هبە جەرادی لە داروپەردووەوە ڕێگا بۆ ژنانی یەمەن لە جیهانی تەلارسازیدا خۆش دەکات
لە نێوان وێرانکارییەکانی شەڕ و ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتیدا، هبە جەرادی ڕێبازی خۆی لە جیهانی ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتیدا دروستکردووە، خولیای خۆی گۆڕیوە بۆ پرۆژەیەک کە ماڵەکان ئاوەدان دەکاتەوە و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ڕۆڵی ژنان دەگۆڕێت.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن- لە نێوان ماڵە وێرانبووەکانی یەمەن، هبە جەرادی، ئەندازیاری تەمەن ٢٦ ساڵ بە بیرۆکەیەکی دووبارەنەبووەوە دەستی بەکار کرد، کە خانووە ڕووخاوەکانی گۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی هیوادار، دەرگای بۆ ژنانی یەمەن کردەوە تا بچنە ناو جیهانی ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی، بوارێکە کە تا ئەم دواییانەش تەنها پیاوان زاڵ بوون.
خولیای منداڵی... و ئەندازیاری سەرەڕای دژایەتی خێزان
هبە جەرادی لە ڕۆژانی زانکۆییەوە پێیوابوو کە وەبەرهێنانی خانووبەرە و تەلارسازی لە هەموو ئامرازێکی دیکەی بەرهەمهێنانی بەهای ڕاستەقینە باشترە، وتی: ئەندازیاری لە منداڵییەوە خولیای منە، لە قۆناغی ئامادەییەوە ئامانجێکی ڕوونم هەبووە، ئەندازیاری لە بنەڕەتدا ڕێگەت پێدەدات سوود بە خەڵک بگەیەنیت بە دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە، هەروەها ئەندازیاران بناغەی کۆمەڵگەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا خێزانەکەم پێیانوابوو ئەم بوارە بۆ کوڕانە و بۆ کچان ناگونجێت، هەربۆیە سەرەتا ناوم تۆمارکرابوو بۆ خوێندنی وەرگێڕان، بەڵام ئارەزووم بەهێزتر بوو، بۆیە هەردووکییانم خوێند، وەرگێڕان بۆ دڵخۆشکردنی خێزانەکەم، ئەندازیاری بۆ بەدیهێنانی خەونەکەم.
تەعز، شارە وێرانبووەکە... ئەو پریشکە کە سەرەتای ئاگری تێبەردا
سەبارەت بەو ماوەیە وتی: لە فەیسبووکەوە دەستم کرد بە وەرگرتنی نامە لە لەلایەن ژنانەوە کە دەپرسن ماڵەکەم زیانی پێگەیشتووە، ئاگری دژە فڕۆکە هەیە، مووشک هەیە، چۆن چاکی بکەمەوە؟ لەبەر ئەوەی سەرچاوەی داراییان سنووردار بوو، ئامۆژگارییان دەویست کە چۆن خۆیان ئەو کارە بکەن.
ئەمەش بوو بە خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە بوو، ئێمە بە خولی سادە دەستمان پێکرد بۆ ئەوەی ژنان فێری چۆنیەتی چاککردنەوەی ماڵەکانیان بکەین، کاردانەوەکەش زۆر باش بوو، ژنانیش دەستیان کرد بە ناردنی وێنەکانیان بۆ چاککردنەوەی خانووەکانیان، دوای ئەوە دەستمان کرد بە وەرگرتنی پڕۆژەی گەورەتر.
ئەم هەوڵە سادەیە بە خێرایی گۆڕا بۆ بەشداریکردنی بەرفراوان، ژنان دەستیان کرد بە چاککردنەوەی ماڵەکانیان و بەڵگەنامەکردنی ئەنجامەکان و هاوبەشکردنی ئەزموونەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە، هەروەها لەگەڵ ئەم بەرژەوەندییە گەشەسەندووەدا، بیرۆکەکە فراوانتر بوو و بوو بە پڕۆژەیەکی گشتگیر.
لەم خاڵەوە "عمار الأرض للاستشارات الهندسية والمقاولات" "ئاوەدانکردنەوەی زەوی و ڕاوێژکاری ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی" دامەزرا، چیتر تەنها گرنگی بە نۆژەنکردنەوەی ناوەوە نادات بەڵکو فراوانتر بووە و ئاوەدانکردنەوەی خانوو و تەلارسازی قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە، جگە لە دابینکردنی پلانی ئەندازیاری تەواو و گەیاندنی پڕۆژەی کوالیتی بەرز.
