"ڕێحانەکان" ژنان لە چوار دیواری ماڵەوە بەرەو ئارامی و ناسنامەی خۆیان دەبەن

لە ناو جەرگەی سروشت و لەژێر سێبەری دارەکاندا، گروپێک لە ژنان کۆبوونەتەوە نەک تەنیا بۆ گەشت، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی ئەو ناسنامە و ئارامییەی کە زۆرجار لە جەنجاڵی ژیان و کاروباری ماڵەوەدا لێیان ون دەبێت، گروپی ڕێحانەکان دەرفەتێکە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەستە.

هەولێر

 

گروپێکی ژنان بەناوی "ڕێحانەکان" ماوەی حەوت مانگە دامەزراوەو ئامانجی کۆکردنەوەی ژنانە بۆ تێکەڵ بوون بە سروشت و گرنگیدان بە وەرزش و جەستەی خۆیان، هەروەها گروپەکە کاردەکات بۆ کاڵکردنەوەی ئەو وشە نەریتیانەی لەسەر ژنان هەن و لە تەمەنەکاندا دیاری دەکرێت، بۆ نموونە تەمەنێک هەیە ناوی لێندراوە "تەمەنی نائومێدی" کە ژنان بێهیوا دەکات لە ژیان و لە سوچێکی ماڵەوە دەیانهێڵێتەوە، بەڵام ڕێحانەکان ئەو ژنانە بە ژیان و سروشت ئاشت دەکاتەوەو هەر جارەو گەشت بۆ شوێنێک دەکەن و چالاکی وەرزشی و کولتووری ئەنجام دەدەن.

 

چیرۆکی ناوێک؛ لە ئاوێنەوە بۆ ڕاستی

پەخشان کاکە وەیس، دامەزرێنەری گروپی ڕێحانەکان، بە عەشقێکی زۆرەوە باس لە ئامانجی دروستکردنی ئەم گروپەی کردو وتی: ئێمە ویستمان دەرفەتێک بۆ ئەو ژنانە بڕەخسێنین کە هەمیشە لە ماڵەوەن و کەمتر دەرفەتی چوونە دەرەوە و کارکردنیان هەیە، تا بێنە دەرەوە و ئاورێک لە خۆیان بدەنەوە. لە ڕێگەی یۆگا و چالاکییە ڕۆحییەکانەوە، دەمانەوێت ئارامی بۆ دەروونیان بگەڕێنینەوە...

 

پەخشان چیرۆکی ناوی ڕێحانەکان بۆ سادەیی و جوانی ژنی کورد دەگەڕێنێتەوە و وتی: دوو پورم هەبوو بە ناوی ڕێحان و سەلمە. کاتێک سەلمە بۆ یەکەمجار لە گوندەوە دەچێتە شار و لە ئاوێنەیەکدا سەیری خۆی دەکات، وا دەزانێت خوشکەکەیەتی و دەڵێت: 'ڕێحان خوشکم تۆش هاتوویت بۆ شار؟ ئەم سادەییە و ئەم یەکەم بینینەی خۆ لە ئاوێنەدا، بوو بە ئیلهامی ناوی گرووپەکەمان؛ تا ژنان لێرەدا جارێکی تر خۆیان لە ئاوێنەی سروشتدا بدۆزنەوە.

 

ژنی تەندروست؛ نەوەی سەرکەوتوو

بۆ بەشداربووانی ئەم گروپە، ئەم گەشتانە تەنیا کات بەسەربردن نین. ڕووناک جەلیل محمەد، وەک بەشداربووێک ئاماژەی بە گرنگی سەربەخۆیی دەروونی ژنان کردو وتی: ئامانجمان ئەوەیە ژن لەسەر پێی خۆی بوەستێت و مێشکی ئارام بێت. چونکە ئافرەت پەروەردەکاری نەوەکانە، ئەگەر دایکێک لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە تەندروست بێت، دەتوانێت ئەندامێکی چالاک و سەرکەوتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات.

 

"تەمەن ڕێگر نییە لە هیوایەک بۆ ژیان"

لەیلا عەلی، کە یەکێکە لە ئەندامە دێرینەکانی گروپەکە، پەیامی نائومێد نەبوون دەگەیەنێت و وتی: لە ژیاندا ڕێگایەک نییە بۆ نائومێدی. تەمەن دێت و دەڕوات، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن دەژییت. من ئێستا خانەنشینم و نەوەشم هەیە، بەڵام دەبینم ژیان ئێستا خۆشترە لە جارانیش. لێرە فێربووم کە ژن لە هەر تەمەنێکدا بێت دەبێت چێژ لە ژیان وەربگرێت.

 

ژن؛ پارێزەری ناسنامەی کولتووری

کۆسرەت ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوەکە، جەختی لەسەر ڕۆڵی ژن لە پاراستنی کەلەپوور کردەوەو وتی: ژن تەنیا بەشداربوویەکی گەشتەکە نییە، بەڵکو هەڵگری ناسنامەی نەتەوەیەکە، ژن پارێزەری ناسنامەی کولتوورییە. لە ڕێگەی گۆرانی، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ و دەستڕەنگینییەوە، کلتوور لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازێتەوە. کاتێک ژنی کورد لە ناو سروشتدا هەڵدەپەڕێت و پێی لە زەوی دەدات، هەموو وزە نەرێنییەکانی جەستەی دەردەکات. جیهان ئێمە بە ئازایەتی و هەڵپەڕکێ دەناسێتەوە و ئەمەش بەشێکە لە چارەسەری ڕۆحی ئێمە.

 

ئەم گەشتانەی گرووپی ڕێحانەکان  بەردەوامییان دەبێت، تا هیچ ژنێک لە بیر نەکرێت و هەمووان پێکەوە لە ئاوێنەی سروشتدا، وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیان بدۆزنەوە.