ژنانی لیبیا جەخت لەسەر گرنگی بوونی ژنان لە تیمە مرۆییەکان دەکەنەوە
ئامادەبوونی ژنان لە کارە مرۆییەکاندا بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی، باشترکردنی کوالیتی وەڵامە مرۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئاڵۆزەکان، ژنان توانای پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی ناوازە و ئەزموونی بەنرخیان هەیەهندیە عاشبی لیبیا

هندیە عەشیبی
لیبیا- لەگەڵ ئەو قەیران و شەڕانەی کە لیبیا جارجارە تووشی دەبێت، ئەو کارەساتە سروشتییە جۆراوجۆرانەی کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کاری مرۆیی و لە چوارچێوەی تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ژنانی ڕزگاربوو بەپێی پێویستیەکانیان لە کاتی قەیرانەکەدا.
حەنین بوشوشە، پێشەنگی ڕێکخراوی نەوازی بۆ لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، وتی: بوونی ژنان لە کارە مرۆییەکاندا وەڵامدانەوەی خێرا لەکاتی قەیرانەکاندا بەرز دەکاتەوە، یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی کارە مرۆییەکان کە لەلایەن تیمە مرۆییەکانەوە دابین دەکرێن، ژنان لە قەیرانەکاندا باشتر دەتوانن لە پێداویستییەکانی خێزان و کۆمەڵگەکانیان تێبگەن، بۆیە زۆر گرنگە توانای پێشەنگایەتی ژنان بە تایبەتی لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی ژنان بەهێز بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری بڕیاردانی مرۆیی بکەن.
خولی پەروەردەی لەسەر بەشداری ژنان لە قەیرانەکاندا
لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە ژنانی لیبیا لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری لیبیا بەشدارییان لە خولێکی پەروەردەیدا کرد، سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە کاتی قەیرانەکاندا و ڕۆڵی ئەوان لە کاری مرۆیی ناوخۆییدا، ئامانجی خولەکە بەرزکردنەوەی تواناکانیان بوو لە کاتی قەیران و کارەساتی سروشتی جۆراوجۆردا.
حەنین بوشوشە، بەرپرسی ڕێکخراوی نەوازی، ڕێکخراوی ڕێکخستنی خولە پەرودددەییەکە، کە لە ٢٣ی حوزەیران دەستیپێکردووە و تا کۆتایی هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموز بەردەوامە، ڕوونیکردەوە، خولەکە چەندین تەوەری جیاواز لەخۆگرتبوو کە ناوەندی ژنان لە کاری مرۆیی و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ژنان لە کاتی کارەسات و قەیرانە سروشتییەکاندا بوون، ژمارەیەک ژن لە باکگراوند و پسپۆڕی جیاوازەوە لە شار و ناوچەکانی لیبیا بەشدارییان کرد، لەوانە کوفرە، تەبرق، بنغازی، سلوق، شحات، بەیزا.
ئامانجی خولەکە کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی بەشداربووان بوو لە شارە جیاوازەکانی لیبیا بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کارە مرۆییەکاندا، بەتایبەتی دوای کارەساتی دانیال لە ساڵی ٢٠٢٣ کە ژیانی هەزاران کەسی لێکەوتەوە و تەواوی شارەکانی خستە ناو دەریاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بەو کارەساتە و ئەو پێشێلکاریانەی کە لەو ماوەیەدا ڕوویانداوە، وۆرکشۆپێکمان سازکرد بۆ ئامادەکردنی خولێک بۆ کۆمەڵێک ڕاهێنەری ژن و پیاو، ئامانجی ئەم خولە هۆشیارکردنەوەیە لە گرنگی تێکەڵکردنی ژنان لە تیمەکانی کاری مرۆیی بۆ دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ژنان بە خێرایی لە کاتی قەیرانەکاندا، کاریگەری گەیاندنی کاری مرۆیی لەم جۆرە کارەسات و قەیرانانەدا بەرز دەکاتەوە.
