زۆرلێکردنی خێزانەکان بۆ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا توندوتیژیەکان زیاد دەکات

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت و ترس لە وشەی "قەیرەبوون" وای لە خێزانەکان کردوە ژنانی گەنج بەزۆر بەشوو بدەن و دواتر ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ژنان هەمیشە بوونەتە قوربانی دەستی دابوونەریتی کۆن و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، بۆیە بەشێک لە خێزانەکان لە ترسی وشەی "قەیرە" و قسەی کۆمەڵگە، بە زۆر هاوسەرگیری بە ژنانی گەنج دەکەن بێ ئەوەی ژنان خۆیان ڕازی بن، بۆیە ئەمەش سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ژنان و دواتر حاڵەتی جیابوونەوەی بە دواوە دێت.

 

چیرۆکی ژنێکی گەنج کە قوربانی دەستی دابونەریتی خێزانەکەیەتی

پارێزەر شەیما فەرەیدون یەکێک لەو چیرۆکانە بۆ نوژنها دەگێڕێتەوە کە هۆکارەکەشی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا بووە، وەها دەڵێت: "ڕۆژێکیان لە کاتی دەوام کردنمدا تەلەفونێکم بۆ هات لە لایەن ژنێکی گەنجەوە و پێی وتم کە هانام بۆ تۆ هێناوە و دەمەوێت جیاببمەوە لە هاوژینەکەم، خێزانەکەشم هیچ پشتگیریم ناکەن هەرچەندە من لەسەر هەقم، دوای ئەوەی کەوتینە گفتوگۆ کردن، دەرکەوت کە ئەم ژنە گەنجە پێش تەمەنی یاسایی خۆی و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە زۆری خێزانەکەی ژیانی هاوژینی پێک هێناوە لەگەڵ پیاوێکدا کە تەمەنی زۆر لە تەمەنی ئەم ژنە گەنجە گەورەترە، خێزانەکەی وتوویانە با نەمێنێتەوە و قەیرە نەبێت و کۆمەڵگە قسەمان لەسەر نەکات، لەم نێوەنەدەدا ئەم ژنە گەنجە دەبێتە قوربانی قسەی کۆمەڵگە".

 

توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر دەکرێت

شەیما فەرەیدون درێژە بەچیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت: "ئەم ژنە گەنجە لەگەڵ پیاوێکی بە تەمەندا لە ماڵێکدا دەژین، دوای ماوەیەکی کەم لە ژیانی هاوژینیان پیاوەکە دەستدەکات بە ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بەرامبەر بەم ژنە گەنجە، ژیانی نەهامەتی و ناخۆشی ئەم ژنە گەنجە دەستپێدەکات، بۆیە بڕیار دەدات جیاببێتەوە، لەبەر ئەوەی ژیانێکی ئەوەندە ناخۆشی هەبوو، دەیوت ئەگەر خێزانەکەشم بەخێوم نەکەن ئامادەم لەسەر شەقامەکان بمێنمەوە، ئەگەر بشمرم بەس نەگەڕێتەوە بۆ لای هاوژینەکەی، چونکە ئەو ژیانەی کە تیایدا دەژیا مردنێکی لەسەرخۆ بوو.

 

دوای ئەوەی ئەم ژنە گەنجە داوای جیابوونەوەکەی برایە دادگا و بە چەندین دانیشتن لە هاوژینەکەی جیابوویەوە، بەبێ ڕەزامەند بوونی خێزانەکەی و لایەنی بەرامبەریشی بە جیابوونەوەکەی، بۆیە خێزانەکەی ئەم ژنە گەنجەیان نەگرتە خۆیان و ناچار ئێستا لەگەڵ ماڵی خوشکێکی ژیانێکی ئاسایی دەژی.

 

ئەم ژنە گەنجە لەبەر ئەوەی لە تەمەنێکی کەمدا و بە زۆری خێزانەکەی ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، ئێستا بێزارە لەوەی دووبارە ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت و دەڵێت من ئێستا کار دەکەم و پشتم بە خۆم بەستووە، بێگومان ئەمەش کاریگەری ئەو ژیانەیە کە پیایدا تێپەڕیوە".

 

"پێویستە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بۆ ڕێگە گرتن لە هاوسەرگیری پێشوەختە"

شەیما فەرەیدون ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکێکە لەو دەیان چیرۆکەی کە بە زۆری خێزانەکان و بەهۆی کەمی تەمەنەوە بۆ ژیانی هاوژینی ڕووبەڕووی جیابوونەوە دەبن، بەس لەبەرئەوەی نەبن بە قوربانی قسەی کۆمەڵگە دەکەونە ناو ئەو بارودۆخەوە، "داوا لە خێزانەکان دەکەم هیچ کات زۆر لە ژنانی گەنج نەکەن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بە تایبەتی لە تەمەنێکی کەمدا تەنها لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە قسەیان لەسەر نەکات و پێیان نەڵێت قەیرە بوون، چونکە دواتر کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی ژنان بەجێدەهێڵێت و لەوانەیە زۆر جار ببێتە هۆی خۆکوشتنی ژنان، وە پێویستە ژنان و خێزانەکان هۆشیار بکرێنەوە لە ڕێگەی ناوەندکانی خوێندن و پێشکەشکردنی سیمینار.