هەر گەڕانەوەیەک بۆ شنگال چیرۆکێکیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت
پێشتر جیهان خۆی دنیایەکی پاک و بێگەرد و پڕ لە خێر بوو، نە مرۆڤ ئەوەندە بێخێر بوو، نە ئەم فەرمانانەش بەسەر مرۆڤدا دەهاتن، بەڵام چوو، هەمووی چوو، خودا هێز بداتە گەنجان و تەمەنیان درێژ بکات.
گوڵستان عەزیز
شنگال – هەر گەڕانەوەیەک چیرۆکێک بۆ شنگال دەهێنێت، هەر گەڕانەوەیەک ئازارەکان زیاد دەکات، توڕەیی بۆ توڕەیی، هیوا بۆ هیوا، ماوەیەک ئەو خەڵکی ئێزدی کە بەهۆی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ کۆچیانکردبوو، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، خاکی باوک و دایک و خوشکەکانیان، لە سەرانسەری شنگالدا ئەم گەڕانەوەیە بۆ هەموو گوندەکان بە شێوەیەکی نەگەڕاوە دەستی پێکردووە، هەروەها دایە ئەمشێش گەڕاوەتەوە گوندی دیگوڕ.
”کاتێک فەرمانەکە دەرچوو من تەنها بووم”
لەکاتێکدا بەناو گوندەکەدا دەسوڕێینەوە بۆ ناسینی ئەو کەسانە، دایە ئەمشێ دەبین، دڵی بەقەد تەمەنی گەورەیە، بە گەرمی پێشوازیمان لێدەکات، لە دەوروبەری نەوەکانی لە سەرێکی ماڵەوە بۆ سەرەکەی تر دێن و دەڕۆن، دوای نزایەکی زۆر بۆ ئێمە، ئێستا بێدەنگین، هەروەها منداڵەکانیش، دایە ئەمشێ مافی قسەکردنی هەیە، تکایە لەگەڵمان بن.
کاتێک فەرمانەکە دەرچوو، دایە ئەمشێ بە تەنهایە لە شنگال بوو، کەس لە دەوروبەری نەبوو، لەکاتی فەرمانەکە خزموو کەسوکاری دێنە ماڵی و بە سەختییەکی زۆرەوە دەیبەن بۆ کوردستان، دایکە ئێمشی وتی: پێش فەرمانەکە چووینە سلێمانی، منداڵەکانمان لەوێ کاریان دەکرد، ژیانیان لەوێ بوو، کاتێک هاوژینەکەم کۆچی دوایی کرد، هەموو شتێکمان بەجێهێشت و هاتین بۆ شێخان.
دایە ئەمشێ باس لەوە دەکات، کە کاتێک لەگەڵ خێزانەکەیدا هاتوون بۆ شێخان، هیچ شتێکیان پێ نەبووە و وتی: بە خودا جێگایەک نەبوو تێیدا بمێنینەوە، دەموت خودایە با پارچەیە چادرێکمان بدەنێ تا بتوانین خێر و سەدەقەی هاوژینەکەم بکەین، بە زەوی و ئاسمانی خودا، شوێنێک نەبوو تێیدا بمێنیینەوە.
ئاماژە بۆ بووکەکەی دەکات و وتی: چووین بۆ ماڵی مامم، مامم خێر و سەدەقەی برای خۆی لە ماڵی خۆی کرد، دە ڕۆژ من و هەوەیەکەم و بووکەکەم لە لای ئەوان ماینەوە، جێگای ئەوانیش تەنگ بوو، تەنها چادرێک بوو، با و باران بوو، حاڵمان زۆر خراپ بوو، دایە بۆ هەوەیەکەی وتی: لە خوشکێک باشترە، باشترین هاوڕێی ژن، ژنێکی دیکەیە.