قۆناغەکانی خولی پەروەردەی
خولەکە بەسەر دوو قۆناغدا دابەشکرابوو، قۆناغی یەکەم تایبەت بوو بە پێدانی زانیاری دەربارەی کاری مرۆیی، گرنگی ئامادەبوونی ژنان لە تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، پێداویستییەکانی ژنان لە کارەساتەکاندا، میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و منداڵان لە کاتی قەیرانەکاندا، چۆنیەتی خستنەڕوو و دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ژنان لە قەیرانەکاندا، میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی ڕزگاربوو، و پاڵپشتی دەروونی سەرەتایی.
قۆناغی دووەم بریتی بوو لە میکانیزمەکانی ئامادەکردنی ڕاهێنەری پیشەیی ناوخۆیی لە کارە مرۆییەکان و پەرەپێدانی تواناکانی بەشداربووان وەک ڕاهێنەر لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی وۆرکشۆپی پەروەردەی لە شارەکانیان، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە گرنگی بەشداری ژنان لە کاری مرۆیی لە ئاستێکی فراواندا، ئەمەش لە ڕێگەی چەندین شێوازی تایبەتەوە بەدەست هات، لەوانە چۆنیەتی دروستکردنی یارییەکانی خولی پەروەردەی، چۆنیەتی تێکەڵکردنی جیاوازییە ڕاگەزییەکان لە کەرەستەی پەروەردەیدا، کارامەیی دیکە بۆ شایستەکردنی کارمەندانی مرۆیی کە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کاریگەریان هەبێت لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
ژنان لە کاتی قەیرانەکاندا گەورەترین لایەنگری ڕەگەزەکەیانن
عەزیزە محەمەد، پزیشک و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی ژنانی لیبیا سەبارەت بە بەشداریکردنی لەم خولەدا کە یەکەمین خولە لە ڕۆژهەڵات و باشووری لیبیا،وتی: خولی پەروەردەیەکە یارمەتیدەر بووە بۆ تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی ژنان لەکاتی قەیران و کارەساتە سروشتییەکاندا، هەروەها میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و منداڵاندا و شێوازی هەڵسەنگاندنی پێداویستیەکانیان لەکاتی کارەساتە سروشتییەکاندا و دابینکردنی پێداویستییە دەروونی، خۆراکی، پزیشکی و تەندروستییەکانیان لەکاتی قەیراندا.
جەختیشی لە ڕۆڵی ژنان کردەوە لە کارە مرۆییەکاندا، بەو پێیەی ئەوان گەورەترین پاڵپشتی ژنانن لەکاتی قەیرانەکاندا، پەیوەندیکردن لەگەڵ ژنان لەکاتی قەیرانەکاندا زۆر ئاسانترە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ پیاوان، بەو پێیەی ژنان بەتەواوی ئاگاداری پێداویستییەکانی ژنان و منداڵان و خێزانەکانن لەکاتی قەیرانەکاندا، هەروەها باسی لە توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەرییە بەرچاوەکانیان لەسەر قەیرانەکە و کاردانەوەکانی، دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و پەروەردە، جگە لە زیادبوونی بەرکەوتنیان بە مەترسییەکانی توندوتیژی ڕەگەزی.
وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان لەکاتی قەیرانەکاندا
ئینتیسار عەمامی، کارمەندی کۆمەڵایەتی و یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان لەکاتی قەیرانەکاندا بابەتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستادا کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، ڕووبەڕووی چەندین کارەساتی سروشتی وەک کارەساتی دێرنە و شەڕی چەکداری دەبێتەوە، ئەو جەختی لەسەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە کاتی کارەسات و قەیرانەکاندا کردەوە، وتی: ژنان بەشێکی گرنگن لە دیاریکردنی پێداویستییەکان لە تیمەکانی کاری مرۆییدا.