازم ئەوەلم پێدرا.

 

"دەبێت واز لە یەکە سەربازیەکان بهێنن و شەڕواڵ لە پێ نەکەن"

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی پۆستی سەربازی و کارکردنی ژنان لە کایە سەربازییەکاندا کارێکی دەگمەن بوو، زۆربەی کات ڕوبەڕووی ئاستەنگی و وشەی نەشیاو دەبوونەوە لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا، ژنانیش بە نهێنی کاری سەربازیان ئەنجام دەدا، "ژنان تەنها کێشەیان کۆمەڵگە بوو، چەندین ژن بە هۆی کۆمەڵگەوە دوای بەشداربوونیان لە یەکە سەربازییەکان ژیانی هاوژینییان هەڵدەوەشایەوە، ئێمەی ژنانی پێشمەرگە کاتێک ژیانی هاوژینیمان پێکدەهێنا بەشێک لە خێزانەکان دەیانوت 'دەبێت واز لە یەکە سەربازیەکان بهێنن و شەڕواڵ لە پێ نەکەن'، بەڵام بەردەوامی ئێمەی ژنان لە کایە سەربازییەکان درێژەی کێشا و لە ئێستادا زۆرێک لە ژنان لە کایە سەربازی و میدیاییەکاندا بەردەوامن، هەروەها ئێمەی ژنان لە شوێنی کارەکانماندا کێشەمان لەگەڵ پیاواندا بۆ دروست دەبوو، هاوکارانمان لە کاتی کارکردندا سڵاوی سەربازیان بۆ ژنانی ئەفسەر و پۆستەکانی دیکە نەدەکرد، وەک ژنە ئەفسەرێک ئەو ڕێچکەیەم لە کاتی کارکردنی خۆمدا شکاند، ڕێگەم نەدەدا بەبێ سڵاوی سەربازی سەردانی ژوورەکەم بکرێت.

 

عەمید شەهلا لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، ژنان لە دەستپێکیاندا لە شەقامەکانەوە دەست پێدەکەن و پاشان دەچنە فەرمانگەکانەوە، وتی: بەشداریکردنی ژنان و متمانەبوون بە خۆیان ڕێگری ناکات لە بەشداریکردنیان لەو کایانەی خولیایان هەیە بۆی، پێویستە ژنان بەشداری کایە سەربازیەکان بکەن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی خۆیان، بەبێ گوێدانە کۆمەڵگە و بیروڕا جیاوازەکان.

 

عەمید شەهلا خولیای بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر هەبووە، دوای چوونەوە بەر خوێندن لە ساڵی ٢٠٢١دا، چەندین وێستگەی دیکەی ژیان دەبڕێت، تا لە کۆتایدا دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و ماوەی ١٥ ساڵە لەوێ کار دەکات.