”لە کامپەکەدا جێگایەک نەبوو سەرمانی لەسەر دابنێین”
دایە ئەمشێ وتی: برا و ژن برای بووکەکەم بۆ کار چوون بۆ سلێمانی، وتیان، وەرن چادەرەکەی قاسم بەتاڵە، بچنە ناوی، هیچ کەسێک لە خودا گەورەتر نییە، ئێمە کەلوپەلەکانمان لە کیسەیەکدا برد، تەنانەت نوێنێکیش نەبوو سەری لەسەر دابنێین، لەگەڵ بووکەکەم و هەوەیەکەم چوینە ئەو چادرەوە، لەناو چادرەکەدا تەنها حەسیرێک هەبوو، لێفەیەکی بچووک هەبوو دەمدا بەخۆمدا، پێڵاوەکانمان دەکردە ژێر سەری خۆمان، چلەی هاوژینەکەم نزیک دەبووەوە، نەماندەزانی لەناو ئەو خەڵکە غەریبەدا چی بکەین.
بۆ دەستکەوتنی چادرێک، دایە ئەمشێ بە پیادە دەچێت و دێت، لەگەڵ بەرپرساندا قسە دەکات بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن، لە کۆتاییدا بە زۆر و زەحمەت بۆ خۆی و خێزانەکەی چادر پەیدا دەکات، ئەوەش لەناو باران و کەشوهەوای سەختی زستاندا.
کاتێک دایە ئەمشێ و کوڕی مامەکەی دەچنە لای بەرپرسان بۆ ئەوەی چادرەکانیان وەربگرن، کوڕی مامەکەی لە بەرپرسان داوا دەکات چادرەکەی دایە ئەمشێ لەلای خۆیان هەڵبدەن، بەڵام ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە و بەرپرسەکە وتی: ئەگەر وا بکەی، چادرەکانتان لێ دەستێنم و دەرتان دەکەم، دایە ئەمشێ ئەو ڕۆژە بەم وشانە دەگێڕێتەوە: نەماندەزانی لە کوێ چادرەکە هەڵبدەین، هەمان کەس وتی: بە خودا ئەگەر تا دوو ڕۆژی تر هەڵتان نەدا، ئەو چادرانە دەگرم و هیچ شتێکتان بۆ ناهێڵم، ئەو ڕۆژە تا ئێوارە باران باری، ئێمەش چادرەکەمان شاردەوە، هەموو چادرەکانیان دەفرۆشت و پارەکەیان دەخستە گیرفانی خۆیان، هەژارەکانیش هەر بەو حاڵە دەمانەوە.
”لەو زستانە سەختەدا، چادرەکەمان بەهۆی ڕەشەباوە دەلەرزین و دەجوڵا”
لەو سەرمایەی کە پەنجەی مرۆڤی دەبەست، دایە ئەمشێ لە دەرەوەی کامپەکە چادرێک هەڵدەدات بۆ ئەوەی خێری چلەی هاوژینەکەی بدات، وتی: چادرێکمان هەڵدا و دەورەکەیمان پڕ لە بەرد کرد، تا بەیانی پێوەی بوو، چوینە شوێنی خۆمان، سەیریمان دەکرد، چادرەکەمان بەهۆی ڕەشەباوە دەلەرزین و دەجوڵا، خوشکیم تۆ دەنگم دەبیستیت؟ بەڵێ دایە، دەنگت بە ڕوونی دەبیستم.
دایە ئەمشێ وتی: لە چادرەکەماندا دوو بەتانی و دوو سەرینمان هەبوو دۆشەکێک نەبوو لە ژێر خۆمانی دابنێین، هەندێک قاپ و قاچاغیشمان هەبوو، ئێمە لەو چادرەدا دەماینەوە، خوشکەکەشم لە کامپەکە بوو، هات بۆ لامان، بە کوڕەکەی وت: من دوو سێ بەتانیم پێکەوە دووریوە، بڕۆ بیهێنە، ئەگینا ئەم منداڵە دەمرێت، زەحمەتییەکان زۆرن، بەڵام ژنێک خۆی بە ژیانەوە گرتووە و بەرینادات، دایە ئەمشێ دەگات بە بە ویستی دڵی، چلەی هاوژینەکەی دەکات، ناوێکیش لە شوێنەکەییان دەنێن، وتی: کامپی "چی جێ" واتە ئێمە چیمان لەمانە!)، شەش ساڵ لەو چادرانەدا تێکۆشانی ژیانما کرد، هەروەها وتی: هاوینان دەسووتاین، زستانانیش لە سەرما دەلەرزین، ماڵ ئاوای بۆ خوای گەورە، ئێمە تا ئێستا ماوین.