وتیشی: دوای جیهانی دیکۆرات و جوانکاری، چووینە بواری بەڵێندەرایەتی و فەرمانگەی ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتی "عمار الأرض" "ئاوەدانکردنەوەی زەوی" دامەزراند، بە پڕۆژەی سادە دەستمان پێکرد، دواتر کارەکەمان فراوانتر بوو.
بەڵام گەورەترین ئاڵەنگاری تەکنیکی نەبوو، کۆمەڵایەتی بوو، سەرەتا خەڵک دەیانپرسی، چۆن دەتوانیت پڕۆژەکان بەڕێوەببەیت لەکاتێکدا ژنیت؟، ئەو ژنانەی دەهاتنە ئۆفیسەکە دەیانوت بە هاوژینەکەم مەڵێ، چونکە ئەو ڕەتیدەکاتەوە ژنێک پڕۆژەیەکی تەلارسازی بەڕێوەببات.
بەڵام هبە جەرادی بڕیاریدا خۆی بسەلمێنێت، بڕوام وابوو ژنان باشتر دەتوانن مالێک چاک بکەنەوە لە پیاوان، سەرەتا پڕۆژەیەکی چالاک بوو، بەڵام بەهای خۆمان سەلماند، بە تێپەڕبوونی کات، تێڕوانینەکە دەستی بە گۆڕانکاری کرد، کوالیتی کارەکانمان و وردبینیمان لە کاتی خۆیدا ناوەکەی لە زۆر بواردا بناسرێت.
گۆڕینی دیدگای کۆمەڵایەتی
دوای تەواوکردنی خوێندن، هبە جەرادی گەڕایەوە بۆ تەعز بۆ ئەوەی ڕاستیەکی جیاوازی توند بدۆزێتەوە، شەڕەکە بەشێکی زۆری شارەکەی وێران کردبوو، وتی: ئێمە ئاوارە بووین، کاتێک گەڕاینەوە دوای ئەوەی شەڕەکە کەم بووەوە، بینیم شارەکە وێران بووە، بیرۆکەکەش لەوێوە دەستی پێکردووە.
لەوێشەوە یەکەم پڕۆژەی کە بەرنامەی مەشقە بۆ ژنان بۆ فێربوونی نۆژەنکردنەوە و دیزاینی ناوەوەی ماڵەکان، بە ناوی "جیهانی ڕازاندنەوە و جوانکاری" دەستیپێکرد، ئەم بەرنامەیە بە خێرایی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، بەتایبەتی لەنێو ژناندا، بووە جێگەیەکی ڕاستەقینەی دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەتر.
هبە جەرادی پێی وایە ئەو مەشقە بەردی بناغەی سەرکەوتنەکانی بووە، فێرخوازان تەنها وەرگری نەرێنی زانیاری نەبوون، بەڵکو هاوبەشی چالاک بوون لە هاندانی فراوانکردن، هەرەوەها هانیاندام ئۆفیسێک بکەمەوە، چونکە ژنان پێیان باشە لەگەڵ ئەندازیارێکی ژن کاربکەن کە لە پێداویستییەکانیان تێبگات.
گەورەترین ئاڵەنگاری لە کارەکانی ڕۆژانەیدا جیاوازی کولتووری کارکردنە، وتی: گەورەترین ئاڵەنگاری ئەوەیە ئێمە وەک ئەندازیاری ژن دیسپلینین بە وادە و چوارچێوەی کاتیی، هەوڵدەدەین پڕۆژەکان پێش وادەیان پێشکەش بکەین، لەم نێوەندەدا هەندێک لە کرێکارانی پیاو دوادەکەون و دواکەوتنەکانیان بە ئاسایی دەزانن، کە ئەمەش گەورەترین کێشەی ئێمەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پیاواندا.
کاریگەری هبە جەرادی تەنها لە باڵەخانەکاندا سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژ بووەوە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ڕۆڵی ژنان، ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە ژناندا قەتیس نەبوو، بەلکو کاریگەری لەسەر هەندێک پیاو هەبوو کە سەرەتا دوودڵ بوون پێش ئەوەی ببنە پشتیوان.
ئەمڕۆ هبە جەرادی ئەزموونەکەی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گەشتێکی درێژتر سەیر دەکات، ئیتر ئاواتەکەی ناوخۆیی نییە، بەڵکو ناوچەیی و جیهانییە و هیوادارە پڕۆژەی "عمار الأرض" "ئاوەدانکردنەوەی زەوی" لە دەرەوەی یەمەن فراوانتر بێت.