”کاتێک گەڕامەوە شنگال دەرگاکەم ماچ کرد”
تا ئەو کاتەش خەمباری بەسەر ڕوخسار و لێوەکانی دایە ئەمشێوە دیارە، تا کۆتایی تەمەنی ئەم خەمبارییە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، بەڵام کاتێک باسەکە دەبێتە شنگال، زەردەخەنەیەک بەسەر ڕووخساریدا دێت؛ زەردەخەنەیەکی پڕ لە گڕوتین، پڕ لە بیرکردن... دایە ئەمشێ وتی: کاتێک هاتمەوە دەرگاکەم ماچ کرد، وتم: هاتمەوە بۆ خاکی وڵات، خاکی باو و باپیران، هەروەها دەڵێن؛ مار لە هەر کوێیەک بێت، دوای هەزار ساڵیش بێت، هەر دەگەڕێتەوە بۆ کونە دیوارەکەی خۆی، هەر ئەم شوێنەیە دیوارەکەی ئێمە، هەموو کات دەموت: خوایە، لە هیچ شوێن و جیهانێک مەمکوژە تا دەگەڕێمەوە سەر خاکی باو و باپیرانم، خاکی شنگال، شوێن و جێگا خۆشە، وڵات خۆشە. بەڵێ شنگال زۆر خۆشە.
دایە ئەمشێ بە ئێمەی وت: خوا بکات ئێوەش لە ناو خێر و خۆشیدا بن، تووشی هیچ زیانێک نەبن، پەروەردگاری جیهانیان خێر و خۆشیەک لە جیهاندا دروست بکات، جیهان خۆی پاک و بێگەرد و پڕ لە خێرە، نە مرۆڤ ئەوەندە بێخێر بوو، نە ئەم فەرمانانەش بەسەر مرۆڤدا دەهاتن، ڕۆیشت، هەمووی ڕۆیشت، خودا هێز بداتە گەنجان و تەمەنیان درێژ بکات.
دایە ئەمشێ بە ڕەسەن خەڵکی گوندی بارێیە، کاتێک بە زۆر هەموویان دەهێنن بۆ دیگوڕ، دایکی سێ منداڵ بووە، وتی: ئێمە لە بارێ بووین، باوک، باپیر، دایک و خوشکەکانمان لە بارێ بوون، ئێمەیان هەڵگرت و هێنایان بۆ ئەم خاک و ئاوە، ئەوکاتە کوشتنی تێدا نەبوو، بەڵام ئەو فەرمانەی بەسەرماندا هێنایان، لە فەرمانەکەی داعشیش خراپتر بوو، لەسەر ئاوی شیرین و کانییەکەی بارێ، لەسەر موڵک و ڕەزەکانمان... هێنایان و لەم شوێنە دایانناین، ماندووبوونی دەست و پەنجەکانمان هەمووی نەما، خودا ئەو فەرمانانە ببات و نەیگەڕێنێتەوە، هەمووی ڕۆیشت... مرۆڤ زوو بمرێت باشترە، هەموو بوو بە کۆڵ و کەوتەی ناودڵمان، کوڕ کوا؟ برا کوا؟ دایک و خوشک کوا؟ هەموو ڕۆیشتن، ئێمە بووین بە هاوڕێی کۆڵ و خەم، ئاگر کەوتە جەستەمان.
باوەڕ ناکەم لەسەر ڕووی ئەم جیهانە کەسێک بەقەد ئێزدییەکان ئاشتیخواز و خێرخواز بن، سەرەڕای هەموو زوڵم و ستەمیەک، دایە ئەمشێ وتی: گەورەترین داواکاریی من ئەوەیە ئێزدییەکان لەسەر ئێزدیبوونی خۆیان بمێننەوە، ئەوە باشە کە ئێزدی ڕێگەی خۆیان بزانن مەسیحییەکانیش ڕێگەی خۆیان بزانن باشە، موسڵمانانیش ڕێگەی خۆیان بزانن باشە، ڕێوڕەسمەکان هەموو باشن، هەر کەسێک لەسەر ڕێگەی خۆی بڕوات، ژیان باشتر و جوانتر دەبێت.